آشتی
درباره ما

درباره ما

ئاشتی - بنیاد توسعه فرهنگی بانه سازمانی غير انتفاعي و غير دولتي و مردمی بوده که در راستای ارتقای سطح فرهنگی و گسترش آن فعالیت مینماید. بر این اساس ما جمعی از شهروندان شهرستان بانه بر آن شدیم که با تأسیس یک نهاد مدنی که به طور خاص رویکردی فرهنگی دارد، تلاش نماییم که مسایل و مشکلاتی را که گریبانگیر شهر و دیارمان شده است از صافی عقل جمعی عبور داده و با همت مسئولانه خویش در صدد حل آنها و ارائه راهکارهی لازم برآییم. لذا بر خود لازم دانستیم که در این برهه زمانی، ضمن احساس مسئولیت مدنی، سایر…[ادامه]

درباره ما
خواندم !

باسێک لە سەر مێژوی خێڵە کوردەکانی گوندی قوڕوچاوی بانە

نوشته شده توسط در تاریخ ۱۴۰۲-۰۷-۰۳ 278 بازدید

ـ ئاوڕدانەوەیەک لە مێژوو
(باسێک لە سەر مێژوی خێڵە کوردەکانی گوندی قوڕوچاوی بانە، سەربە هۆزەکانی شاوەیس، لەباشووری کوردستان لە بناری شارەزوور)

گوندی “قوڕوچاو” سەر بە شاری بانە، هەڵکەوتوو لە ڕۆژهەڵاتی شاری بانە، لەبناری کەلی خان.

ـ لە باکوورەوە، بە چیا بەرزەکانی وەزەنێ، هەوارەبەرزە، گوارەبێخێرە
ـ لە باشورەوە، بە ئاوایی سونج و باریکە جادەیەیەک کە ڕووسەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی سازیان کردووە.
ـ لە ڕۆژهەڵاتەوە، بە چیا بەرزەکەی کەلی خان و چاوگە دێرینەکەی قەراخ یەکەم جادەی ڕووسەکان(قاوەخانە دێرینەکەی عەزەتورکە)
ـ لە ڕۆژئاواوە، هاوسنوورە لەگەڵ شارەدێی سەبەتڵوو.

بەهۆی ئەوەوە کە بەرزایەکانی کێوی وەزەنێ و هەوارەبەرزە، قوڕوچاویان لە ئامێز گرتووە، خاوەن ئاوێکی زۆرە و داپۆشراوە بەهەڵز و کەما و، بۆتە لەوەڕگەیەکی پڕ پیت و بەرەکەت، بۆ ئاژەڵداری.
ئەو ئاواییە، زۆربەی ژیانیان سەرقاڵ بوون بەکشت وکاڵ و بە تایبەت لە ئاژەڵداریدا، لە پلەی یەکەمدا بوون.
بەڵام ئەو پرسیارە دێتە پێش کە ئایەکوو، ئەو خێڵە کوردە لەکوێوە هاتوون و هۆی گیرسانەوەیان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟

لە سەردەمی شەڕەکانی یەکەم و دووهەمی جیهانی، لە بناری شارەزوور و ناوچەکانی دەوروبەری، بەهۆی ئەوە کە کاروپیشەیان ئاژەڵداری بووە، گەرمێن وکوێستانیان کردووە. لە وەرزی بەهاردا، مەڕوماڵاتیان کۆچاندووە بەرەو چیا بەرزەکانی مەریوان، بانە، سەقز، دیواندەرە و… بۆ لەوەڕگەکانی کوێستانەلی وەک نەکەرۆز، چلچەمە، شاهۆ، پیرەومەران، قەبەغڵووجە، کێلەشین، مێرگەنەخشێنە و کەلی خان و، بە ناو هەوارگە بەنێوبانگەکانی وەک: محمودشایەر، گوڵ زەرد، پیربیاخ، هەوارمێشاوی، دێمی شەریف بەگ و دۆڵەرەش، بڵاو بوونەتەوە.
پاش کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان لەکاتی سەرماوسۆڵدا و، دوای تەواوبوونی وەرزی پائیز، گەڕاونەتەوە بەرەو بناری شارەزوور و بەو شێوە دایم لە گەرمێن و کوێستاندا بوون. لەو سەردەمەدا سنوور نەبوو، یاکوو سنوورەکان کراوە بوون و، لە لایەن دەسەڵاتەکانی ئێران و عێراقەوە چاوەدێری نەدەکران و بۆ ئەو گەرمێن و کوێستانە، هیچ ئاستەنگێک نەبوو.
ئەم کۆچ و گەڕۆکیی و، گەرمێن وکوێستانە، ببووە پیشەی هەمیشەییان و، تەنانەت وای لێدەهات کە زۆر ساڵ، لە زستاندا نەدەرۆشتنەوە بەرەو بناری گەرمیان و، هەر لە ئاواییەکانی وەک: پیرەومەران، قەبەغڵووجە، کێلەشین، مێرگەنەخشینە و قوڕوچاو، نیشتەجێ دەبوون.

ـ کوردانی قوڕوچاو نێوانیان لەگەڵ خەڵک و ئاواییەکانی دەوروبەر، لە ئاستێکی بەرزدابووە و، ڕۆژبەڕۆژ پێوندییەکانیان لە بوواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی، لە گەشەسەندندا بوو و، بە ڕادەیەک کە ژن و ژنخوازی و هاوسەرگیری لە نیویاندا، پەرەی سەند و، خزمایەتی و میوان دۆستی و میوانداری و مێهرەبانی یەکێک لە نەریتە جوانەکانیان بوو.
هەڵبەت هەر ئەو گەرمێن و کویستان و ڕابوردووی نیشتەجێ نەبوونیان لە شوێنێک، کە وەک نەریتێک بۆیان مابۆوە، ببووە هۆکارێک بۆ لاوازی لە بوواری فەرهەنگی و لەنێو ئاوایەکەدا، خەبەرێک لە مزگەوت و مەلا و مەکتەب و تەنانت قەبرستان نەبوو. مردوەکانیان زۆر لە مێژە هەتاکوو ئیستاش، لە قەبرستانەکەی ئاوایی سەبەتڵوو بەخاک ئەسپێرن. لەشۆرشی ساڵی ۵٧ ی هەتاوی بەم لاوە، مزگەوتێکێ بچکۆلانە و بێ مەلا دروست کرابوو، کە هەمووکات چۆڵ بوو. هەرچەن تەواوی خەڵکەکەی بە ژن و پیاوەوە پابەندی، نویژ و رۆژو و عیبادەت بوون.

تایبەتمەندییەک لەتەوەری وتوویژەکانیاندا بە دیدەکرا کە لە پیش وشەو دوا وشەیان، پێشگر یان پاشگر(پسوند، یا پیشوند)ێکیان بە ناوەکان دەبەخشی، وەک لالەحەمە، سەعەلالە، لالەعەزە و…
زۆرێک لەوان، لە جێی دوورەوە هاتبوون و لە قوڕوچاو ژنیان هینابوو و بەو هۆیەوە لەوێ مابوونەوە و سەقامگیر ببوون. وەک: خۆالیخۆشبووان، حەسەنەدۆمە لە بنەخۆی، دەروێش ساڵەح لە سیوچ، حەسەنە گۆڵێ لە باوەسێن، میرزا حسەین حاجی قادر و، ڕەحمانی میرزا ئەحمەد و، مامە عەبەی حەمەخان لەسەبەتڵوو.
ئاستی ئابووریان بە ڕادەیەکی باش جیا لە کشتوکاڵ، لە ئاژەڵداری و کڕێن وفرۆشتنی مەڕوماڵات، لە قەوارەی بازرگانیە گەورەکانی، سلێمانی و تاران، بە هاوبەشی خەڵکی سەبەتڵوو دەنگی دابۆوە. ئەو تایبەتمەندییە بازرگانییە، هەتا ئێستاش هەر ماوەو، لەشاری بانەو لە مەکۆ بازرگانیەکان قسەی یەکەم دەکەن و، زۆریان، خاوەنی پاساژ و بنکەی بازرگانی گەورەن.
ـ لەبنەرت دا، سەرۆک هۆزی قوڕوچاویەکان خوالێخۆشبوو عەزە شاوەیس بووە. پیاوێکێ دەوڵەمەند و ڕەوشت بەرز و باوەڕپێکراو و خۆشەویست لە نێو خەڵکدا.
قوڕوچاویەکان لە نێویەکدا، یەک گرتووبوون. هەرکات لە لایەنێکەوە هەستیان بە مەترسی یاکوو هێرش بکردایە، یەک دەنگ بوون و داکۆکیان لەیەکدی دەکرد.

gafowr salehi, [⁨۲۳⁩ سپتامبر ⁨۲۰۲۳⁩، در ⁨۰۹:۱۰⁩]
ـ یەک لە گەورە حەکیمانی سەبەتڵوو، خوالێخۆشبوو میرزا ئەحمەدی حەکیم بوو، کە بەهۆی هەلومەرجی ئەو سەردەمە، لە سەبەتڵوو کۆچ دەکات بەرەو گەورکایەتی سەقز و لە ئاوایی خاپورەدێ، نیشتەجێ دەبی وبەکاری حەکیمی لەو ناوچەدا لە خزمەت زامداران ولێقەوماوان دا دەبێ. ئەو حەکیمە، پاش ماوەیەک ئەگەڕێتەوە بۆ بانە و لە ئاوایی قوڕوچاو جێگیر دەبێت. پیاوێکی شاعیر و شارەزا بە شێعرەکانی سەعدی شیرازی وگوڵستان و بۆستان، کە توانیویەتی تا ڕادەیەکی باش، لەسەر کولتووری و فەرهەنگی ئەو گوندە، کاریگەری دانێت.

ـ داڕووخان و هەرەسی زبەلاحی ڕنووی بەفر بەسەر ئاوایی قوڕوچاودا:
لە یەکێک لەساڵانی بیستەکانی هەتاوی، کارەساتێکێ گەلێ دڵتەزێن لە قوڕوچاو ڕویداوە. ئەو ساڵە، بەهۆی بارینی بەفرێکێ زۆر، هەرەس گشت ئاوایی قوڕوچاوی داپۆشی، بەجۆرێک کە هیچ ماڵێک لە زەبری ئەو کارەساتە بێبەش نەبوو. بە ڕوودانی ئەو کارەساتە، دوو کەس بەناوەکانی حسەین مام عەزیز و دەروێش حەمەی
کەریمەکوردە، هانایان برد بۆ سەبەتڵوو، کە فریای ئاوایی قوڕوچاو کەون. خەڵکانی ئاوایی سەبەتڵوو و، ئاواییەکانی بنەخوێ، بەلوە، سونج و سەرسونج، بەرەو شوێنی کارەساتەکە وەڕێکەوتن. مامەڕەحەی سونج(پاڵەوانەکەی کەلی خان)، بەخۆی و گرووپە یارمەتیدەرکەیەوە، هاتن بە هانای لێقەوماوانی قوڕوچاو و زۆر شێرانە، زۆربەی خەڵکی ئەو گوندەیان لە مەرگ و نەمان ڕزگار کرد.

بەڵی، ئەوکاتیش، یەکیەتی و هاوسۆزی لەنێو کوردان دا، حیماسەتی خوڵقاند. ئەو بەهاناوەچوون و فریاکەوتنەی کە هەتا ئێستاش، وەک نەریتێک ماوەتەوەو، بۆتە هەوینی مروڤدۆستی وخۆشەویستی له نێو کۆمەڵگەی کوردەواریدا.

نووسەر، حەمید ڕفاعی

برچسب ها : ، ، ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *