ئەو هونەرمەندەی کوردستانی کردە نیشتمانی مۆسیقا حەسەن کامکار
ئەو هونەرمەندەی کوردستانی کردە نیشتمانی مۆسیقا
حەسەن کامکار
سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابڕدوو، پیاوێکی گەنج لە شاری
سنە بۆ ئەوەی مۆسیقا و ئاوازی کوردی ببوژێنێتەوە. سەری بە دەرگای هەموو مالێکدا دەکرد کە ئەگەر منداڵێک یان دەنگخۆشێکیان هەیە بینێرنە لای.
ـــ زۆر نابات ئەم پیاوە دەبێتە مەدرەسەیەکی بەناوبانگ و دەیان دەنگخۆش و هونەرمەندی گومناو لەخۆی کۆدەکاتەوە. ئەو پیاوەیش حەسەن کامکار بوو،باوکی کامکارەکان.
ـــ کەم گۆرانییبێژ و هونەرمەندی بەناوبانگی رۆژهەڵات هەیە کە ئەگەر بۆ رۆژێکیش بووە شاگردی بەردەست حەسەن کامکار نەبووبێ.
ــ ساڵی ۱۹۲۳لە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە
ـــ سەرەتا بە حەسەنە سوور ناوبراوە، پاشان نازناوی کامکار دەبڕێ بەسەر بنەماڵەکەیدا.
ـــ دەوترێ هەر لە منداڵییەوە بەهرەی مۆسیقازانی تێدا دەرکەوتووە، بەڵام ئەوکاتانە کوردستان هیچ ناوەندێکی مۆسیقیی تێدا نەبووە.
ـــ لە تەمەنی ۱۳ساڵاندا حەسەن کامکار دەچێتە مەدرەسەی سەربازیی تا لەوێ فێری مۆسیقا ببێ چونکە لەو کاتەدا تەنیا مەدرەسەی سەربازیی ئامێرەکانی مۆسیقای تێدابووە.
ـــ حەسەن کامکار وەک تکاکردن لە خەڵک بانگێشتیان دەکات تا ئاوازی کوردی گەشە پێبدەن و لە فەوتان بیپارێزن.
ـــ سەرەڕای فێرکردنی ئامێرەکانی مۆسیقا، توانیویەتی ۴٠٠ میلۆدی و ئاوازی کوردی بە نۆتە بنووسێتەوە. کە ئەمە بە یەکێک لە بەنرخترین کارەکانی دەژمێردرێ،
ـــ حەسەن کامکار چونکە بۆ خۆی لە مەدرەسەیەکی سەربازییەوە فێری مۆسیقابووە، دەوترێ خاوەن دیسپلینێکی سەیربووە لە پێگەیاندنی هونەرمەندانا.ئەو، هەموو ئامێرە ئێرانییەکان وەک سەنتوور، تار، سێ تار و کەمانچەی بە بێ مامۆستا فێر بوو هەر وەها دەیتوانی بە ئاسانی ئەم ئامێرانە کۆک بکات. حەسەن کامکار لە ساڵی ۱۳۴۰ یەکەم “فێرگەی هونەری مۆسیقای کوردستان” ی بە هاوکاری وەزارەتی فەرهەنگی ئەوسەردەمە دامەزراند و لە ساڵەکانی ۱۳۴۶تا۱۳۴۷ توانی چوار گرووپی مۆسیقا بخاتە ڕێ کە گرووپێکیان بۆ ژنان و گرووپێکیش بۆمناڵان بوو.حەسەن کامکار بە یەکێک لە خزمەتکارە هەرە بەناوبانگەکانی کورد لە سەدەی بیستدا دادەنرێت.
تاقە کچ و حەوت کوڕەکەی (گروپی کامکارەکان)بوونەتە بە ناوبانگترین گروپی مۆسیقا و گۆرانیی لە تەواوی جیهاندا.
۲۴ی گوڵانی ساڵی ۱۹۹۲ حەسەن کامکار لە تەمەنی ۶۹ساڵیدا
کۆچی دوایی دەکات و ناوی خۆی و بەرهەمەکانی و گروپێکی بە ناوبانگی جیهانی لە لاپەڕەکانی مێژووی پڕ لە شانازی گەلەکەی تۆمار دەکات .
ئامادەکاری دەق .مەنسور ئەمین نژاد
سەرچاوەکان .jamekurd.zayele. kurdepedia
دیدگاهتان را بنویسید