گەشت و سەفەرێک بۆ ئەندەروونی «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان»

بیستوومە ئەڵێن، ئەم قافڵە وەستانی نییە. ئاخر تۆبڵێی، ئەم خەوە ھەستانی ھەبێ؟!

کاتژمێر یەکی نیوەشەوی دووشەممە بوو، ٩ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی ھەتاوی ؛    بەتەنیا و نیوەڕاکشاو لە سەر مۆبلە درێژە سێکەسیەکەی ھۆڵەکەمان. مەستی مەست لە بادەی وشەو ڕستە ھەستیار و ڕەنگینەکان. وەک ڕێبوارێکی ڕاماو و تێرنەبوو و تامەزرۆی بەردەوامی ئەو سەفەرە دڵھەژێنە. ھێشتا لە سەرەتاوە ھەتا کۆتایی بێکۆتایی ئەو گەشتە عەجایەباتە، وەک شریتی فلێمێکی پڕ لە تڕاژێدیای ژیانە جیاوازەکان لە نێو مێشکمدا ھەر دەھات و دەچوو. سەرم لە بیری تیژ و وێژەی پتەو و ھیزر و ھەستی جوان و بێگەرد و ڕەنگاوڕەنگی بەختیار عەلی سووڕمابوو. ڕاستی ئەو چۆن توانیویەتی بەجێی ئەو گشتە کەسایەتیە جۆراجۆر و جیاکارانە بیروەکات و بدوێت؟ ئەو خەڵکانەی کە ھەرکام، لە چین و مەرتەبە و مەنزڵێکی جیاواز بوون. کۆمەڵێک کەسێتی بە تایبەتمەندی شوێن و شێوازی ژیان و گەوشینی کەسین و تاقانەی خۆیانەوە. ئەی چۆن توانیویەتی بەجێی ئەوان و وەک ئەوان و بەھەمان وشەو ڕستەکانی ئەوان قسەبکات و ھەستەکانیان دەرببڕێت؟نازانم!

من پێموایە ئەکتەری و نووسەری ئەبێ وەک دوو مەیدانی ھونەری خۆنواندن چاولێبکرێت. دوو گۆڕەپانی گرنگی ھونەری کە زۆرجار شان لە شانی یەک ئەسوون. خاڵی جیاوازی ئەو دوو ھونەرە سەرکیە ئەوەیە کە سەرەڕای ھاوبەشی و لێکچوونی کارەکانیان کە بریتیە لە نواندنێکی سەخت و بەرپرسانە، بەڵام بەبڕوای من کاری نووسەر گەلێ لە کاری ئەکتەرێکی سینەما تاقەت پڕووکێنتر و سەختترە. ئەکتەرێک لە سەرەتاوە ھەتا  کۆتای فلیمەکەی تەنیا دەوری لاسایی کەرەوەی یەک کەس ئەبینێت؛ لەحاڵێکدا نووسەر ئەبێ بەتەنێ لاسایی دە و دەیان کەس وەکات و بەجێی ھەموان و وەک ھەموان و بەھەمان وشەو ڕستەکانی ھەموان قسەبکات و ھەستەکانی ھەموان بتوانێ دەرببڕێت. ئەوەش کاتێک بیری لێدەکەینەوە کارێکی ھەرە دژوار و ئەستەمە. کاتێک نووسەرێکی بەتوانا ئەتوانێت نەخشی گشت کاراکتەرە جیاوازەکانی بەسەرھاتێک کە بەرھەم و نووسینی خۆیەتی یاری بکات؛ ئەوسا بەچاکی لەسەختی کاری نووسەر تێدەگەین و دەرکی پێدەکەین. ئەکتەر ڕۆلی کەسایەتیەکی لەوەپێش سازکراو ئەنوێنێت؛ بەڵام نووسەر لەگەڵ خوڵقاندنی کەسایەتیەکان، ڕەفتارە جۆربەجۆر و دژبەیەکەکانیشیان بەرھەم دەھێنێت. ئێستا کە بیرم بەو بابەتە ورووژاوە، لە عەجەبام کە «تۆلۆستۆی» چۆن توانیویەتی لە ڕومانی«شەڕ و ئاشتی»دا، دەسپێکی ئەو بەسەرھاتە بگەیێنێتە خاڵی کۆتایی و بیباتە ئاستی سەرچڵی شاکارە ئەدەبیە بەرز و ناوازەکانی جیھان.

من بەو دڵنیایە گەیتشووم کە سەرچاوەی مۆجزەی قەڵەمی کاک بەختیار لە جەوھەرەکەیدایە. جەوھەرێک لە جنس و توخمی بیر و ھیزرێکی تیژ و شیرین و مرۆڤدۆستانە. ئەو جگە لەوەی کە ئەزانێ چی ئەنووسێت، زۆر جوان ڕاھاتوە کە چۆن بنووسێت. لەنووسیندا ھەست بە ڕەحەتی ئەکات. زۆر ئاسایی باسی ھەموو ئەو شتانە ئەدرکێنێت کە بەلای گەلێ کەسەوە بڤەن و بۆ گوتن نابن. ھەربۆیەش وشەو ڕستەکانی سادە و ڕەوان و ئاسایی دەردەکەون؛ بەدوور لە ھەر گرێوگۆلێک. ئەو بۆ دڵی خۆی ئەنووسێت، نەک بۆ دیتران و بۆخۆشی باشترین بەردەنگی بەرھەمەکانی خۆیەتی و دڵنیام بۆخۆشی لەخوێندنەوەی نووسراوەکانی خۆی چێژێکی تایبەتی وەردەگڕێت. ھەربۆیەش توانایی ئەوەی ھەیە کە ھەمان چێژ و لەزەتیش بە بەردەنگ و خوێنەرانی خۆی ببەخشێت. ئەو  زۆر ھاسان و ئاسایی باس لە خەون وخولیاکانی خۆی دەکات؛ کە ھەمان خەونەکانی ئێمەشن. بەس ”کافکا” وتەنی: « ئێمەش ئەبێ باوەڕ بە خەونەکانمان بێنین»١

«ڕەنگە بپرسن نووسەرەکان چۆن دەزانن ئەوەی کە دەینووسن، ڕێک ئەو بابەتەیە کە ئەبێ ئەوان بینووسن و دەرگەی گونجاو و شیاوی خۆیانە؟ وەڵامی ئەو پڕسیارە زۆر ڕوونە: بە ڕەحەتی و ھاسانیەک کە لە نووسینی بابەتەکەدا ھەستی پێدەکەن. بەوەی کە بێمەیلن لەوەستان لە نووسینی ئەو بابەتە. بەو تین و ھەستە گەرم و شیرینەی کە ھانیان ئەدات بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە. بە ھاسانی دانپێنان بەو ھەستگەلەی کە زۆرجار بۆ دەربڕین نابن. زۆر ئاسایی باسکردنی ئەوشتانەی کە لەمەوپێش پێمانوابوو بۆ گوتن نابن»٢

بەڕاستی کە مەلەم تیاکرد، دیتم کە چ«ئاوێنەیەکی گەورە»یە. لەبەرخۆمەوە بەخۆمم گوت: حەیف بوو. ھیچ پێمخۆشنەبوو گەیشتمە کۆتایی. کۆتاییەک کە ئێستا من وەک سەرتایەک دەمبینی و لاموابوو ئەبوا بەردەوام بێت. کە«ھوزار»م بەڕێکرد، بیرم پەڕی و ئاوڕێکی دایەوە و پێچدانەوەگەشتێکی کرد بۆ ناو لاپەڕە ڕەنگینەکانی ڕابوڕدوو و سەردەمی لاویم: تۆ بڵێی ھوزار بە«ماسیەسوورە چکۆلانە»کەی پێبکرێت و بتوانێ بەردەوامی بات بە سەفەری ناکامی «ماسیە ڕەشە گچکەڵە» و ھاوڕێکانی؟تۆ بڵێی….؟تۆ بڵێی….؟…. دوایی ھەروا خەیاڵم ڕۆیشت و ڕۆیشت و ڕۆیشت؛ لەوسەرەوە کە گەڕایەوە پێی وتم: لە دەسپێکی سەفەری ماسیەسوورە دڵنیاین، بەڵام ئێستا و ئێستاش نەمانزانی بەرەوکوێ چوو و چیبەسەرھات.

«فیکرەت گوڵدانچی» ھەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە: «…جیھان ئاوێنەیەکی گەورەیە؛ بەڵام چەشنە ئاوێنەیەک کە مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆی تیا بدۆزێتەوە دەبێت بچێتە ناوی. تەنیا ئاوێنەیەکە لەمدیوەوە وێنەی خۆمانی تیا نابینین، بەڵکوو ئەبێ بڕۆینە ئەودیوی و لەناویدا مەلە بکەین…»

منیش ھەرچی ڕووبەڕوو تماشا کتێبەکەم کرد ھیچم تیا نەبینی. تەنانەت وێنەی خۆشم تێدا بەدی نەکرد. بەڵام کە چوومە ئەودیویەوە و لە ناویدا مەلەم کرد، ئەوسا نەک خۆمم تیا دیەوە، بەڵکوو ھەست و ئاوات و خولیا و خەونەکانمیشی پینشان دام. مێھەنگی کاتژمێری ژیانمی بەلای پێچەوانەوە ھێندە گێڕایەوە بۆ دواوە کە بوومەوە بە ھەرزەکارێکی کاڵ و نەپوختەو بێئەزموون. لەودیو ئاوێنەکەوە بە جادەی ناڕێک و نالەباری لاویتیمدا تێپەڕبووم و لە تۆنێلی لێڵ و تەماوی نێڤساڵیدا لەگەڵ ئاوڕدانەوە و کولاندنەوەی پەستاپەستای برینە کۆنەکانم، ھەڵیدامە سەردەمی پیری و ڕەگەڵ ئەو دۆستە دێرینانەی کە پێم سەیربوو چۆن ماون، یەکیخستمەوە و ئاشتیکردمەوە. ڕێگەی سەفەری نیشاندام و فێریکردم کە مرۆڤ چۆن دەتوانێ لە سەفەرێکی ھەمیشەییدا بژی.

لەگەڵ گەیشتن بە ھەر لوتکەیک، یەکیدی چاوت لێدەقرتێنی و بانگت دەکات. کە سەفەرێکت  تەواو کرد، پلان و نەخشەی سەفەرێکیتر دادەڕێژیت. سەفەر لەگەڵ ھوزارێک کە ھێشتا لاوێژەیەکی تازەپێگەیشتووبوو. چێژ و جەزبەی سەیری ئاوێتەی تاڵ و شیرینی سەفەری پێشووم، وایلێکردم گوێی گرفت و بەربەستەکان نەدەمێ و پەلکێشی کردم بەرەو سەفەرێکیتر. پێموایە دەسکەوتەکانی سەفەری پێشووم بتوانێ دەستی ھوزاریش بگرێت. کەواتە سەفەرم لەگەڵ ھوزاریش ئەبێتە ئەمرێکی واقیع و ناتوانم خۆمی لێ ببوێرم. بەڕاستی سەفەر قەت دوایی نایات.

ئێستا ئیتر ئەزموونی سەفەرەکانی پێشووترم، کردۆتە توێشووی سەفەری ئەمجارم. لەگەشتی پێشوومدا بوومە ھاوڕی و ھاوسەفەری کاراکتەرە جۆراجۆر و ڕەنگاڵەکانی ئەو بەسەرھاتە خۆشینک و دڵھەژێنە. نەشئە لە مژینی بەردەوامی ھەوای نێو شار و قاوەخانەو کۆشکی باڵندەکان و دەنگ و جریوە و بۆنە ھەمەچەشنەکانیان کە ھەرکامیان باسی سەیر و سەمەرەکانی شوێنێکی دوورەدەستی دونیایان بۆ ئەدرکاندم و چێژێکی تایبەتیان پێدەبەخشیم. من بەڕاستی توانیم لەگەڵ گشت کاراکتەر و کەسایەتیە جوداواز و جیاکارەکانی ئەم بەسەرھاتە بژیم و زۆرێک لە ژیانە جیاوازەکان بەتاقیوەکەم. لەگەڵ «کامەران و مەنگوڕ و خالید» چوومە سەفەرێکی ھەشت ساڵەی جیھانناسی. خەسار و خەتەرەکانی ئەو سەفەرەم بەگیان کڕی و قەفەزەم بۆ باڵندەکان سازکرد، بەو ھیوایەی کە بەڵێنم بەجێبھێنم و ڕۆژی گەڕانەوەم کاروانی باڵندەڕەنگینەکان بکەمە دیاریەکی بەنڕخ بۆ خۆشەویستەکەم. لەگەڵ قاچاخچیە ترسناک و بێبەزەییەکان ڕێکەوتم و بە بەلەمێکی بچووکەوە قەڵفەزەو شەپۆلە ھەرەبەرزەکانی چۆم و زەریا و ئۆقیانووسەکانم بەزاند. لەگەڵ ئەواندا بەدەیانجار عاشق بووم و شکستم ھێنا و کەوتم و دیسانەوە ھەستامەوە. لەگەڵ ئەواندا ماندوو بووم و حەسامەوە. لەگەڵ ئەواندا بۆ دەمێک پشوودان خەوتم و لەپڕ لەخەو ڕاپەڕیم. لەگەڵ ئەواندا پێکەوە لە قاوەخانەکان چامان خواردەوە. لەگەڵ ئەواندا ھەڵاتم و خۆم حەشاردا و دوایی گەڕامەوە و  گۆڤەندم گرت و ھەڵپەڕیم و دواجار گریام.

لەبیرمە، لەگەڵ «مەنگوڕ»دا ھاتمە قسە و «کامەرانی سەلما»م زۆر سەرزەنیشت کرد: چۆن دڵتھات بەچەقۆی ڕق و کینە، سینەی لاوێکی عاشقی وەک «مەنسوور ئەسرین» بقەڵاشی. پێموت کوڕیچاک، تۆز و تیژایی چەقۆ لەکوێ و سۆز و بڕیایی عەشق لەکوێ؟ ئاخر لە کوێ بیستووتەو لەکام بەسەرھاتە عاشقانە ڕاستەقینەکاندا باس لەوە کراوە کە زەبر و تیژی چەقۆ، ئەڤینێکی ڕاستەقینەی سەلماندبێت؟ پێموایە ھەربۆیەش نەمھێشت مەنسوور بەتەنیا بگەڕێتەوە بۆ بەردەوامی سەفەرە بێکۆتاییەکەی و لەگەڵ ئەویش ڕێکەوتم. لەگەڵ «خالید ئاموون»دا تێکەڵ بە خێڵەکانی نێو شار و وڵاتەکەم بووم و ژیانی خێڵەکیشم ئەزموونکرد. لەگەڵ «سەوسەن»دا ئالوودە و ھۆگر و شەیدای کتێبخانە تاکانە بێھاوتاکەی «فیکرەت گوڵدانچی» بووم و بووشمە ھاوکاری فیکرەت. پێکەوە ورد و بێدەنگ و بەردوام چاودێری ئەو مەخلووقە جوانە ڕەنگ پەڕیو و تەنک و تەسک و نەرم و نازکە کاغەزیامان ئەکرد، نەبەشکم گەڵاو گوڵپەڕە ناسکەکانی بژاکێن و ھەڵوەرن. ئەو سەوسەنەی کە لێی فێربووم چۆن بەبێ بۆن و بەبێ دەنگ، تەنیا لەڕووی ڕەنگەکانی ئالبۆم و ئەتڵەس و نەخشە و وێنەکانەوە وێنای خەیاڵی سەفەر بۆ ھەموو شوێنەکانی ئەم جیھانە پان و بەرینە بخوڵقێنم. لەگەڵ «پڕوشە»دا ژیام تا لێی فێری سەبر و تاقەت بم. لەگەڵ «نزار»دا ڕۆشتم و بەبێ چەشتنی لەزەت و خۆشیەکانی ڕۆژانی یەکەمی ھاوسەرگیریم، بنەماڵەم بەرەو سەفەری بێگەڕانەوەی بەرەکانی جەنگێکی نەگریس و بێزارکەر و بێمانا بەجێھێشت. قەتم لەبیر ناچێتەوە کە لەسەرەتای جەنگی ئێران و عێراق دوای دووجار بۆردومانی عەمباری بەڕێوەبەڕایەتی دابەشکردنی ئارد لە بەغداد، چۆن لەگەڵ فیکرەت گوڵدانچیدا بەرنەکەوتین و لە ناو چڕی دووکەڵ و تەپوتۆزی تێکەڵەی ئارد و خۆڵ و بارووتدا دەربازبووین.

بە دەیان جار لەم سەفەرەدا مردم و زیندوو بوومەوە. لەگەڵ باڵندەکانی سەوسەندا ژیام و ئاوازم چری و فڕیم بەسەر ئۆقیانووس و دورگە و جەنگەڵ و لێرەوارە ترسناکەکانی دونیا و ھەموو گوند و شارو سەرزەمینەکانی ئەم جیھانەم وەک سێ دڵدادە سەفەریەکەی سەوسەن لەژێر باڵەکانی خۆمدا بەدیکرد. لە گەڵ ئەتڵەس و نەخشەڕێگاو بۆنی باڵندەکانی سەوسەن، سەفەرم کرد بۆ زۆرێک لە شوێن و شوێنەوار و ئاسەوارە نەناسراوەکانی جیھان و وێڵ و سەرگەردان بەشوێن نۆشدارۆی سۆھرابدا. کەوتمە جوستوجۆ بەشوێن ھەتوانێکدا کە گەڕامەوە جەستەی زامداری وڵاتەکەمی پێ تیمارکەم. ھەر بەھۆی ئەو باڵندە جوان و ڕەنگینانەی سەوسەنەوە دەنگ و بۆنە جیاوازەکانی ئەم گەردوونە پان و بەرینەم بەتاقیکردەوە و بەھۆی ئەزموونی ئەو گشتە گەشتە سەیرانەوە گەڕیدە و سەرسام بووم. بەدرێژایی ئەم بەسەرھاتە لەگەڵ فیکرەت گوڵدانچیدا ژیام و ماڵەوماڵم کردو کتێبم کڕین و خزاندمنە نێو کتێبخانەی ماڵەکەمەوە. ماڵەکەم کردە باخچەیەکی کتێبی بێوێنە و دواجار وەرسووڕامەوە و لەھەرچی پەرتووک و کتێب و نووسراوەیەک بێزاربووم و دوایی بەرەبەرە و بەناچاری بەخشیمن بەو کەسە بێناوە تازەپێگەیشتووانەی کە بەشوێن تازەناوبانگێکەەوە بوون و بۆ نواندن و ناوزڕانی خۆیان بەتەمابوون کۆشک و قەسرەکانیان بە باشترین کتێبخانە لە چاکترین و بەناوبانگترین کتێبەکانی دونیا وەڕازێنن و ھەربۆیەش ئاوەھا وردەوردە لەگەڵ فیکرەتدا پیربووم. دواجار لەسەردەمی پیریدا ھەر بەھۆی فیکرەتەوە فێری زمانی باڵندەکان بووم و لەگەڵیان کەوتمە قسە و دەردەدڵ. لەگەڵ باڵندە شاد و دەنگخۆشەکانمدا، ھاوکاتی دەسپێکردنی پەتای شەڕی ناوخۆ، ھەردەھاتوو غەمگینتر دەبووم و دەنگم نووسا و بەرەبەرە لەخوێندن دەکەوتم. وردەوردە بێدەنگتر بووم و لەگەڵ مردنی ھەر باڵندەیەکدا منیش کزو کزتر بووم. ھەتا بەجارێک بێدەنگی بێدەنگ بووم و سەرەنجام لەگەڵ مردنی دوایین باڵندەدا منیش نووزەم بڕا و مردم. ھەر لە سەرەتای دەرکەوتنی «کەمال یەلدا»وە لەگەڵ وی خۆم سەرقاڵی مۆمیایی کردنی باڵندە مردوەکان کرد، ھەتا ئەو کاتەی ئەوکۆشکە کە سەردەمانێک ناوی بە بەھەشتی باڵندە دەنگخۆشەکان زڕابوو، ناوی گۆڕا بە کۆشکی باڵندە غەمگینەکان و بەوەش نەوستایەوە و بەرەبەرە بوو بە مووزەخانەی باڵندە مۆمیاییە بێدەنگەکان. لە گەڵ «ساقی مەحموود» دا دەیان و سەدان ھۆنراوەم سازکرد و ئاوازم چڕی و بەزمم گێڕا و لەگەڵ ئەویشدا دەنگم وەستا و توانا و حەز و ھەستی گۆرانی گوتنم قەتیس ما. لەگەڵ مەنگوڕ و«سامانی کەسرا» دوای ساڵانێکی زۆر ئەزموونی شاڕلاتانی و چەقۆکێشی لە قاوەخانەو کووچەو کۆڵانەکاندا، لەپڕ پلەی بەرزم پێبەخشرا و ناوبانگی بەرزم دەرکرد و ناوم زڕا و بوومە بەرپرسی باڵا و کەسایەتیم خزایە ناو جەرگە ئەو ژیانەی کە بەخەونیش نەمدیبوو و لەگەڵیدا گەلێ نامۆ بووم. لەگەل «ئاریان»دا بوومە نیگارکێشی خولیاکانی ئەو سەوسەنە ناسک و نەخۆشە و ھێواش ھێواش گیرۆدەی ئەوینێکی شاردراوە و نەدرکاو بووم. ھەموو دەرگا و دار و دیواری ماڵەکەی ئەوم بە نیگاری ئاوێتەیەک لە عەشقی نەدرکاو و خولیایەکی سەوسەنی داپۆشی. لەپیریدا منیش لەگەڵ فیکرەت و مەنگوڕ و ساقی دا یەککەوتمەوە و بوومە ھاوحاڵ و ھاوماڵی ئەوان و بە دەیان جار دوای خواردنی عەسرانە چایەکی حەوشەیی، لەماڵێ وەدەرکەوتم و کووچەو شەقامەکانی شارم تەیکرد و دۆست و ھاوڕێ و ناسیاوە دێرینەکانم کە پێم سەیربوو چۆن ماون، بەسەرکردەوە. لەگەڵ سەوسەندا «ھوزار»ی پڕووشەم بە خولیای گەشت و سەفەرەوە گەورەکرد و ڕۆژێک لەزمان سەوسەنەوە پێم وت:

کوڕم؛ ڕۆڵەم؛ زۆرم ھەوڵدا کە بۆخۆم کارێک بکەم بۆ ئەم گەلە لێقەوماوە. بەڵام نەخۆش بووم؛ باڵم نەبوو بفڕم؛ ھێزم نەبوو ھەنگاو ھەڵێنم. ھەربۆیەش سێ دڵدادەکەی خۆم ڕاسپارد کە برۆن شوێن ئاوات و خولیاکانی من کەون. ناردمن بۆ گەشتێکی ھەشساڵە ھەتا بگەڕێن بەشوێن باشترین ھەتوان بۆ دەردە بێدەرمانەکانی ئەم گەڵە سەرلێشێواوە. بڕۆن و لە شەڕی خۆکوژی دوورکەونەوە و دەرمانێک بۆ چارەسەر و فەوتانی ئەو پەتا نەفرەتیە وەدۆزن. ئەوان ڕۆیشتن و بەڵێنەکانیشیان زۆر بەچاکی بردەسەر و لە سەفەرەکەشدا سەرکەوتوو بوون. بەتووش گەڵێک ڕەنج و زەحمەت و ماندووبوون و کوێرەوەریەوە بوون بەڵام گرێبەستی دڵداریان نەپساند و وادەی خۆیان بەجێھێنا. کاروانی جریوە و دەنگ و ئاوازی زوڵاڵ و دڵگیری ھەزاران باڵندەی جوان و ڕەنگین و جۆراجۆر و ھەمەچەشنی گشت شوێنە جیاوازەکانی جیھانیان گەیاندەجێ و پێشکەش بەم خەڵقە لێقەوماوەیان کرد. گشت بۆن و دەنگ و ڕەنگی ئەم دونیایەیان کۆکردەوە و گەیاندیانە ئەم وڵاتە کە خەڵکی پێ دڵخۆشکەن و جامی خەوی بیرنزمە پلەباڵاکانی پێ وەزرینگێنن؛ کەچی نەک نەیانتوانی، بەڵکوو بە ھاتنەوەیان ئەوانیش نەخوازیاو کەوتنە بەر داو و شاڵاوی ئەم پەتا دێرین و نەفرەتیە. ئەوانیش وەک باڵندەکان و زۆڕێک لە خەڵکی شارەکەم ماڵوێران بوون و تیاچوون و فەوتان. بڕۆ ڕۆڵەم ھوزار؛ بڕۆ و بەردەوامبە لەو گەلە گەشتە ناکامانەی پێشوو. بەردەوامبە و گوزەرکە بەنێو ھەموو شوێنە سەیر و سەمەرەکانی جیھاندا.

بڕۆ ڕۆڵەم با وەک ئێمەت بەسرنەیا. ئێمەیک، کە بەغدادمان لەترسی بەڵا و فەتەراتی شەڕەنگێزی زلھێزەکان بەجێھێشت و پەنامان ھێنا بۆ زێدی خۆمان. ھاتین کە لێرە ئۆقرە بگرین و دووروەکەوین لە بۆنی ترشەڵۆکی تێکەڵەی تۆز و خوێن و باڕووت. بڕۆ ڕۆلەگیان، ئاھا لێرەش ھەموو ھەر بیر لەشەر ئەکەنەوە. لێرە ئەو قەمچی و گۆپاڵەی کە ئەبێ لەسەری نەیاران بدرێ، بەدەس تازەپێگێشتوانی لەخۆگۆڕاو و نەشارەزاوەیە. لێرەش نەک لە خوێن ناترسن، بگرە لە خوشک کوشتن و براکوشتن و ھاوسێ کوشتنیش ناسڵەمنەوە. لێرەش ئەوەی کە چەکی پێیە بەھێزە و ئەوەی ھیزر و بیری ئاشتیە وەرناگیرێ. ئاھا ڕۆڵە، چاولێکە! خۆ ئەوەی کە دەورئەبینێ قینە. کینەیەک کە دەمانێکە بۆتە گڕکانێکی سووتێنەر و نازانم بۆچی لە کوژاندن نایات. بوغزێکی کۆن و نەبڕاوە کە بۆتە مەڵەغانێکی سەرشێت و لەخۆگۆڕاو- شەڵم، کوێرم، ناپارێزم – ھەڵدەسووڕێ و ھەر کە ھاتوو کول بوو پەستا پەستا بە ھەسان و کوورە نەزانی تیژ و دەمەزەردەبێتەوە. لێرە کولانچکەیەکی ئومێد و ھیوامان پێڕانابینن. بڕۆ کوڕم بڕۆ نەبەشکم تۆش بەرکەوی؛ ئاخر ئەم خەنجەرە مەلعوونە لەو تیغانەیە کە دەسکەکەی خۆیان ئەبڕن. بڕۆ بڕۆ نەبەشکم بڵێسە ئیبلیسیەکانی ئەو ئاگرە توخس و نەحسە تۆش بسووتێنی. بڕۆ و تۆش جارێکیکە گشت کەلێن و قوژبنەکانی ئەم جیھانە کەونارایە تێکوەردە و بیپشکنە. ھەموو زەویەکانی دونیا بکێڵە و بکەوەرە دۆزینی ھەموو جل و بەرگەکانی ئەم جیھانە؛ بەڵکوو بتوانی ھەتوانێک بۆ تیماری ئەم پەتایە بێدەرمانە وەدۆزی و بۆمان بێنی.

بڕۆ ڕۆڵەم بڕۆ؛ بفڕە و بڕۆ و تەنھا ئەو کاتە بیر لە گەڕانەوە بکەرەوە کە ھەست ئەکەی شتێکت پێیە. کاتێک کە دەسھاتەکەت دڵخۆشکەربێت و سەرۆبەخشی ھوزارەکانی داھاتوو. چارەسەرێکمان بگەیێنەرێ ھەتا بەدەستی خۆمان، خۆمان نەفەوتاندووە. ھەڵێ ڕۆڵەم؛ کێ چووزانێ تۆش وەک نزاری برامت بەسەر نایا. نەبەشکم تۆش وەک ئەو فریانەکەوی ھیچ چێژ و لەزەتێک لە خۆشیەکانی ڕۆژانی یەکەمی ھاوسەرگیریت، بچێژیت و ھەست پێبکەیت. بڕۆ ھوزار، مەوەستە. بڕۆ و بیریشی لێمەکەرەوە ڕۆڵە….بڕۆ …بڕۆ…

ھوزارم ناردە سەفەر و بە ڕۆیشتنی ئەو منیش لەگەڵ سەوسەندا لەجەستەم جیابوومەوە. ڕۆحم وەک توێشووی سەفەر پێشکەش بە ھوزار کرد و لەگەڵی ڕێکەوتم. ڕێکەوتن بەرەو سەفەرێک بە ئامانجێکی ڕوون و ئاشکرا و دواڕۆژێکی پەنھان و نادیار. ئێستاش لەوە خۆشحاڵم کە لێرە مردووم؛ چونکا منیش وەک کامەرانی سەلما، نامھەوێ:

«ڕۆحم لە جێگایەک و لەشم لە جێگایەکیتر بمرێت»

 

١- فڕانتێس کافکا، (حرفە داستان نویس: فرانک ای.دیکسون، ساندرا اسمیت، چاپ دوم، ترجمە: کاوە فولادی نسب،مریم کھنسال نودھی)لاپەڕە ٢٦

٢- ھەر ئەو سەرچاوە، لاپەڕەی ١٨

سەرنج: ئەم نووسراوە لە بڵاڤۆکی(حەفتەنامەی سیروان)، ژمارەی ٩٤٤، شەممە ٧ی گەلاوێژی ١٣٩٦ی ھەتاوی، چاپ و بڵاوکراوەتەوە

مێژوومان پڕاوپڕی شانازیە

شێرەژنن و گەورەپیاون

بەڵام کاتێک ئەو ڕاستیە

وەک باوەڕێک ئەسەلمێنین

کە چاوانمان نەنووقێنین

لەئاست ئەو شێر و گەورانەی

کۆچ نەیبردوون، ئێستاش ماون

غەفوور ساڵەحی – ١٦ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی ھەتاوی

 


منتشر شده

در

توسط

برچسب‌ها:

دیدگاه‌ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *