آشتی
درباره ما

درباره ما

ئاشتی - بنیاد توسعه فرهنگی بانه سازمانی غير انتفاعي و غير دولتي و مردمی بوده که در راستای ارتقای سطح فرهنگی و گسترش آن فعالیت مینماید. بر این اساس ما جمعی از شهروندان شهرستان بانه بر آن شدیم که با تأسیس یک نهاد مدنی که به طور خاص رویکردی فرهنگی دارد، تلاش نماییم که مسایل و مشکلاتی را که گریبانگیر شهر و دیارمان شده است از صافی عقل جمعی عبور داده و با همت مسئولانه خویش در صدد حل آنها و ارائه راهکارهی لازم برآییم. لذا بر خود لازم دانستیم که در این برهه زمانی، ضمن احساس مسئولیت مدنی، سایر…[ادامه]

درباره ما
خواندم !

کۆچانێک بەرەو دونیای ”سەمای ڕەنگەکان”

نوشته شده توسط در تاریخ ۱۳۹۷-۱۰-۱۰ 145 بازدید

پێشکەش بە ڕۆحی بێگەردی هونەرمەندی کۆچکردوو، ڕەحیم زەبیحی و بنەماڵەی بەڕێزی و، گشت هونەرمەندان و هونەردۆستان

 

    تەمەنی کورتی، بۆ خوڵقاندنی جوانیی تەرخان کرد. ئەوەندەی کە دەرفەتی بۆ ڕەخسا، ڕەسالەت و ئەرکی سەرەکیی و دەروونیی خۆی بەجێهێنا. ڕەنگە وەک ژیانی هەموو ئینسانەکان، زیندەگی ئەویش تێکەڵەیەک بووبێت لە خۆشیی و ناخۆشی. ئاوێتەیەک بووبێت لە داکەوتن و سەرکەوتن. بەداخەوە لە ڕۆژگارێکدا و ژیانێک دەژیا، کە بەدەگمەن دەیتوانی بە بەشی خۆی قایل و لە ژیانی خۆی ڕازی بێت. سەختە لە وەها هەنگامەو سەردەمێکدا، کەسێک بتوانێت وابکات، لەگەڵ واقیعەکان ڕابێت و لە خۆی و ژیانی خۆی ڕازیبێت و ژیانێکی ئاسایی بژی. ڕەنگە ئەویش بەو بۆچوونە گەیشتبێت کە هەست بە ڕەزامەندی لە ژیان، تەنها پێوەندی بە واقیعی ڕووداوەکانەوە نییە. ڕووداوەکان زۆرتر، دەمانترسێنن و لە خوست و جووڵەمان دەخەن و دوورمان دەخەنەوە لە خواست و خولیاکانمان و دەمانوەستێنن.

     زۆر زوو، هەر لە جەنگەو گەرمەی لاوەتییەوە، کۆسپ و گرێگۆلە و بەربەستەکانی ناسیی و بەرەوڕوویان بۆوە. هەر کە بۆ یەکەمجار تووشیی بە تووشی پەرژین و دیوارەی لەبڕاننەهاتووی تەگەرە و بەرگرەکانەوە بوو، بوێرانە ملیدایە بوارێکی کە بەداخەوە بۆ مرۆڤی ئەوڕۆ، گەلێ دژوار و ئەستەمە. خولیا هاندەرەکانی دەیانجووڵاند و نەیدەتوانی بەریان پێبگرێت و ڕووبەڕوو و لووتاولووتی کۆسپ و دژوارییەکان نەبێتەوە. هەربۆیەش هێواشێک، لە ژوور و حەساری تەنگەبەری ڕاگرەکانەوە، بوێرانە، بوار و دەلاقەیەکی بۆخۆی کردەوە. کوڵاوڕۆژنەیەک بۆ مانا بەخشین بە ژیان و دەستەبەرکردنی هەستێکی شیرین. هەست بە ڕەزامەندی لە ژیان سەرەڕای ناسازگاری و  نەتەباییەکانی. ڕۆژنەیەک بۆ جووڵەیەکی لەسەر خۆ و بەپارێز، هاوتەریبی خۆڕاگری و تاقەتگرتن و سازگاری لەگەڵ گشت کەم و کورتی و کۆسپە ڕەنگاوڕەنگەکانی ژیانی هەرڕۆژەیی. ئایا ئەو بەڕاستی توانیی لەنێو لێشاوی تەنگەژە و کۆسپ و گرێکانەوە، هەست بە ڕەزامەندی لە ژیان، بۆخۆی دەستەبەر بکات؟ نازانم. ئەوەندە دەزانم ئەگەر شوێنکەوتن و هەنگاونان بەرەو هەرێمی خولیاکانی مرۆڤ هۆکاری دەستەبەرکردنی هەست بە ڕەزامەندی لە ژیان بێت، ئەو سەرکەوتوو بوو. چونکا توانی بۆ گەیشتن بە کاکڵی ژیانێکی ڕاستەقینە، گشت بڕست و توانای خۆی بەکار بهێنێت. ئەو توانی. بەڵێ ئەو توانی بۆ گەیشتن بەو حەقیقەتەی کە بۆخۆی باوەڕی پێهێنابوو، هەنگاوی قایم هەڵێنێت و خۆی بۆ ماندوو بکات.  

      ئێستا ڕێک ئەو سات و وەختە گونجاوەیە کە پێویستە لەخۆمان پرسین: ئەو چۆن توانی؟ چۆن دەرەقەت هات؟ کامە بوو ئەو حەقیقەتەی باوەڕی پێهێنابوو؟ ئەو دەربیجەی بۆ گەیشتن بەو حەقیقەتە دیبوویەوە، بەرەو کوێ دەکرایەوە کە ئارامی لێبڕیبوو؟ چۆن توانیی لە ڕۆژنەیەکی وەها بچووک و تەنگەبەرەوە، خۆی باوێتە دونیایێکی پان و بەرینەوە. شاکم ئەو وەک خۆی، بە کەشفێک گەیشتبێت. ڕەنگبێ بۆی دەرکەوتبێت کە بۆ گەیشتن بە جیهانی سێحراویی خولیاکانی، تەنها یەک ڕێگەی بۆ ماوەتەوە. تەنیا ئەو ڕۆژنەی بۆ ماوەتەوە کە بەرەوڕووی خۆی کردوویەتیەوە و ڕووی تێکردووە. کەواتە نەدەبوو بۆ کاتێکیش لێی خافڵ بێت.

      وەک هەلێکی باشی بۆ ڕەخسابێت و نەیهەوێ لەدەستی بدات. وەک زۆر بە پەلە بێت و کارێکی ناتەواوی مابێت و دەبێ هەر ئەمشەو ڕایپەڕێنیت و نەیخاتە سبەی. ڕەنگە سبەیەک لە ئارادا نەبێت. کەواتە هەر ئەمێستاکە دەبێ ئەو زەنگەی کە دەیان و سەدان جار لێدراوە و بەرپرسان گوێی بیستنییان لێ ئاخنیوە، زۆر بەرزتر لە جاران لێدرێتەوە. بەڵکوو ئەمجار چاوە نووقاوەکان بکرێنەوە. ئەو چاوە بەسراوانەی کە سەیرە، چۆن توانیویانە سەرەڕای ناودەرکردنی چەن دەساڵەی شاری بانە بە شاری فستیواڵە ئەدەبییەکان و شاری سینەماکاران و هونەرمەندان، نەکرێنەوە؟!

     دەتگوت هەڵکەوت و دەرفەتی وا نابێتەوە. مەجالێکە و نابێ لەدەسچێت. دەمێک نییە. شتێک زیاتر لە حەوتوویەک لەمەو پێش بوو. لە فستیڤاڵی شانۆی سەقز. هەر کە کاری نواندنی شانۆی ”هەموومان باشین”، بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو، ئەو لەو پشووەی ڕاگەیەندرابوو، کەڵکی وەرگرت. گورجێک دەسبەکار بوو. هەموانی کۆ کردەوە. ڕێکخستنی دانیشتنێکی پێش بنینی نەکراو دەگەڵ پسپۆڕان و شارەزایانی بواری شانۆ و بەرپرسانی فەرهەنگی هەر دوو شار و چالاکانی مەدەنی، کە بەهانەی فستیڤاڵی شانۆی سەقز لەوێ کۆیکردبوونەوە . وەک هەمیشە، ڕاشکاوانە مەبەستی خستە روو. هێواش و لەسەر خۆ، ئەمجاریش زەنگەکەی لێدایەوە. بە ”هاوار”ەوە دەستیپێکرد و چووە سەر ئەو باسەی کە لەمێژە بۆتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری هونەرمەندانی شارەکەمان. باسەکەی کردە باسی هونەرمەندانی ماندوو و سەرکەوتوو، بەڵام بێ ئیمکاناتی شارەکەمان. ئەم شارە زۆر بێکەسە. ئەگەر بێکەسی نەبێت بۆ دەبێ سەرەڕای ئەو گشتە کەسە بەتوانایانەی کە وەک مانگ و ئەستێرە لە ئاسمانی هونەردا دەدرەوشێنەوە، کێشە و کەم و کوڕی و بی ئیمکاناتییەکانیان نەبیندرێت؟

     لە خۆی پرسی: کام دەروازەیە کە هەموو جیهان بەرەو ڕووت دەکاتەوە؟ وڵامی خۆی دایەوە: من تەنها ئەو دەربیجەم بەسە بۆ سەفەر بەرەو جیهانێک پڕ لە هەستی جوانناسی و جوان پەرستی. جیهانی هونەر. ئەو جیهانە تەلیسماوییەی کە پڕاوپڕە لە هەست بە هەیەجان و ئامراز و کەرەسەی سەرسام بوون. بۆ جیهانێک، کە مرۆڤەکانی پێیان وایە تەنها لەوێدا دەتوانن بەو هیزر و بۆچوونەوە بژین کە:  (گرنگ ئەوە نییە چۆن دەتوانیت جوانی ببینیت و دەچیتە نێو جوانییەکانەوە، بەڵکوو ئەوە گرنگە کە چۆن لێی دێیتە دەرەوە.)

     لە بیست ساڵ لەمەو بەر، هەتا ئەوڕۆ، بۆ کاتێکیش نەوەستا. نزیکەی بیست ساڵ لەمەو پێش، کلیکی دەسپێکی لێدا. گەشت و سەفەری ژیانی تەرخان کرد، بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سەختییە تاقەت پڕووکێنەکان و بەدواداچوونی خولیاکانی. بە خۆی گوت، دەبێ دەسپێبکەم. بە قسەی بەتاڵ نابم بە ماڵ. کەواتە وەستان حەرامە و جایز نییە. هەر ئا ئێستا، نەک کاتێک و ساتێکی تر. وەک شتێک، دەیزانی دەرفەتی زۆری بە بەرەوە نەماوە. وەک تەنها چەن ڕۆژێکی فرسەت مابێ. یەکەم ڕۆژ وەک دواکۆبوونەوەی لە سەقز، بە ”هاوار”ەوە دەستیپێکرد. بەپەلە بوو. بۆیە دەسپێکی کاری کردە هاوارێک بۆ گەیشتنی خۆشەویستان و هاوڕێیانی بەو داڵغانەی کە بۆ خۆی پێینەگەیشتبوو. ڕێگەی ئەو سەفەرە بۆی نامۆ نەبوو. ڕێیەکی ئاشنا، کە بە دەیان جار لەنێو خەیاڵ و خەونەکانیدا هاتوچۆی پیدا کردبوو. ئەوەی بۆ ئەو نادیار بوو، کۆتایی گەشتەکە بوو. ئەوکات لەسەر ئەو بڕوا و بۆچوونە بوو کە سەفەرەکان قەت دواییان نایات. ئەو کەسەی مەیلی لە گەشت و سەفەرە، هەتا ڕۆحی لەبەرە، بە قۆشەنی ڕێگرەکانیش لە وەستان نایات. بەردەوام بوو لە سەفەری پەستاپەستا و بێ پسانەوە، بە نێو جیهانی خۆزیا و خولیاکانیدا. بەو هیوایەی کە لەپێش ئەوی بە ئیجبار بیوەستێنن و ژیانی لێبستێنن و کۆتایی بە گەشتەکەی بهێنن، بگاتە خولیای”کۆتایی شەڕ”. دەیزانی کە خولیای کۆتایی شەڕ، خوازەیەکی گەڵێ ئەستەمە؛ بەڵام بێ هیوا نەبوو. ڕۆژێ دوایی گشت تواناکانی خستە سەر پڕۆژەیەکیدی و چیرۆکی ”ڕۆژی دوایی”خوڵقاند. ڕۆژی سێهەم لە گەڕانەوەدا، بەدەم ڕێگاوە، بە بیری ئەگەری بەدینەهاتنی خولیاکانی، بە تووش ”ئیسترێس”’ەوە بوو.

    دوایین ڕۆژ، ”تیرۆریستێک دابەزی”. بێ ئەوەی دەرفەتی بێ پەل ببزێوێت. بێ ئەوەی دەرفەتی بیرلێکردنەوەی پێبدرێت، جەستەی بوو بە هەڵم. ئەو وەک عادەتی هەمیشەیی دەبوو بڕوات. کەواتە هەستایەوە. ویستی هەر بەو ڕێگەدا کە سەریکەوتبوو، لە سەفەرەکەی بەردەوام بێت. بەڵام ڕێگەیان پێگۆڕی. ڕێگۆڕکەیەکی بێ ئیختیار و جەبری. ئەو ڕۆژە بەناچار لە ڕێگە لایدا. کەوتە سەر ڕێگایەکی جیاواز. ئەو تاکە ڕێگایەی وەک نەهێنییەکی قەت نەدرکاو جەمسەری ئەوسەری بێ کۆتایی و و نادییارە. ڕۆشت بە بێ ئەوەی بزانێ ئەو ڕێگایە بەرەو کوێی دەبات. بێ ئەوەی بزانێ ئەو ڕێگایە تەنها ڕێگایەکە کە بێگەڕانەوەیە. بێئەوەی مەجالی سووکە ئاوڕدانەوەیەکی پێبدرێت، ڕوویکردە سەفەرێکی داسەپاو. لێرەوە ئیدی بەدەسخۆی نەبوو. ناچار، بوو بە پەپوولە و باڵی لێکدا و فڕی بەرەو ”وڵاتی ئەفسانە” کان و لەوێ دابەزی. کۆچانێکی بە ئیجبار، بەرەو دونیای نەشناس و ڕەمزاوی”سەمای ڕەنگەکان”.

      سەیر بوو. چوارەم ڕۆژی سەفەری پێشووی، بوو بە یەکەم ڕۆژی سەفەری تازەی. کە بوو بە شەو، هەرچەن ئەو لەسەر دەست و لەبەر چاوی هەموان، بەرەو سەفەری نەمان چووبوو، کەچی دەتگوت گەڕاوەتەوە و بوونی هەیە. گوێمان لە دەنگی زەنگەکانی بوو. خەڵکی هەموو گوێ قوڵاخ بوون. دەبێ چ قەومابێ؟! هاوارێک لە جیهانێکی ڕەمزاویی و نەشناسەوە بۆ جیهانی ئێمە. دەنگێک لە ڕەنگی هاوار. هەرایەک لە توخمی ئەو بانگەواز و هاوارەی کە بوو بە یەکەم بەرهەمی خولیاکانی سەر ئەم دونیایەی. هەر بوو بە شەو، ئەو هاوارەی کە ئەوڕۆ هەموو دڵە هەستییارەکانی سەرسام کرد، شاشە و ”سەتەلایت”ەکانیی داگیر کرد. هەواڵێکی دڵتەزێن پەردەی گوێی جیهانی لەراندەوە:

     ڕەحیم زەبیحی بوو بە ”ئەو پیاوەی کە چوو بۆ سەیران”. ئەو لە سەیرانگە، بە تووش”ژانی دابڕانی ئەبەدی”ەوە، بوو و،  بوو بە قەقنەس.

     ئەو لە چل ساڵ گەشت و سەفەر بە مەملەکەتی ژیاندا، بە حەقیقەت گەیشتبوو. ئەو حەقیقەتەی کە(ئەگەر ون بێت، مانای ژیان دەکەوێتە مەترسییەوە.) ئەو بوو بە قەقنەس. بوو بەو بوونەی، کە هەر چەن ژیان گڕاندی و ناکەس چزاندی، بەڵام نەیتوانی بیفەوتێنێت و لە تەپوتۆز و خۆڵەمێشی خۆی هەڵسایەوە.

 پێشکەش بە ڕۆحی بێگەردی هونەرمەندی کۆچکردوو، ڕەحیم زەبیحی و بنەماڵەی بەڕێزی و، گشت هونەرمەندان و هونەردۆستان

     یادی بۆ هەتایی لە باخچەی دڵی هەموواندا، سەوز و هەرمان بێت.

 غەفوور ساڵحی –  ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی

             

    

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *