دیتنی شانۆی “هەموومان باشین” بەرهەمی دەرهێنەرانی بەئەزموون “سامان مێهران” و “فەرزاد حەسەن میرزایی”.
شەوی پێنج شەممە ۹۷/۹/۸، سەعات ۸ی پاشنیوەڕۆ، ئەندامانی ئاشتی ـ بانە، لە هۆڵی شانۆی سەقز بەشدارییان کرد لە دیتنی شانۆی “هەموومان باشین” بەرهەمی دەرهێنەرانی بەئەزموونی شارەکەمان “سامان مێهران” و “فەرزاد حەسەن میرزایی”. شانۆی هموومان باشین بەڕاستی کاری بۆ کرابوو و زەحمەتی زۆری بۆ کێشرابوو. هونەرمەند عەلی مەحمودی شانۆگەری بەتوانای شارەکەمان کە ڕۆڵی کاراکتەری سەرەکی شانۆکەی لە ئەستۆ بوو، بە نواندنێکی جوان و بە هاوکاری هونەرمەندە شانۆگەرەکانیدی توانی زۆر بەچاکی سرنجی بەردەنگ و بینەرانی هۆڵەکە ڕاکێشێت.
ئاشتی لە دوای تەواو بوونی شانۆکە، لە دانیشتنێکدا لەگەڵ دوکتور قوتبەدین سادقی، دوکتور ناسح کامکاران، بەرپرسی شارەوانی بانە و ئاندامانی شۆرای شاری بانە و بەرپرسانی دایرەی ارشادی شارەکانی بانە و سەقز، بەشداری کرد. لەو دانیشتنەدا زۆر بە جیدی کەموکورتیەکانی ئیمکاناتی هونەری شانۆ لە بانە باسی لەسەر کرا. لەدوای قسەکانی کەسایەتییە پسپۆڕەکانی بواری شانۆ و بەرپرسانی فەرهەنگی شارەکانی بانە و سەقز، بەرپرسی هەیئەت مودیرەی ئاشتی لەگەڵ باس لەسەر پێویستی ئاوڕدانەوەی جیدی لە هونەری شانۆ لە بانە، ئامادەیی بنکەی ئاشتی ڕاگەیاند بۆ هاوکاری هەر هەنگاو و هەڵمەتێک بەمەبەستی گەشەی هونەری شارەکەمان. هەروەها بانگێشتی دوکتور قوتبەدین سادقی و پسپۆڕانی بواری شانۆی کرد بۆ سەردانی بانە و کردنەوەی خولی فێرکاری بۆ هونەرمەندانی شانۆگەر و هاوکاری و یارمەتی بۆ گەشەی پتری هونەری شانۆ لە شاری بانە. لە دوا تەوەری باسەکەدا، حازرانی ئەو دایشتنە بەڵێنیان دا هەوڵ و تێکۆشانەکان بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی هونەری شانۆ لە بانە یەکبخرێن و بەشێوەی جیدی بەدواداچوونی بۆ بکرێت.
دیدگاهتان را بنویسید