“زمان، ناسنامەو ڕەمزی مانەوەی گەلانە”
ساڵانە لەم کاتەدا و لە ڕۆژی جیھانی زمانی دایک، بابەت و دەقێکی نووسراوی زۆر دەبینین و خەسارەکانی نەڕەخساندنی ھەل بۆ خوێندن بە زمانی دایک لە خوێندنگاکان شیکردنەوەی تێرو تەسەلی بۆ دەکرێت بەڵام پێشکەوتنی ئەوتۆ لەو بوارەدا بەدی نەکراوە. یاسای ۱۵ی بنەڕەتی ئێران پرسی خوێندن بە زمانی دایک لە خوێندگاکان ڕوون دەکاتەوە کە ھەر خوێندکارێک مافی ئەوەی ھەیە لە خوێندنگاکان فێری خوێندنو نووسین بە زمانی دایک ببێت. ھەرچەند لەلایانی جێبەجێکار ئەم پرسە نەخراوەتە بواری جێبەجێکردن لێ ڕێخراوەکانو ڕووناکبیران دەتوانن لەم پێوەندیەدا تا ڕادەیەک کاریگەر بنو ڕۆڵی ئەرێنیان ھەبێت.
لە شاری بانە ھاوشێوەی چەندین شاری دیکە چالاکانی مەدەنیو ڕێخراوەکان بێخەم نەبوون لە پرسێکی گرنگی لەوشێوە و چەندین کتێبیان بۆ خوێندنی سەرەتایی دیزاینو لەچاپدا بەڵکو خوێندکاران (ئەگەر لە چەند خوێندنگاش بێت) بتوانن لەپاڵ زمانی فەرمیدا، بە زمانی دایکی بخوێننو بنووسن. زانست سەلماندوویەتی خوێندن بە چەند زمان یا زاڵبوون بەسەر چەند زمانی جیاواز، ئاستی وریایی دەباتە سەرەوە و مێشک چالاک دەکات.
بەپێی پێوەرە جیھانیەکان، ھەرکەس نەتوانێت بە زمانی دایکی بخوێنێتو بنووسێت نەخویندەوار ئەژمار دەکرێت بۆیە بە مەبەستی زیندوو ھێشتنەوەی زمانی زگماکیو دەرباز بوون لە نەخوێندەواری بە زمانی دایکی، شیاوترە ڕێخراوەکان و نووسەران و ڕۆشنبیران دەستەوەستان نەمێنن؛ یارمەتیدەر بن لە چاپی پەرتووک بە زمانی کوردی، خولەکانی خوێندنو نووسین بە زمانی کوردی پەرە پێ بدەن و سەردانی ناوەندەکانی وەک خوێندنگاکان و باخچەی منداڵان بکەن بۆ ڕامیاری ڕاھێنەرانی منداڵانی ساوا، کە ھەر لەو تەمەنەوە وشەی دایکی بناسن. بۆ نموونە لە ھەندێک باخچەی منداڵان ڕاھێنەران فێری منداڵان دەکەن پێیان بڵێن (عمه یا خاله) کە وشەیەکی عەرەبیە و تەنانەت فارسیش نیە.
لە چەند پارێزگای کوردزبانو لە باکووری خوراسان کە کورد بوونی ھەیە بواری خوێندن بە زمانی کوردی نەڕەخساوە و لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی قسەکردن بە کوردی لەو پارێزگایانە دابەزیوە. ھەر لەم بوارەدا پەڕلەمانتارانی شارە کوردیەکانی قوروە، مەھاباد، دێگوڵان لە نامەیەکدا کە ئاراستەی وەزیری زانستو پەروەردە (علوم و آموزشو پرورش) کرد ڕەخنەیان گرت کە یاسای ۱۵ی بنەڕەتی ئێران لەسەر زمانی دایکی نەخراوەتە بواری جێبەجێکردن.
زمانی کوردی یەکێک لە زمانە دەوڵەمەندەکانی جیھانە کە چەندین زاراوەی جیاوازی دەوڵەمەندی دیکەی لێ دەبێتەوە وەک: کورمانجی سەروو و خواروو، زازا، سۆرانی، ھەرکی، لەکی، لۆڕی، ھۆرامی، موکریانی، کەلھوڕی و ..ھتد کە بەھۆی دەوڵەمەندیەوە دەبینین وشەکانی دوای ھەندێک ئاڵووگۆڕ لە زمانێکی دیکەدا خۆی دەبینێتەوە. لاوازبوونی زمانی کوردی یا ھەرکام لە زمان و زاراوەکانیکە دەبێتە خەسارێک لە جەستەی پێکھاتەی گەلان کەواتە ھاوکات لەگەڵ گرنگیدان بە سەرجەم زمانەکان، ھەوڵ بۆ بەھێزکردنی زمانی دایکی بدرێت چونکە زمان ناسنامەی ھەر گەلێکەو گرەنتیو ڕەمزی مانەوەیان.
بنکەی گەشەی فەرهەنگی بانە ـ ئاشتی

دیدگاهتان را بنویسید