آشتی
درباره ما

درباره ما

ئاشتی - بنیاد توسعه فرهنگی بانه سازمانی غير انتفاعي و غير دولتي و مردمی بوده که در راستای ارتقای سطح فرهنگی و گسترش آن فعالیت مینماید. بر این اساس ما جمعی از شهروندان شهرستان بانه بر آن شدیم که با تأسیس یک نهاد مدنی که به طور خاص رویکردی فرهنگی دارد، تلاش نماییم که مسایل و مشکلاتی را که گریبانگیر شهر و دیارمان شده است از صافی عقل جمعی عبور داده و با همت مسئولانه خویش در صدد حل آنها و ارائه راهکارهی لازم برآییم. لذا بر خود لازم دانستیم که در این برهه زمانی، ضمن احساس مسئولیت مدنی، سایر…[ادامه]

درباره ما
خواندم !

 ھەڵەبجە و داستانێکی تڕاژیدیای چەنپاتەیی

نوشته شده توسط در تاریخ ۱۳۹۵-۱۲-۱۴ 2,053 بازدید

دەمەو بەیانێکی دەمەو بەھار، سپیەی سەحەرێ، لەپشت پەنجەرە دارینەی ژوورەکەمەوە ڕوانیمە دەرێ؛ زۆر ئاسایی وەدەرکەوتم. وێڵی وێڵ، بەشوێن پاروە نانێکا. لە نێو دەور و زەمانێکا، کە فیتنەی جەنگ ئۆقرەی لە ھەموان بڕیبوو. شارەکەم لە سەرماو تەڕوتووشی و وەیشوومەی چەندین زستانی شەڕ تێپەڕیبوو. بەڵام ئێستاش لەدەست فیتنەو وەیشوومی جەنگ ھەراسان بوو. وێچوونی جەنگێکی بێکۆتایی. شەڕێک کە بەردەرگای بە ھەموان گرتبوو. بەرداوامی چەن ساڵەی شەڕی ئێران، عێراق؛ تەنگی بە ھەموان ھەڵچنیبوو. جەنگ و برسیەتی و بێکاری، سازگارییەکی بە ناچاری.

ئەو ڕۆژەش، وەک دوێنێکان بوو. ڕۆژێکی وەک ھەموو ئەو ڕۆژانەی پێشوو. ھەر بە چەشنی ئەو ڕۆژانەی لەخەو ڕائەپەڕیم. نیمە ئاگا و نیو خەواڵو، ڕێئەکەوتم بەرەو توێشوو. کێ چووزانێ ژیانێکی ھەرڕۆژەیی؛ تا ساتێکیتر ئەمانباتەوە نێوان جەرگەی، تڕاژیدیای داستانێکی کۆمەڵکوژی چەنپاتەیی.

ھەرچەن زۆر لەمێژبوو لەشەڕدابوین، زۆر ئاسایی بە نەبوونی و قاتوقڕی و دەربەدەری ڕاھاتبووین. دەنگی تەقەی تۆپ و گوللە بە گوێکانمان ئاشنابوون. کێ چووزانێ، چڕەچەمان و باھۆزێکی تۆقێنەرتر وابەڕێوە؟! کێ دەیزانی ڕەنگی ئاڵ و گەش و جوانی کێو و ھەرد و دەشت و دەمەنی ئەو نێوە، بە ڕشانەوەی قینی دوژمن، ساتێکیتر، کورتە کاتێکیتر، تەم و غوباری دایدەگرێ! کێ دەیزانی بەو گڕپێچەی وابەڕێوە، ھەڵەبجەمان نوقمی دووکەڵ، بەیەکجاری دەخنکێت و پشکۆی ژیان دادەمرێ! ئاخر خۆ گوڵان تازە واخەریکن سەریان لە نێو مێرخوزاران دەردەھێنن. خۆ کەو و ئاسک و کەژاڵەکان تازە واخەریکن بە ھاواری(مژدە، مژدە، بەھارێکی خۆش وا بەڕیوە) مزگێنیمان بۆ دەھێنن. کێ دەیزانی؟! کێدەیزانی لە کۆڵان و لە نێو ماڵ و لە نشێو و ھەرد و پاڵی ئەم نێوە، ئەوەی کە ساتێکی تر بەری گەرو و ھەناسەکان بەربەست ئەکا، شارەکەمان قۆرغ ئەکاو ژیانەکان دەتارێنێ، تەمی خەردەل ، بۆنی سێوە؟!

لەناکاودا ئاسمانەکان بە توێیەکی گازی خەردەل ڕەنگیان گۆرا. ئاخ کە ژیانی مە چ کارەساتێکە! گوزەرانی تاڵی ئێمە بەسەرھاتێکە، زۆر لەمەوپێش لە چیرۆکاندا نووسراوە. فلیمی حیکایەتی ژینی ئێمە شریتێکە بێبڕانەوە و بێکۆتایی؛ سەرەتاکەی کەڤنارایەو پشتاوپشت و نەسل و نەسەب، ھەربینراوە و ئێستاش ماوە. ئەو ڕۆژەش ھەر، وەک دوێنێ بوو. ڕۆژێکی وەک ڕۆژانی پێشوو. کەچی لەپڕ، لە شێوازی جاران دەرچوو. «جەنگی دووکەڵ»؛ دووکەڵێکی پیس و ژەنگن. من ھەتا ئەو کاتەی نەمدەزانی کە ئەو جەللادە ھێند چەپەڵە کە ئەتوانێ دووکەڵی خەردەلیشمان بەگژدا کا. نەمدەزانی کەدووکەڵیش وەک کەرەستەی جەنگ بەکاردێنن. نەمدەزانی کە دوژمنان و ناحەزان ھەر ئەورۆژە،  قێنێکی دوکەڵاوی دەخوڵقێنن. کێ دەیزانی کە دڵێکی ڕەقھەڵاتوو، دڵ و جەستەی نەرم و ناسکی وڵاتەکەم دەداتە بەر گوللەی قینی. بەڵام ھەیھوووووو! ھەر ئەو ڕۆژە ئەوەی بەخەو لێدەترسام، بەچاو بینی.

ئێستا ئیتر من نازانم ئازارەکان چۆن وەخوێنم، بۆ کێی باسکەم. ھاوار ھاوار بۆ ئەو ھەموو نازدارانە، وەرن ڕێکەون بۆ دیتنی شانۆی نفرەت، وەرن تەماشا کەن، ئیدی چی ما. ھەڵەبجەی بووکی شارەزووریان کردووە بە ھێرۆشیما. ھەڕەشەی ئەو غەددارە ئاخرەکەی بوو بە ئاگرو ئاسن، شارەکەم بوو بە کانگای تاقیکاری بۆمبای دوژمن.

لە شەقام و کۆلانەکانی ھەڵەبجەکەم، خوێن و دووکەڵ ئاوێتە بوون. سات و کاتەکانمان لەباری عادەتی دەرچوون. زەمان وەستا. مێھەنگی سەعاتەکان قەتیس مابوون. کات و زەمان مانای خۆیان لەدەست دابوو. فریا نەکەوتین تێبگەین، کە خەریکە چی دەقەومێ. ھەر جەستەبوون تێکەڵ خێڵی نەمان دەبوون. دووکەڵی خەستی خەردەل کەژ و کێوەکانیشی داگرت. ھەرەوەزێک بەرەو نەمان؛ کەس دەرنەچوو! ئەوەی دەرچوو ڕۆح و گیان بوون کە ئەفڕین بەرەو ئاسمان؛ گشت رۆحەکان تۆراو و دوور لە جەستەبوون. ئێستا ئیتر کەس نەمابوو بمرێ! ئێستا ئیتر کەس نەمابوو بە دەسماڵی مێھرەبانی، ئەسرینی دایکەکان بسڕێ! ئێستا ئیتر شاخە بەرزەکانی ھەورامانیش خۆتناگرێ. لە سەوزایی چیای «سەرام»یشدا کەس ناتوانێ ئارام بگرێ! دەستە دەستە خێڵی رۆحەو شەپۆل دەدەن بەرەو ئاسمان! ھێندە زۆرن، لەوێش جێیان نابێتەوە! ئەمڕۆ لێرە دەستەکان لە جەستەکان جیابوونەوە؛ قاچێک نەماوە خۆی باتە ژێر قورسایی جەستەکانمان؛ دەست و پاکان بوون بە باڵ و بەرەو سنگی ئاسمان دەفڕن! ئاسمانی وڵاتەکەم ھەموو تەمە، داخۆ ئاسمانی ھەموو جیھان ھەر ئاوا بێ؟ ڕەنجی لەمێژینەی ئێمە بە فەنا چوو، ئاخۆ ڕەنجی ھەموو دونیا ھەر بەبا بێ؟

بۆ کوێ ئەچێ ئەو غەددارە؟! ڕۆژمان ھەردێ. ئەبێ پێت دەور بکەینەوە کە تۆ چیتکرد. تۆ چیت نەکرد؟! مێژوو لەبیر ناچێتەوە. ھا ئەو کاتەی، لە ١٩٨٨ ی زایینی دا، لە فوڕیەوە تاکوو سێبتامبڕ، تەنھا لە حەوت مانگدا، پتر لە ۴٢٠٠ گوندت خاپوور کردین؟! ئێستا ئێتر گۆڕە بەکۆمەڵەکانت ھاوار ئەکەن. ئێستاش گوێچەکانی مێژوومان بە دەنگ و ھاوارەکانی ئەوکاتەی دەزرینگێنەوە. زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠ژن و پیاو و پیر و لاو و منداڵی بێتاوانت بە لووتی لۆدێر و بۆلدزێرەکان بەزیندوویی خستە ژێر خاک. ٩٠ لە سەدی گوندەکان و ٢٠ لە سەدی شارەکانی ئێمەی کوردت لەسەر نەخشە سڕییەوە. ١۵ ملوێن نوغمت داچاند. نیشتەجێیی زۆرەملیت لە ئۆردوگا جەنگیەکاندا بەسەر زۆرتر لە پێنج ملوێن کورددا سەپاند. ١٠ لە سەدی کوردەکانی باشوورت فەوتاند.

ئاخ ئەی تاقمی پووچی بەعسی. ئاخ ئەی مرۆڤی نامرۆڤ. وا ئەمجارەش بە ئاشکرا کاکڵ و ناوەڕۆکی ناحەزو  قێزەونی خۆتت زڕاند. پتر لە پێنج ھەزار مێشکت پژاند، دڵت تۆقاند. زیاتر لە دەھەزار دەستت شکاند، لاقت پەڕاند. وا ئەمجاریش گشت ڕێساکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیت پێشێل کرد و  یاسات بەزاند. وا ئەمجاریش جارێکیتر ئەنفالت کرد. جارێکیکەش خۆت کردەوە یەکەم تاوانباری کۆمەڵکوژی و ژێنۆسایدی نەتەوەی کورد.

بەڵام زاڵم ئەڵێی تۆ زۆر بێخەبەری؟! سەردەمی کەسانێکی وەک تۆ نەما. ئەبێ بڕۆی. ئەو ڕۆژە ڕۆشت کە بتوانی، تاوانەکانت وەشاری. ئێستا ئێتر سەردەمێکی جیھانییە. گوێچکەکانی ھەموو دونیا قوت بوونەوە. چاوەکانی ھەموو جیھان زەق بوونەوە. قڕ کردنی ئەمجارەی کورد، تەنیا دڵی ئێمەی نەشکاند. دەنگ و باسی جینایەت و کوشتاری بێبەزەییت لە ھەڵەبجەم، شاشەکانی دونیای تەقاند، دڵی ھەموو دونیای ھەژاند.

ئەرێ زاڵم، سووڕی مێژوو تەنیا بەمەیلی تۆ نابێ. ڕۆژی ئەوە ھاتووە کۆشکەکانت وەکوو ھەموو ئەو خانووە گڵینانەی کە خاپوورت کردن تێک بڕووخێن. ئەو ڕۆژەدێت لە دادگای عەدڵی مرۆڤ، من پێت بڵێم، ھەستە ھەستە جواب بەرەوە. دەورێکی سناریۆی قڕکردن و ژان و دەرد و دەربەدەری مرۆڤەکان بکەرەوە.

ئەوە یاسایەکە بێ یەک و دوو. ئەو ڕۆژە دێ! مێھرەجانی شانۆی عەدڵ سەرھەڵدێنێ. ئەو ڕۆژە من باڵ لێکدەدەم لێکدا لێکدا.  مژدە دەبەم بۆ گشت جیھان، بۆ ھەموو لا. ھاوار دەکەم،  مرۆڤ وەرن گوێ ڕادێرن. ئەمڕۆ ڕۆژی ھەموومانە. ئەمڕۆ ڕۆژی دژی، تاوانی ژێنۆساید و و کۆمەڵکوژی نەتەوەیەک حوکم دانە.

ئەوە یاسایەکە بێ یەک ودوو ئەو ڕۆژە دێ. داھاتوومان دەیسەلمێنێ. ھەموو خەون و خەیاڵێکمان سەرھەڵدێنێ. ھەموو خەون و خەیاڵێکمان سەرھەڵدێنێ

– پاتە = دوبارە ، چەنپاتە(زیاد  یا چند بارتکرار شدن)

– ئۆقرە = آرامش

– وەیشووم، وەیشوومە = فتنە، مصیبت، فتنەانگیز

– وێچوون = شبیە

– تەنگی بە ھەموان ھەڵچنیبوو = ھمە را تحت فشار قرار دادە بود

– توێشوو = توشە

– تڕاژیدیا = خەمناک، بەسەرھاتی دڵھەژێن(داستان غمناک)

– گڕپێچ = گردباد، طوفان سھمگین

– مێرخوزار = مرغزار، سبزەزار

– مزگێنی = مژدە

– پاڵ = داوێنی کێو(دامنە کوە)

– قۆرغ = ممنوع

– توێ = لایە

– چڕەچەمان و باھۆز = دودغلیظ ، گردباد، کولاک

– کەڤنارا = باستانی، قدیمی

– ھەرەوەز = بە کۆمەڵ (دستەجمعی)

– غەددار = ظالم و ستمگر

– قێزەون = زشت، چیزی کە حال آدم را به هم بزند

THOUSANDS OF PEOPLE ACROSS NORTHERN IRAQ YESTERDAY MARKED THE 26TH ANNIVERSARY OF FORMER IRAQI DICTATOR SADDAM HUSSEIN’S DEADLY CHEMICAL ATTACK ON THE KURDISH TOWN OF HALABJA BY OBSERVING A FIVE – MINUTE MOMENT OF SILENCE

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *