گومان

موبایلەکەی ھەڵگرت و بۆ چەندەمجار ئەو ژمارەی گرتەوە. ھێند شڵەژابوو کە بە ھاسانی نەیدەتوانی ھەمووجارێک، ڕێک ڕەقەمەکان بپێکێ. پەنجەکانی پتەیان بوو و دڕدونگ بوون لەوەی بە قسەی خاوەنەکەیان بکەن یان نا. گومان و دوودڵی وایلێکرد چەن جارێک، نێوانی زەمەنی قرتاندنی دوو ڕەقەم ھێندەی دەخایاند کە زرینگەی موبایلەکەی پێیڕادەگەیاند دەبێ سەرلەنوێ لە یەکەم ڕەقەمەوە دەسپێبکاتەوە. لەداخا گۆشیەکەی فڕێدایە سەر کورسی بەر پەنجەرەکە و دەستی برد، پەردەی پەنجەرەکەی لادا. تیشکی تیژی خۆری بەرەبەیان، لەپڕ خۆی بە ژووری چاوەکانیدا کرد. بەشێوەی خۆکار، دووجوت برژانگ وەک دوو سەدەف، بۆ پاراستنی دوو مرواری چاوەکانی یەکھاتنەوە. قژە خاوەکانی کۆ کردەوە و بە ڕووبانێک لە پشتی سەریەوە دایمەزراندن. ھەنیشکەکانی نایەسەر لێواری پەنجەرەکە و دوو لەپی دەستی وەک جووتێک کۆڵەکە لەژێر چەناگەی جێیان خۆشکرد. ڕوانیە ئەو دەرەوەی، کە پڕ بوو لە دەیان پەنجەری ھاوشێوەی پەنجەرەی ماڵەکەی خۆی: «بڵێی لە پشت ئەو پەنجەرانەوە چ باس بێ؟! بڵێی لەو ماڵانەش لەم خەبەرانە ھەبێ؟! پێموانیە کەس وەک من بیری شڵەژابێ». جەستەی ڕاستکردەوە و دەستەکانی پەلکێشبوونە پشتەملی و وەک بازنەیەک تێکگیران. ھەنیشکەکانی ھەتا ھێزی تیابوو، بە زەختێکی زۆرەوە لە تەنیشت شەویلکەکانیەوە پێک نزیک کردەوە؛ بەجۆرێک کە گوێی لە قرپەی کۆڵنجەکانی بوو. سوکناییەکی وا بە جەستەی گەیی، کە مەیل بە حەوانەوەی سەر مۆبلە پەمەییەکان ڕاکێشیان کرد بەرەولای خۆیان. بەڵام دەروونی ھەر نەدەسرەوت و لەو ئارامشتە بێبەشبوو. لە چەن ڕۆژ لەمەوپێش کە ئەم بابەتە خۆی خزاندبوە نێو ژیانیەوە، تەنھا بۆ جارێکیش بەو سوکناییە دەروونیە ڕاستەقینەی کە بیبات بەرەو ئەندێشە و بیرکرنەوەیەکی ڕوو لە چارەسەر، نەگەیشتبوو. وەسوەسە و ئاڵۆزی ھیزر و خەیاڵ، گەیاندبوویە ئەو ڕادە لە ڕاڕایی و شک و گومان کە نەیدەزانی خۆی باتە دەست کام یەک لە دوو ھەستی ناتەبا و مل کەچی کامیان بێت: « زەنگ بەم یان نا؟! تۆبڵێی عاقیبەتی ئەم کارە چۆن بێ؟! باش یان خراپ؟ باش کە نابێت. بڵێی ئەمجارە، جوابم بداتەوە؟ ئەگەریش جوابەکەی ”ئەرێ” بوو، ھەڵوێستم چۆن ئەبێ؟ ھەرچەن پێمخۆشە جوابم بداتەوە، بەڵام بریا جوابی نەدامایەوە، یان ئەگەریش جوابی ھەبوو، ”ئەرێ” نەبوایە….» چاوەکانی پڕبوون لە شک و گومان. خۆی بۆ نەگیرا و بە بێ ئیرادە ھەستا و چوەوە بەرەو مۆبایلەکەی. بەڵام ئەمجار بە سرنجێکی زۆرترەوە و بە شێنەیی، بەو پەنجە ئیشارەی کە بەھۆی نینۆکە درێژە ڕەنگاڵەکەیەوە، درێژتری دەنواند، یەکەم ڕەقەمی پساند (0) و دوابەدوا ڕەقەمەکانیکە(ط……. ٩١). بۆ ڕەقەمی ئاخر سووکە وەستانێکی کرد؛ ئەویشی(ط) پساند. زەنگی ئازادی ئەخوارد. بۆ یەکەمجار ئەولا لەدەسڕسدا بوو. دڵەڕاوکێ و پەشۆکاویەکی سەیر ھەمو ئازای تەنی. لەولاوە دەنگھات«ئەلۆ فەرموون جەنابتان؟ بۆ قسە ناکەن؟» ھەناسەی سواربوو و کەوتە لێوگەستن و ناوچاوانە سافەکەی دێراودێراو بوو. سەرەتا پەنجەپێکانی مێروولەیان دەکرد و دوایی ھەر لەوێوە بوو بە مووچڕکێک لەپڕ ھەموو جەستە و دەروونی داگیرکرد. لە ناکاو دەنگی کرانەوەی دەرگای حەوشەکەیان ڕایچڵەکاند. گورجێک، بە بێئەوەی فریاکەوێ ئەو پێوەندیە وەسڕێت، پێوەندیەکەی بڕی و مۆبایلەکەی فڕێدایە ژێر چەرپاکە و چووە بەر ئاوێنەکە و دەستێکی بە سەروڕووی خۆیدا ھێنا…. شوەکەی ھاتە ژوور. زۆری نەخایاند؛ لەو کاتەدا کە لە ئامێزی گرتبوو، مۆبایلێک لە قوژبنێکی ژێر قەڕەوێڵە دووکەسیەکەیانەوە، زەنگی دەخوارد….
٣ی گەڵاڕێزانی ١٣٩٥ی ھەتاوی – غەفوور ساڵحی

ghafur_2016-10-09_13-18-18


منتشر شده

در

توسط

برچسب‌ها:

دیدگاه‌ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *