شانۆی”ئاژەڵ” بەرهەمی زەحمەت و ماندووبوونی “گرووپی هونەری هیوا”یە لە شاری بانە.

👁 شانۆ ئاوێنەی نیشاندەری ژیانی کۆمەڵگایە. شانۆ ئەو پەنجەرە داخراوەیە، کە دەکرێتەوە بە ڕووی چاو و زەین و ڕۆح و عەقڵی تاک و کۆمەڵگادا. شانۆ ئەو پەنجەیە، کە بوێرانە پەردەو دەمامکەکان، لەسەر دیاردەو ڕووداوەکان لا دەداو، ڕاستییەکان پێشکەش بە بینەران دەکات.

👁 “شانۆی ئاژەڵ”، لە نووسین و دەرهێنانی هونەرمەندی بە ئەزموونی شارەکەمان، “فەرزاد حەسەن میرزایی”، هاتە مەیدانەوەو دیاردەیەکی خستەڕوو کە زۆربەی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوین بەگشتی و کۆمەڵگای کوردەواری بەتایبەتی، بە ترس وخۆفەوە حەز بە شاردنەوەی دەکەن.

👁 فەرزاد ح م، خاوەنی ئەو بەرهەمە دەڵێ: “ئاژەڵ”، نمایشێکە بۆ بەرنگاربوونەوەی توند و تیژی دژی ژنان” دووایی بەم شێوە ناوەڕۆکی بەرهەمە هونەرییەکەی پێناسە دەکات: “شەرمەزار کردنی دیاردەی ناشرینی ژن کوژی، لەژێر ناوی نامووس و شەرەف” و، پێی وایە: “ئاژەڵ” بە نیگایەکی دەروونناسی و کۆمەڵناسی دەڕوانێتە کۆمەڵگایەک کە نەک ژنان، بەڵکوو گشت کۆمەڵگا، قوربانی سەرەکی ئەو دیاردەیە”

👁 شانۆی”ئاژەڵ” بەرهەمی زەحمەت و ماندووبوونی “گرووپی هونەری هیوا”یە لە شاری بانە.

👁 شانۆی “ئاژەڵ” هەر چەن نوێیە، بەڵام زۆر زوو ڕووی کردە مەیدانی کێبەرکێی بەرهەمە هونەرییەکان و لە ۲٥ی گوڵان ی ئەمساڵدا، لە حەفدەهەمین فستیڤاڵی شانۆی کوردی، لە هۆڵی مەکۆی فەرهەنگی هونەری شاری سەقز، نمایش کرا و، لە ئەنجامدا وەک هەڵبژاردەی یەکەم دەستنیشان کرا و جگە لەوە بووە خاوەنی ٤ خەڵاتی یەکەمی (دەرهێنەر، ئەکتەر، دیکۆڕ، جل و بەرگ) و خەڵاتێکی دووهەم لە ئایتێمی(ڕووناکی).
👁 لە کۆتاییدا، هەر لەو فستیڤاڵە، لە “دەقی شانۆ”ییدا، “فەرزاد ح م” و، لە بەشی “ئەکتەر”ی ژن دا، “بەهار فەتحی” و، لە بەشی “مۆسیقا”دا، “نەسترەن حەمزەیی”، وەک کاندید بۆ فستیڤاڵی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی هەڵبژێردران.

👁 شانۆی “ئاژەڵ”، هەر لە فستیڤاڵی شاری سەقز، لە لایەن بەرپرسی “گرووپی شانۆی هاوڕێیانی گەزیزە”ی شاری سلێمانی، بانگهێشت کرا بۆ نواندن لە شاری سلێمانی.

👁 شانۆی “ئاژەڵ” لە ڕۆژانی ۱۱و ۱۲ی پووشپەڕی ئەمساڵ(۱٤۰۱)ی هەتاوی، بە ئامادەبوونی هونەرمەندان و هونەردۆستان، لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی، هاتە نواندن و لەوێش لەگەڵ پێشوازی گەرم ڕووبەڕوو بوو و، لە نێو زۆربەی ڕاگەیەن و ڕۆژنامەو مێدیا و شاشە تەلەفیزیۆنیەکاندا دەنگدانەوەیەکی چڕ و بەرچاوی هەبوو.

👁 وەک “بنکەی ئاشتی”بانە، پیرۆزبایی گەرمی خۆمان، پێشکەش بە نووسەر و دەرهێنەری شانۆ، بەڕێز “فەرزاد حەسەن میرزایی” و “گرووپی شانۆی هیوا” و گشت ئەکتەر و یاریدەدەرانی خوڵقاندنی ئەو بەرهەمە هونەرییە دەکەین و بە شانازییەوە دەڕوانینە زەحمەت و ماندووبوون و بەرهەمە هونەرییەکانیان و بە هەبوونی پێتانسیێلی هونەرمەندانی بەتوانا، گەشبینین لە دواڕۆژی گەشە و پێشکەوتنی هونەری و فەرهەنگی شارەکەمان. هیوادارین بەردەوام بن لە خوڵقاندن و
سەربەرزی و بەختەوەریتان بۆ بەئاوات دەخوازین

یەکشەممە، ۹ ی گەلاوێژی ۱٤۰۱ی هەتاوی
بنکەی گەشەی فەرهەنگی بانە(ئاشتی)
https://t.me/ashtybane

دیدگاه‌ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *