ئاوڕدانەوەیەک لە ژیانی ئیمپراتۆری گۆرانی کوردی ، مۆسیقازان، گۆرانیبێژ، گەنجینەی فۆلکلۆری گۆرانی کوردی.

ئاوڕدانەوەیەک لە ژیانی ئیمپراتۆری گۆرانی کوردی ، مۆسیقازان، گۆرانیبێژ، گەنجینەی فۆلکلۆری گۆرانی کوردی.
مامۆستا حەسەن زیرەک
گوڵ ئەندام ئەی تەنافی گەردنم زوڵفی پەرێشانت
عیلاجێک چارەیەک روحمێک ،دەسا من بم بە قوربانت
ئەگەر ئارەزووتان بوو ویستتان کانیلەی ڕۆحتان تەڕ و پاراو بێ و میزاجی کوردەواریتان بێتە جۆش و خرۆش ، وەرنەوە بۆ سەردانی ماڵە دەوڵەمەندەکەی گەرووی حەسەن زیرەک و تێر تێر بە خوڕ ، لە دڵەوە شەرابی گۆرانی بنوشن، چونکە ڕەنگی گۆرانییەکانی زیرەک ، سپی و زەرد و سەوز و سوورە ، کاڵبوون و پیربوونیان بۆ نییە و شەونمی خۆشەویستیان لێ دەچۆڕێ.کاتێک لاپەرەکانی مێژووی نەتەوەیەک هەڵدەدرێتەوە لە گەڵ ناوی کەس یا کەسانێ ڕووبەڕوو دەبینەوە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان توانیویانە لە چوارچێوەی بیری خەڵکدا هەرمانییەکی پیرۆز بۆ خۆیان دەستەبەر کەن . حەسەن زیرەک نموونەیەک لەو کەسانەیە کە بۆ هەمیشە بۆ ئێمەی کورد دەمێنێتەوە.
5ی پووشپەری ساڵی 1300ی هەتاوی لە مەڵبەندی موکریان لە دایکبووە ، بە گوێرەی قسەی هەندێک شاری بۆکان و هەندیک گوندی هەرمێلەی سەقز . لە حەوت ساڵیدا بەردەستی مسگەری و قاوەچییەتی کردووە و هەر لە دوای مردنی باوکی لە 11 ساڵیدا لە دێ بار دەکەن و دەچنە شاری سەقز و دایکی لە وێ شوو دەکات و حەسەن زیرەک لە تەمەنی 12 ساڵیدا دەگەڕێتەوە بۆ هەرمێلە، هەر لەو تەمەنەدا دەنگە خۆشەکەی سەرنجی خەڵکی ئەو دێیە بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت و هەمووان هەوڵی ئەوەیان دەبێت کە زیرەک لە دەنگە خۆشەکەی بێ بەشیان نەکات. دواتر بە هۆی ڕووداوێکەوە کە بۆی دێتە پێش ڕوو لە باشوور و دواتر دەچێتە بەغدا و بە هۆی چەند کەسێک لە میوانخانەیەک دادەمەزرێت، لەوێش بە هۆی دەنگە خۆشەکەی وە ناوبانگ دەردەکات و چەند کەس لە ناودارانی مۆسیقای کوردی وەک عەلی مەردان لە ساڵی 1953 زیرەک لەوێ دەبینن و دەیبەنە بەشی کوردی ڕادیۆ بەغدا و بۆ یەکەم جار دەنگی لە ڕادیۆ کوردی بەغدا دەبیسرێت، بەم جۆرە مەیدانێکی باش بۆ خۆنواندنی گورانیبێژیی زیرەک پەیدا دەبێت. زیرەک ماوەی نزیک بە 5 ساڵ مانەوە لە عێراقدا دەبێتە دۆست و ئاشنای زۆر هورمەندانی بە ناوبانگی کورد،
لە 14ی ئابی 1958 حەسەن زیرەک دەگەرێتەوە بۆ ئێران و لەوێ چووە بۆ ڕادیۆ تاران و لە گەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئێرانی وەک حسەین یاحەقی، حەسەن کەسایی، جەلیل شەهناز ،جەهانگیر مەلک ، ئەحمەد عیبادی بووە . زیرەک ئەگەرچی لە بەر بارودۆخی ئەستەمی ژیان لە خوێندن بێ بەش مابوو ، بەڵام توانای بێوێنەی لە هۆنینی شیعری کوردی و دانانی مۆسیقای کوردی هەبوو، ئەو توانایە لە گەڵ دەنگی بێ وێنەی بووە هۆی ئەوەی کە لە سەرانسەری کوردستان ببێتە خۆشەویستی جەماوەری خەڵک .حەسەن زیرەک لە ماوەی ژیانی هونەری دا دەربەدەری زۆری چەشتووە ،نە لە ئێران و نە لە عێراق ڕۆی خۆشی نەدیوە، هەڵسوکەوتی حکومەتی ئێران کێشەی زۆری بۆ دروست کردووە، بۆ نموونە، دوای ماوەیەک ئیتر ڕێگەیان نەداوە بۆ ڕادیۆ تاران ، ئەوە دڵی ناسکی زیرەکی ڕەنجاند و بڕیاریدا چیتر نەگەڕێتەوە بو تاران و باری کرد بۆ عێراق ، بەڵام لە بەغدا دەستبەسەر کرا و لە بەندیخانە ئەشکەنجەدرا، دوای ڕزگاری ڕەوانەی ئێران دەبێتەوە ، بۆ چارەڕەشی لە ئێرانیش ساواک دەیگرێت و لە وێش ئەشکەنجەی زۆر دەدرێت .
زیرەک لە ساڵی 1962تا 64 لە ڕادیۆ کرماشان لە گەڵ گەورەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە وەک موجتەبا میرزادە، مەحمود عەبدولسەمەدی، ئەکبەر ئیزەدی،بەهمەن پوولەکی ،
حەسەن یۆسف زەمانی، حوسێن یوسف زەمانی،حەسەن کامکار،فەرەیدون مورادی .
کاری کردووە و بەرهەمەکانی وەک شاکارەکانی مۆسیقای ئەو سەردەمە بە یادگار ماون .زۆر کەسایەتی وەک شەهرام نازری ، شەجەریان سەبارەت بە حەسەن زیرەک لێدوانیان بووە و شەجەریان دەڵێ . ئەگەر مۆزیکی شەرقی و بە تایبەت ئێرانی ڕۆژێک لە ڕۆژان بتوانێ بە زەرفییەتە بێ نیهایەتەکانی دەنگ و مۆزیک و هونەری حەسەن زیرەک بگات ،دەبێ شانازی بە خۆیەوە بکا . لە هونەرمەندی و دلسۆزی زیرەک بەکار بردنی شیعرەکانی .مامۆستایانی وەک .هێمن ، ناڵی ،پیرەمێرد ، ئیمامی .هەردی ،تاهیربەگی جاف، مستەفا بەگی کوردی،قانع، گۆران،وەفایی، حەریف، ناری، کە ئەوکات ئیزنی بڵاوبوونەیان نەبووە بە گۆرانی وتوویەتەوە.بە پێی هەندێک زانیاریەکان نزیک 1053 و هەندێکی کە 1200 گۆرانی بڵاو کراوە و نەکراوی هەیە.
بە داخ و کەسەرێکی زۆرەوە لە ڕۆژی 1972/6/26 زیرەک لە نەخۆشخانەی بۆکان ماڵاوایی لە زێد و نیشتمانەکەی دەکات و چرای تەمەنی لە سووتان دەکەوێت و لە داوێنی کێوی ناڵەشکێنە ئەسپاردەی دایکی نیشتمان دەکرێت .بەڵام دەنگە خۆشەکەی بۆ هەمیشە لە دڵی خەڵکدا دەمێنێتەوە و دوای ئەو هەموو ساڵانە ئێستاش لە شار و گوندەکانی کوردستان و لە ماڵی کوردان گوێ لە گۆرانییەکانی دەگیرێت .
ئامادە کاری دەق .مەنسور ئەمین نژاد
سەرچاوەکان .ویکیپیدیا. عەبدولی حەمەباقی . وریا ڕەحمانی

 

 

دیدگاه‌ها

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *