پەیامی نەورۆزیی بنکەی ئاشتی، بانە

🔥پەیامی نەورۆزیی بنکەی ئاشتی، بانە🔥

“ڕۆژ لە ئاسۆی سوور، شەوق ئەداتەوە
دەڵێ ئەمساڵیش نەورۆز هاتەوە”(ڕەحیم لوقمانی)

🔥هاووڵاتیان، هاوشاریانی خۆشەویست

🔥نەورۆز وا هاتەوە و بەر لەوەی بگاتە جێ، بانگمان دەکات و ئێمەش بە ئاواز و ئاهەنگی دڵنشینی:

“ئەم ڕۆژی، ساڵی تازەیە نەورۆزە هاتەوە
جەژنێکی کۆنی کوردە، بە خۆشی و بە هاتەوە”ی “پیرەمێرد”ی نەمر، بە پیریەوە دەچین و شایی دەگێڕین و هاتن و هەبوونی، بۆ مانی هەتایی بەرز و پیرۆز ڕادەگرین.

🔥فەرهەنگ چەمکێکی سەرەکی و کارای ژیان و مانی هەر نەتەوەیەکە و ئێمەش وەک نەتەوەی کورد پێویستەو لەسەرمانە، بۆ پاراستنی بۆنە فەرهەنگییەکانمان گشت بڕست و تواناییمان بەکار بهێنین.

🔥نەورۆزیش یەک لە دێرینترین و پیرۆزترینی بۆنە پیرۆزەکانی کوردەواریە. پیویستە سەرەڕای دەرد و خەم و گرانی و گشت ئەو زەخت و فشارانەی تەنگیان بە کۆمەڵگاکەمان، بە تایبەت، چینی هەژار و کۆڵبەر و تەنانەت بە ژینگەی کوردستان هەڵچنیوە، بە دڵ و گیان خۆمان بۆ هاتنی نەورۆز ئامادە بکەین و بە دەوری ئاگری نەورۆزدا جەژن و ئاهەنگی شادی و هەڵپەڕکێ و یەکریزی و پێکەوەژیان سازدەین. بە تیشکی ئاگری نەورۆز خۆمان و کۆمەڵگاکەمان زەنوێر کەینەوە و هەوێنی خەمڕەوێنی و بەردەوامی ژیانی ڕاستەقینەمان، بۆ گەیشتن بە ئاواتە بەرزە هاوبەشەکانمان، دەستەبەر کەین.

🔥بنکەی ئاشتی بانە، وێرای پیرۆزبایی لە هاوشاریان، گەلی کورد و گشت گەلانی ئێران و جیهان کە هۆگری جەژنی نەورۆزن، لە هووڵاتیان و هاوشاریانی خۆشەویستمان داواکارین، با هەموومان پێکەوە:

🔥بە ڕێوڕەسمی جوان و قەشەنگ و جەژن و ئاهەنگ و ئاگری نەورۆز و چالاکیی ڕەسەن، وەک نەریتە پیرۆزەکانی کوردەواری، نەورۆزی ئەمساڵمان بە جل و بەرگی کوردی و بە دابەشکردنی نەورۆزانە بە مناڵە چاوگەشە کانی وڵات و هەروەها بەڕێوەبردنی کۆستە و هەڵکردنی مەشغەڵی سەر چیاکان و سەردانی خزم و دراوسێ و بە تایبەت بنە ماڵە هەژارەکان و…بەرز و پیرۆز ڕاگرین.

⛔️ لە ڕۆژی چوارشەممە سووری و ڕێوڕەسمی پیرۆزی نەورۆزدا، بۆ بەرگری لە خەساری ژینگەیی و ماڵی و گیانی، بە دڵ و گیان و باوەڕمەندی، خۆ لە بەکارهێنانی تەقەمەنی و سوتەمەنی و هەر کەرەسەیەکی زیاندەر و سوتێنەر و ماڵوێرانکەر، بپارێزین.

🔥 با ئەمساڵیش وەک نەریتی بەرزی کوردەواری، بە دەوری ئاگری نەورۆزدا، بە دڵی “ئاسۆ”ی شاعیر بکەین و پێکەوە سردودی:

“بووکی بەهار ڕازایەوە، سروشت پڕپڕ لە جوانییە
دەنگی شەتاو، جریوەی مەل، پرسۆزترین گۆرانییە”
بچڕین.

بنکەی گەشەی فەرهەنگی بانە(ئاشتی)
۲۲


منتشر شده

در

توسط

دیدگاه‌ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *