آشتی
درباره ما

درباره ما

ئاشتی - بنیاد توسعه فرهنگی بانه سازمانی غير انتفاعي و غير دولتي و مردمی بوده که در راستای ارتقای سطح فرهنگی و گسترش آن فعالیت مینماید. بر این اساس ما جمعی از شهروندان شهرستان بانه بر آن شدیم که با تأسیس یک نهاد مدنی که به طور خاص رویکردی فرهنگی دارد، تلاش نماییم که مسایل و مشکلاتی را که گریبانگیر شهر و دیارمان شده است از صافی عقل جمعی عبور داده و با همت مسئولانه خویش در صدد حل آنها و ارائه راهکارهی لازم برآییم. لذا بر خود لازم دانستیم که در این برهه زمانی، ضمن احساس مسئولیت مدنی، سایر…[ادامه]

درباره ما
خواندم !

رەهه ندەکانی ئازادی‌ و فانتازیای په رەسه ندن له کوردستان

نوشته شده توسط در تاریخ ۱۳۹۴-۰۴-۲۳ 2,362 بازدید

كاتێك دەمانهەوێت بە ڕیشەی چەمكی ئازادی‌دا بڕۆینە خوارەوە، پێویستە سەرنج بدەینە پێكهاتە و بونیادی كۆمەڵایەتی و فیكری و كولتووری كۆمەڵگا. دەبێ بزانین لە چ كۆمەڵگایەكدا دەمانەوێت ئەو چەمكە لێك بدەینەوە و بزانین ئەو بونیاد و دەزگایانەی كە چەمك بەرهەم دەهێنن، لە چ ڕێباز و ئایدیولۆژیایەكەوە تێراو دەبن و چ پێناسەیەك لە مرۆڤ ئەدەن بە دەستەوە. لە دیدی ئەو كۆمەڵگایەدا مرۆڤ چۆن بوونەوەرێكە؟ ئایا ئینسان وەك بوونەوەرێكی سەربەست و مەزن و خاوەن ئیرادەی ئازاد لە ئەژماردێت یا هەبوونێكی بچووك و سووكایەتی ئامێزی هەیە؟ كە دەڵێین پێناسەی "ئازادی" لە كۆمەڵگادا بەستراوە بەو پێناسەی كە ئەو كۆمەڵگایە لە حوكمەت ئەیكات، مەبەستمان ئەوەیە بزانین دەسەڵاتداران بە پێی چ میكانیسم و پێودانگێك دەچنە سەر تەختی دەسەڵات و ئایا شەرعییەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەكەن بە داردەستێك بۆ پێشێلكردن‌ و لە بەندهاویشتن و بەرتەسككردنەوەی ئازادی؟ ئایا جەماوەر، تا چ ڕادەیەك لە گەڵ تاقمی دەسەڵاتدار هەست بە نزیكایەتی و متمانە ئەكەن و تێڕوانینەكانیان لە ڕواوروویی وپاشەملدا، وەك یەك دێتەوە؟

کاتێک دەمانهەوێت بە ڕیشەی چەمکی ئازادی‌دا بڕۆینە خوارەوە، پێویستە سەرنج بدەینە پێکهاتە و بونیادی کۆمەڵایەتی و فیکری و کولتووری کۆمەڵگا. دەبێ بزانین لە چ کۆمەڵگایەکدا دەمانەوێت ئەو چەمکە لێک بدەینەوە و بزانین ئەو بونیاد و دەزگایانەی کە چەمک بەرهەم دەهێنن، لە چ ڕێباز و ئایدیولۆژیایەکەوە تێراو دەبن و چ پێناسەیەک لە مرۆڤ ئەدەن بە دەستەوە. لە دیدی ئەو کۆمەڵگایەدا مرۆڤ چۆن بوونەوەرێکە؟ ئایا ئینسان وەک بوونەوەرێکی سەربەست و مەزن و خاوەن ئیرادەی ئازاد لە ئەژماردێت یا هەبوونێکی بچووک و سووکایەتی ئامێزی هەیە؟ …

رەهەندەکانی ئازادی‌ و فانتازیای

پەرەسەندن لە کوردستان*

ئەحمەد شەبانی

پێشەکی

“ئازادی” ئەو چەمکە پیرۆزەیە کە بە درێژایی زەمەن، مرۆڤ هەوڵی داوە بە دەستی بێنێ تاکوو خۆی لە جەغزی هەر چەشنە کۆیلەیەتییەک ڕزگار بکات. لەم ڕێگە سەخت و دژوارەدا، تەنیا ئاسەوارێک کە تەعبیر لەم هەوڵە دەکات، تیاچوون و کوژران و داڕمان ودابڕانی مروڤانێکی بێ پایانە کە بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، بوونەتە قوربانی لەبەردەم قەسابان و جەللادانی ئەم وشە پیرۆزەدا. ئازادی بریتیە لەو پێناسەی کە کۆمەڵگا (بە نوخبەو جەماوەرەکەی)لە مرۆڤ وحوکمەت و ڕابردو و ئایندە و پەرەسەندوویی دەیکات. پێناسەی ئازادی، ئەو چەمکەیە کە لە کەشی کولتووری و فیکری کۆمەڵگاکاندا، دیتە ئاراوە.

کاتێک دەمانهەوێت بە ڕیشەی چەمکی ئازادی‌دا بڕۆینە خوارەوە، پێویستە سەرنج بدەینە پێکهاتە و بونیادی کۆمەڵایەتی و فیکری و کولتووری کۆمەڵگا. دەبێ بزانین لە چ کۆمەڵگایەکدا دەمانەوێت ئەو چەمکە لێک بدەینەوە و بزانین ئەو بونیاد و دەزگایانەی کە چەمک بەرهەم دەهێنن، لە چ ڕێباز و ئایدیولۆژیایەکەوە تێراو دەبن و چ پێناسەیەک لە مرۆڤ ئەدەن بە دەستەوە. لە دیدی ئەو کۆمەڵگایەدا مرۆڤ چۆن بوونەوەرێکە؟ ئایا ئینسان وەک بوونەوەرێکی سەربەست و مەزن و خاوەن ئیرادەی ئازاد لە ئەژماردێت یا هەبوونێکی بچووک و سووکایەتی ئامێزی هەیە؟ کە دەڵێین پێناسەی “ئازادی” لە کۆمەڵگادا بەستراوە بەو پێناسەی کە ئەو کۆمەڵگایە لە حوکمەت ئەیکات، مەبەستمان ئەوەیە بزانین دەسەڵاتداران بە پێی چ میکانیسم و پێودانگێک دەچنە سەر تەختی دەسەڵات و ئایا شەرعییەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەکەن بە داردەستێک بۆ پێشێلکردن‌ و لە بەندهاویشتن و بەرتەسککردنەوەی ئازادی؟ ئایا جەماوەر، تا چ ڕادەیەک لە گەڵ تاقمی دەسەڵاتدار هەست بە نزیکایەتی و متمانە ئەکەن و تێڕوانینەکانیان لە ڕواوروویی وپاشەملدا، وەک یەک دێتەوە؟

ڕابردووی کۆمەڵگا، یەکێکی ترە لەو پێودانگانەی کە کۆمەڵگایەک بۆ نرخاندنی ئازادی، دەبێ ئاوڕی لێبداتەوە. کە کۆمەڵگا هەڵدەستێ بە پێناسەی ئازادی، دەبێ تێڕوانینێکی بوێرانەی هەبێت لە ڕابردووی خۆی تاکوو بزانێ ئەو کۆسپ و تەگەرانەی لە بەرامبەر پڕۆسەی بەئازادبونیدا، لەمپەریان دروست کردووە، کامانەن؛ نەکا جارێکی تر مەحکووم بێت بە دوبارەکردنەوەیان! ئینجا لەداهاتو بڕوانێ‌ و پلان ‌و نەخشەی بۆ بکێشێ کە چۆن بە کەمترین خەرج و بەرجەوە دەستی بگاتە ئازادی. ئەم لەنگەرگرتنانە، کۆپلەیەک بوو لەو کەشوهەوایەی کە لە کۆمەڵگایەکدا پێک دێت تاکوو بەو پێیە پێناسەی ئازادی بکرێت. لێرەدا ئەو ڕەهەندانەی کە  ئازادی، بۆ کۆمەڵگایەک بەرهەم ئەهێنن تاکوو لە سایەی ئەم ڕەوتەدا، پەرەسەندن، سەقامگیرببێت دەکەونە بەرباس. پێویستە ئەمەش بڵێم کە هەوڵم داوە, کەمتاکورتێک ئەم رەهەندانە لە هەندێ لە واقیعەکانی کۆمەڵگای کوردی بقۆزمەوە.

۱)هیوایەت بە ژیان

ئەم ڕەهەندە دوو توێی لێئەبێتەوە. یەکەم؛ ژیان بە مانای زیندەگی کردن و ژین بەسەربردن. دووهەم, ژیان بە مانای هەرمان، واتە مانەوەی هەمیشەیی ‌و قەت نەمردن. ئەم توێیەی ژیان، قەت بەدی نایەت و مرۆڤ تاکاتی مردنی هەر پێوەی ئەتلێتەوە. بەڵام توێی یەکەم، واتە  ژیان«، شتێکی مرۆییە و دەبێ ڕاڤەی لەسەربکرێت. بابزانین چۆن هیوایەت بەژیان، ڕەهەندێکە بۆ چەسپاندنی ئازادی لە کۆمەڵگادا و ئەم ڕەهەندە چۆن ڕەوتی پەرەسەندن ئاسان ئەکاتەوە؟ هیوایەت بە دەوامەی ژیان، ئاواتێکە لە بەرامبەر ناهومێدی و بێهیوایی مرۆڤ بە ژین، مانا پەیدا دەکرێتەوە. کۆمەڵگایەک کە هیوادارە بە ژیان ،دەرکی زەمەن ئەکات بە چرکەساتەکانییەوە و هەمیشە هەستیارییەکی چالاکی تیا بەدی ئەکرێت بۆ ئەوەی نەهێڵێ کەمترین چرکە ساتەکانی تەمەنی لە دەست دەرچێت. ئەم هەستیارییە شتێکی نوێیەو تایبەتە بە کۆمەڵگا ئینسانیەکان. لەو زێدانەی کە هێشتا پڕۆسەی بەکۆمەڵگابوون تێیدا نەهاتۆتە کایەوە و مرۆڤەکانی وەک جڤاتی ئینسانی (رَەشەگەل) پێکەوە هەڵسوکەوت ئەکەن، دەرکی زەمەن‌ و کات، باسی لێناکرێ و هیوایەت بەژیان لە ئاستی ڕمەکی خۆیدا دەمێنێتەوە. مرۆڤ ئەوکاتە هیوای بەژیان ئەچێتە سەرەوە کە بزانێ هەرساتێک لە تەمەنی دەتوانێ تیشک بهاوێژێتە سووچێکی تاریکی ژیانی تاکوو لەم ڕێگەوە، بەختیاریی بە هەمووان پێشکەش بکات. بیرکردنەوە لەداهاتو ، ڕەگەزێکە‌ مرۆڤ دەتوانێ هیوایەتی رووەوچاکبوونی شتەکانی پێ‌دەستەبەربکات. پلانڕێژی بۆداهاتوو، پێویستی بە جووڵە و هەنگاونانە. مرۆڤی بێ‌جووڵە، لە ئاوێک دەچێ کە ڕێگە بە هیچ ڕێچکەیەک نابات و سەرەنجام دەبێتە زەلکاوێک وبۆگەن دەکاو لەناو دەچێ. رێژەی هیوایەت بەژیان لە کۆمەڵگایەکدا دەچێتە سەرەوە کە جەماوەر بەگشتی حەز بە گەشەی کۆمەڵگا بکەن و توانایی ولێهاتوییەکانی مرۆڤ ڕێزی لێبگیرێ وبۆ گەشانەوەی ئەم توانستانە هەوڵی هەمەلایەنە بدرێت. کۆمەڵگا دەبێ بۆ مرۆڤ وەک »کەسایەتییەک« ڕێز دابنێت تاکوو ئەویش ببێتە ئینسانێکی کارامەو لێهاتوییەکانی خۆی بخاتە خزمەت بەختیاری و ئازادی هەمووانەوە.

لە کەشوهەوایەکی کەلتووری ومەعریفی کۆمەڵگادا کە ڕۆحیانەت و کەسایەتی وئارمانج و ئاواتەکانی مرۆڤ ڕچاو ناکرێت، بێگومان خەمساردی‌ و بێ‌مشووری باڵ ئەکێشێ بە سەر دیاردەکانا. ئەمەش وێنایەکە لە زۆرینەی وڵاتانی دواکەوتوو. کوردستانیش وەک پارچەیەک لە وڵاتێکی دواکەوتوو، هەموو ئەم کەموکووڕییانەو بگرە زیاتریشی هەیەو ئەگەر بۆ هەندێ لە ناوچەکانی تری ئەم وڵاتە، ئەم نوقسان و کەمایەسیانە کاڵ‌ و بێڕەنگ بێت، ئەوا بۆ کۆمەڵگای کوردی خەست و خوڕترە. لای مرۆڤی کورد، چۆن هیوایەت بە ژیان بەرجەستەئەبێت و مانا پەیدا ئەکات؟لە غیابی ئەو هۆکارانەی کە بە گشتی ئاماژەی پێدرا، مرۆڤی کورد خۆی بە کام خایلەوە سەرقاڵ بکات، تاکوو پلەی هیوایەت بە ژیان، پلەیەکی پەسندکراو بێت؟

ڕەنگە تاکە ڕەگەزی پاڵنەر بە ئینسانی کوردەوە ئەمەبێت کە دەبێ بۆ گەیشتن بە سەربەستی، هیوایەتی خۆی بە ژیان بباتە سەرەوە. ئەم هیوایەتە ئەگەرچی لە بەهرە ماددی و مەعنەوییەکانی مرۆڤی چاخی “پەرەسەندن” بێ بەهرەیە ( یا زۆر کەم بەهرەیە)، بەڵام گەیشتن بە کەشوهەوایەکی ئازاد کە مرۆڤی کوردیش تێیدا هەوای ئازادی هەڵمژێ، ئەبێتە ئەو فانتازیایەی کە لێکدانەوەکەی پڕە لە توخمی بەزەیی و گەلێک تەمومژاوییە. پێکهێنانی ئەم کەشە بۆ وڵاتانی دراوسێی کوردستان، چەندە دژوازو ئەستەمە ، بۆ کوردستانی‌بندەست، دەیان ئەوەندە. لەم ڕووەوە، ڕێژەی پەرەسەندوویی کۆمەڵگای کوردی، وەک فەکتەرێکی بەهێز، گرێدراوی ئەو کەشە ئازاد و دیموکراتیەیە کە کورد بکرێ وەک شارۆمەندێک سەیری بکرێ و لە هەموو ئەو ڕێگرە ڕاسیستییانە بەدووربێت.

 

۲)پێوەندی نوخبە،دەوڵەت و جەماوەر

 

ڕەهەندێکی تر کە بۆمان دەرئەخات کۆمەڵگایەک چەندە لە ئازادی بەهرەوەرە، ئەمەیە کە بزانین پێوەندی نێوان خەڵک و حوکمەت و نوخبە چۆن سازدراوە؟ بە واتایەکی تر سێکوچکەی ئەم سێ لایەنە سەرەکییە، چۆن کیشراوەتەوە؟ پێویستە بزانین جەماوەر لەگەڵ سیستەمی حوکمەت لە لایەکەوەو لە لایەکی ترەوە لەگەڵ نوخبەکانی خۆی،چۆن رەفتار دەکات؟ لە زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەمدا بە گشتی خەڵک بە چاوێکی گوماناوییەوە دەڕواننە دامودەزگا حوکومییەکانەوە و ئەم حوکمەتانە لەدیدی خەڵکەوە بە بێگانە و ناشەرعی دەژمیردرێن. لە هەندێ لەم وڵاتانەدا تەنانەت خەڵک بە گشتی ناوی ڕێبەر و سەرۆک حوکمەتەکانی خۆیان نازانن. ئەگەریش جارجار ئەم ناوانە بێتە سەر زاریان، ئاوێتەیە لەگەڵ ڕق و کین وقێزەونیدا. لە بەرئەوەی ئەو شەرعییەتە کە پێکهێنەری ئەم بنیاتە حوکومییەیە، لە بنچینەیەکی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی بەهرەوەر نییە. لە نێوان خەڵک و تاقمی دەسەڵاتداردا، ئەرخەیانی ومتمانەیەک ئەگەر ببێت بە شێوەیەکی کارتۆنییە. هەبوونی ئەرخەیانی ڕاستەقینە لەنێوان حۆکمەت وخەڵک و نوخبە، دەبێتە هۆی نزیکایەتی و هاوڕایەتی لە نێوانیان و لە وەها دۆخێکدایە کە چەمکی دەوڵەتە ـــ نەتەوە دێتە گوتاری گوزارە سیاسیەکان و مەملەکەت بە باشی بەڕێوەئەچێ. لە وەها کەشێکدایە کە ڕۆحیانەتی بێغەش و خاوێنی خەڵکانی بێدەسەڵات موتوربە ئەکرێت بە سیستەمی دەوڵەت. لە وڵاتانی جیهانی سێهەمدا،پێناسەکردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان ئەبێتە گرێ کوێرەیەک کە نە بە دەست ونە بە ددان ناکرێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەوەی کە بەناوی بەرژەوەندی ومەسڵەحەتی میللی ناوبردە دەکرێ، بە بێ ڕچاوکردنی داخوازییە حەقیقییەکانی خەڵکەو پۆلێن‌بەندی واقیعە سیاسی و کۆمەڵایەتی وفەرهەنگییەکان بۆئەوەی دەرکەوێ کامیان لە پێشتربن، دەبێتە کێشەیەکی چارەسەرنەکراو. ئەوەیکە خەڵک لە بەرامبەر دەوڵەت و دەسەڵاتدا هەست بە ئارامی بکەن، کاتێک ڕووئەدا کە حوکمەت خەڵکی بەلاوە مەبەست بێت ‌و پشت بەوانەوە ببەستێت وەک لەوەی بە دارودەستە ئیداری‌ و دەوڵەتیەکانیەوە خۆی ڕاوەشێنێت.

بە هۆی نەبوونی ئەم فاکتەرانەیە کە چەمکی دەوڵەتە نەتەوە بیچم نابەستێ‌ و دەوڵەت لەبری ئەوەی نوێنەری واقیعی خەڵک بێت، هەر لەجەغزی بەتاڵی خۆیدا خول ئەخواو دەوڵەتی “حوکمەت” ئەمێنێتەوە. ئیفلیج بوونی متمانەی نەتەوەیەک بە نیسبەت حوکمەت، لەمپەڕێکە لەسەر رێگای بنەگربوونی ئازادی. ئازادی لە کۆمەڵگادا نایەتە بەرهەم مەگەر بە زەمانەتی پشتئەستووربوونی حوکمەت بە هێز و وزەی خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە. لەم ڕووەوە پەرەسەندنی کۆمەڵگا بەبێ ئەم زەمینە و ڕایەخە فیکری ‌و سیاسیانە نایەتە بەرهەم ‌و ئەم ویستە وەک فانتازییایەک دەمێنێتەوە. کێشەی پەرەسەندوویی کوردستان وەک کیانێکی پارچەپارچەکراو، لە گڵۆڵەیەکی ئاڵۆز دەچێت کە جەمسەری کێشە و گرفتەکانی ناپەیدان. قسەکردن لە ” ئازادی” لەشوێنێکدا کە تەنانەت بەناوبردنی وشەی “کورد” زۆرکەس هەڵدەبەزن، وەبیر هێنەرەوەی جۆرێکە لە مردن‌ و پاکتاوکردنی ڕەگەزی. لەکەشێکی”ئازاد”دایە کە مرۆڤ دەتوانێ قسە لە هەموو بابەتێک بکات. لە سەرهۆکارەکانی دواکەوتوویی خۆیی‌ و کۆمەڵگاکەی بدوێت. ئەوەیکە هێندێک پێیان وایە “پەرەسەندوویی بە بێ دارایی ‌و تەکنۆلۆژی نایەتە بەرهەم” ناکرێ وەک گوزارەیەکی ڕەها قبووڵ بکرێت, چونکا ڕێگا لە چارەسەری مەسەلەکە ئەگرێت. پەرەسەندوویی تەنیا پەیوەست نییە بە ڕێژەی بەرهەمهێنانی ماددی و تەکنۆلۆژییەوە. بگۆڕی چالاکی ئەم بەستێنە، بەپلەی یەکەم، پەیوەستە بە کولتوور. ئەگەر نیشتمان‌پەروەری‌ و عەشقی گەل بەنیشتمان، ڕێژەیەکی باڵا لە خۆ نەگرێ ‌و لە پێناوی ئەم عەشقەدا کار نەکرێت، ئەوا پەرەسەندوویی، یەکلایەن ‌و ڕووکەشیانە ئەبێت.

هەندێک لە کاربەدەستان ‌و بگرە نوخبەی ئەم دەڤەرە کاتێک لە پەرەسەندوویی کوردستان ئەدوێن‌ و هۆکارەکانی لێکئەدەنەوە، بە زۆری لەسەر زەمینە و ئیمکانە ماددییەکان (بۆ وێنە ڕێگاوبان ‌و پیشەسازی ‌و…)جەخت ئەکەن. بەم پیێە لای ئەمان پەرەسەندوویی تەشکێکی ڕووکاریی و ڕواڵەتی هەیە. کەچی بۆ لایەنە فیکری‌ و زەینییەکانی ئەو کولتوورەی کە بە جەوهەری پەرەسەندن وزە دەبەخشێ، ئاماژە ناکرێ. بۆ وێنە ڕۆڵی بەرجەستە و زۆر گرینگی”ناسنامە”و ئەو دۆخە قەیراناوییەی کە ئەم فاکتەرە سەرەکییە پێکی دەهێنێت‌ لە کێشەی”پەرەسەندنی مرۆڤی کوردی” دا، لای لێناکرێتەوە. نوخبەی کورد هەم بە “نوخبەی فیکری” و هەم بە “نوخبەی ئامێری”یەوە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەرەو یەک شوێن هەنگاو دەنێن. نوخبەی ئامێری(وەک نوێنەرانی پەرلەمان وکاربەدەستانی ئیداری) لە بەرئەوەی لە کەشێکی نائازاد و نادیموکراتدا پەروەردە کراوە، لە بەرامبەر باڵادەستی و سەروەری ئەو شوناسەی کە “ناوەند” بانگەشەی بۆدەکات، دۆژدائەمێنێ و شوناسی “خود” بە پێکهاتەیەکی کەمینەیی و بێتوانا ئەبینێ کە لە بەرامبەری “ئەویدی”دا کارێکی لەدەست نایەت. نوخبەی فیکریش ( وەک ئەو نووسەرو ڕاڤەکارانەی کە لەم چەن ساڵەی دواییدا هاتوونە مەیدانی کاری فیکرییەوە) لە بەر ئەوەی نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی دەزگایەک و لەبەرامبەر کێشەو گرفتەکانی کۆمەڵگای خۆیدا بە “پڕوژە” کار بکات، تووشی پەتایەک هاتووە کە هەرکەس لە جەغزی خۆیدا دەهێڵتەوە و هەرکەس سەری لەناو کۆشی خۆیدا دەبینێتەوە.

پەتاکانی ئەم دوو جۆرە نوخبە و نەبوونی متمانە لەنێوان دەزگای حوکومی‌ و جەماوەر، باری نائاسایی”ئازادی”, وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی پەرەسەندن لە کوردستاندا، دەخاتە ژێر پرسیارەوە. ڕاهیکردنی ئەم مەسەلە پێویستی بە پەیجووری‌ و توێژینەوە هەیە کە پێویست‌ ئەکا ئاوڕێکی جیددی لێ‌بدرێتەوە.

۳) هەڵبژاردنی ئازاد

سێهەمین ڕەهەند لە بازنەی ئازادی و پەرەسەندندا، ئەمەیە کە »خەڵکی کۆمەڵگا لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی هەڵبژاردن بەهرەوەربن.”مافی هەڵبژاردن” یەکێکە لەو مافە پیرۆزانەی کە مرۆڤ بە درێژایی مێژوو لەبەردەمیا بووە. مێژووی مرۆ ئەگەر سەخت ‌و گرانبار بووبێت یان ئەگەریش ساناو لەبار، لە هەر دوو حاڵەتەکەدا بە پێی ” هەڵبژاردنی ” خۆی مرۆڤ بووە. ئەگەر خەڵکانی سەر زەوی تووشی نوشست‌ و داڕمان بووبێتن یا خود بەختەوەر و شاناز، دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستەی ئەوان لە بەرامبەر ئەو قۆناغە لە تەمەنیان. ئەگەر کۆمەڵگایەک لە بەرامبەر سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەت‌ و پاشاگەردانی لە وڵاتەکەیاندا خەمساردبووبێتن، ئەوا ئەم خەمساردییە، دەرفەتی چووزەرەکردنی ئەم نەهامەتییە سیاسی ‌و کولتووری‌ و کۆمەڵایەتییە درێژە ئەدا و بەشێوەیەیەکی ناڕاستەوخۆ دۆخێکی گرانباریان بۆ بەدی دەهێنێ. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر کۆمەڵگایەک هەموو توخم‌ و ڕەگەزێکی کە بە دژی بەختیاری‌ خۆی، لەناو بردبێت، ئەویش بە دەستی خۆی لە دایکبوون‌ و عومرێکی دووبارەی بە خۆی عەتا کردۆتەوە. لیرەدا مەبەستم ئەوە نییە کە هەموو بگۆڕەکان دابەزێنمە سەر ڕۆڵی ئیرادە و ویستی جەماوەری کۆمەڵگایەکی دیاریکراو بەڵام نکووڵی لێناکرێ کە تاکوو میللەتێک ئاسۆکانی خۆی بۆداهاتوویەکی گەش ‌و ڕووناک دیاری نەکات‌ و خۆی لە ڕووی ئیرادەیەکەوە بڕیار نەدات بۆ هەڵبژاردنێکی پاک، بگۆڕە لاوەکییەکانی‌تر( وەک ڕۆڵی دەوڵەتان‌ و کۆمەڵگاکانی دەوروبەر و ڕۆڵی سەرچاوەسروشتییەکان) هێندە کاریگەرییەکی بەرچاویان نابێت.

یەکێک لەو پەتایانەی کە تووشی وڵاتانی دواکەوتوو بووە، کولتوورێکە بەناوی”ملکەچی‌ و پەیڕەوکردنی کوێرانە” .ئەم کولتوورە کە لە ناو سیستەمی حوکومی ‌و ئیداریدا زۆرتر ڕەنگی داوەتەوە، دەرفەت نادا بە مرۆڤ ــ وەک تاکێک ــ بە خۆی ڕابگا و باری فیکری‌ و زەینی خۆی بهاوروژێنێ. ئەم ئاکارە لە بەردەم پیاچوونەوەی مرۆڤ بە ناخی مەعریفی خۆیدا و هەلاجانی فەلسەفی‌ و فیکری مرۆ بە گشتی، ڕێگرە و ئینسانەکان لە وەها کەشێکدا دەرفەتی دۆزی فەلسەفی‌ و فیکری ناقۆزنەوە. کولتووری “پەیڕەوکردنی کوێرانە” لە بەرامبەر کولتووری “پەرەسەندوویی”دا دێتە کایەوە. چونکا بە پێچەوانەی ئەم کولتوورە، لە کۆمەڵگایەکی پەرەسەندوودا، مرۆڤ بۆی هەیە دەستێوەردانێکی فیکری لە ڕوانگەکانی خۆی بکاو لە تێفکرین و هەڵبژاردندا ئازاد بێ ‌و بە شێوەیەکی هەمەلایەنە گەشە بکات. لە پڕۆسەی ئاڵۆزی هەڵبژاردندا، دانوستانی کۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی پێشکەوتنی وشیارانەی کۆمەڵگا. کەواتە پەرەسەندوویی پێویستی بە ئیرادەیەکی گشتییە کە”هەڵبژێرێت”. کۆمەڵگا ئەبێ بە هەموو دەزگا مەدەنی‌ و حوکومیەکانیەوە،”بڕیار” بدات کە گەشە بکات. ئینجا دوای ئەم بڕیارە چارەنوسسازەیە کە دەبێ پێمل بێت بە ” یاساو رێساکانی پەرەسەندن “. بەڵام با لێرەدا هەندێ لەم یاسا و رێسایانە بخەینە‌‌‌‌ بەرچاو:

ئا) تواناییە فیکرییەکانی ئەنجومەنی حوکم.

مێژوو سەلماندویەتی کە بەزۆری بڕیاردان بۆ پەرەسەندن، بڕیارێک بووە لە لایەن تاقمی دەسەڵاتدار یا ئەنجومەنی حوکمەتەوە دراوە. هەرچەند ئەم تاقمە دەسەڵاتدارە مومتاز بێ‌ و لە باری فیکرییەوە لێهاتوو بووبێتن، نەخشەی پەرەسەندن، بڕوا پێکراوتر بووە. بەڵام ئەوەیکە لە وڵاتێکی وەک ئێراندا چەندە ئەم تاقمە شایستە و شیاو بووبێتن، جێی پرسیارە. بەم پێیە یەکێک لە یاساکانی پەرەسەندن دەبەسرێتەوە بەم خاڵەوە کە ئێمە چەندە بەهرەوەربین لە دەستەیەکی حوکومی بەتوانا و ئەم تاقمەش چەندە باری فیکری‌ و زەینی، بە هێزبێت.

ب) سەروەری زانست.

بایەخدان بە زانست لە ئاستێکی بەربڵاودا بە مانای “بە زانستی کردن”ی کۆمەڵگایە. بە زانستی کردنی کۆمەڵگا بە دوا خۆیدا، خوێندنەوە و توێژینەوە و باس و گفتوگۆ و ڕۆحیانەتی زانستیانە بەرهەم ئەهێنێت. کۆمەڵگایەک کە بەزانستی کرابێت، ئیش ‌و کار بە پێی پسپۆرایەتی‌و لێهاتوویی بەڕێوەدەچێ ‌و کار بە کارزان ئەسپێردرێت‌ و هەموو شتێک پێویستی بە بەڵگەهێنانەوەی قایمە.

ئایا لەم وڵاتەدا و لە شوێنێکی وەک کوردستان، چەندە کارەکان سپێردراونەتە دەس کەسانی کارزان ‌و لێهاتوو؟ ئیمڕۆ لە کۆردستان هەندێک نوخبە(بە تایبەت نوخبەی ئامێری کە پێشتر ئاماژەی پێدرا) وەک داواکارییەکی سیاسی، ئەم داخوازییە بەرەوڕووی دەوڵەت ئەکەنەوە و بە تکا و پاڕانەوە داوا ئەکەن کە ئێمەش بەشدارکەن لە بازنەی ــ زۆر بەرتەسکی ــ  بەڕێوەبەرایەتی ‌و ئیداریدا و بۆ ئەم داخوازییەش، بەرجەستەتر لە شایستەیی‌ و لێهاتوویی، فاکتەری”کورد” بوون و”سوننی” بوون زەق دەکەنەوە. ئەم لایەنە کە لە بەستێنی “ناسنامەی سیاسی” دا لێک ئەدرێتەوە، زیاتر پەیوەستە بە کێشەیەکی مێژوویی کە هەرکام لە دەوڵەتانی ناوەندی لە گەڵ ئەم پارچانەدا بوویانە و لێرەدا لەسەری ناڕۆین. بەڵام هێندەی کە شیاوی باس بێت ئەوەیە کە، دەوڵەتی سەرجەم ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ “کێشەی کورد” بەرەوروو بوون، ئێستاش نەیانتوانیوە بە شێوەیەکی ئینسانی‌ و دیموکراتیانە لە گەڵ ئەم کێشەدا هەڵسوکەوت بکەن‌. بۆیە مەسەلەکە هەمیشە بە کراوەیی دەمێنێتەوە و لەدیدی ئەوانەوە “هەڕەشە” یەک لە ئەژماردێت. لێرەدا ئەم پرسیارە دێنمە ئاراوە کە: ئایا ئەو کەسەی کە “ئاخێوەر” ێکی ساکاری زمانی کوردی بێت یان لە نوێژ کردنا دەستی شۆڕبکاتەوە، مادامێکی خرایە سەر کار و ئیشێکی حوکومی باڵایشی پێ سپێردرا، ئینجا دەکرێ بڵێین، پرەنسیپی بەشداریی سیاسی‌ و ئیداری لە باشترین دۆخدا بەڕێوە دەچێ؟ لەم ڕووەوە زانستی بوون، زەمینە خۆشکەری پەرەسەندنەو مادامێکی دەمانەوێت بەرەو ئەم ڕەوتە بڕۆین دەبێ ئەم بنەڕەتە لە بەرچاو بگرین. ئایا لە شوێنێکی وەک کوردستان، چەندە بنچینەی بەزانستی بوون ئامادەیە؟

پ) ئاسایشی کۆمەڵایەتی‌و تەکوزی

کاری بەڕێوجێ‌کردن‌ و ڕێکوپێک بوون، پەیوەستە بە ئاستی زانستی بوونی کۆمەڵگایەک. پەرەسەندنیش بە بێ کاری بەڕێوجێکردن مومکین نابێت. کە تەکوزی ‌هاتە مەیدانەوە، ئاسایشی کۆمەڵایەتی‌ و هێمنی کۆمەڵگاش دەپارێزرێت.

ت) سیستەمی یاسادانان.

مادامێکی لە کۆمەڵگادا سیستەمێکی یاسایی‌‌ و دەستوورێکی بەڕۆژ هەبێت‌ و خەڵکانی کۆمەڵگا لە بەرامبەر یاسادا خۆیان بە بەرپرس بزانن، زەمینە بۆ ڕۆشتن بەرەو سەقامگیری‌ و سەربەخۆیی ئەو کۆمەڵگا خۆشتر دەبێ.

ج) سیستەمی پەروەردەیی.

پەرەسەندن لە گەڵ سێ ڕەگەزی” مەعریفە” و”مێتۆد” و”داهێنان” پەیوەندی قووڵی هەیە. موتوربە کردنی ئەم سێ ڕەگەزە پێویستی بە سیستەمێکی پەروەردەیی بە هێز و نوێ‌ هەیە. سیستەمی پەروەردەیی لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا دوو ئامانجی سەرەکی ئەپێکێت: یەکەم, پەروەردەکردنی کادێری پسپۆڕ و لێهاتوو. دووهەم, داهێنان. ئەم دوو ئامانجە گرینگە لە وڵاتانێکی وەک ئێران بە هۆی ئەوەیکە سیستەمی پەروەردەیی تووشی دوو پەتای “ئایدیۆلۆژیا” و “سیاسەت” بووە، بە ئاسانی ناپێکرێت. ئەم مەسەلە وایکردووە کە پەروەردەی منداڵانی ئێرانی، بە بێ ڕەچاوکردنی جیاوازی ئەتنیکی ‌و کولتووری، بە شێوەیەکی تاک ڕەهەند و تاک فەرهەنگ پیادە بکرێت. ئەم سیستەمە پەروەردەیی‌یە، لە جیهانی نوێ‌ و پەرەسەندوودا، سیستەمێکی ناڕەوایە و بە پاڵپشتێکی مەعریفی بە هێزەوە، ڕەت ئەکرێتەوە. کاتێک منداڵانی کورد، ناچارن‌ و ــ بگرە مەجبوورن ــ لە قوتابخانەکاندا، لە ئاستی زمانی زگماکی خۆیان، گوێ بخەوێنن‌ و دەزگای بەرهەمهێنی چەمکی کوردی قوفڵ بکەن‌ و بە زمانێکی تر کە هەڵگری جیهان‌بینییەکی ترە و بە تەواوی جیاوازە لە زەین‌ و ئەندێشەی ئەوان، بخوێنن وبنووسن, پاشان هەر بەو زمانە ستایشی ئەو سیستەمە بکەن کە بەرەو دوایان دەبات، ئینجا ئاڤراندنی ئینسانی”داهێنەر”و “کادێری لێهاتوو”بەشێک لەو فانتازییایە کە پڕۆسەی پەرەسەندن تووشی گرفت دەکات. ئایا ئەکرێ ئەم ڕەوتە بە پەروەردەکردنێکی گونجاو لە قەڵم بدرێت؟ ئایا بە وەها پەروەردەیەکەوە دەتوانین سەرنموونەی مرۆڤی کوردی بدەین بەدەستەوە تاکوو رەوتی پەرەسەندن ئاسان بکات؟

چ)کولتووری ئابووری.

یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی پەرەسەندن “کارو بەرهەمهێنان”ە. کارکردن‌ و زەحمەت کێشان لە وڵاتێکدا کە بانگاشەی پەرەسەندن دەکات، ئەبێ ببێتە کولتوور. لێرەشدا مەبەست لە کارکردن ئەوەیە کە بە دواخۆیدا “بەرهەمهێنان” و “ئاڤراندن” بێنێت.

ئەم چەن بابەتەی کە بەرباسمان دا، وەک “یاساو بنەما سەرەکییەکانی پەرەسەندن” لە ئەژمار دێن. رەنگە بکرێ جگە لەمانە بابەتی دیکەش، وەک “خێزان”و “پەروەردەی خێزان ” ئاماژەیان پێ بکرێ، بەڵام بەگشتی ئەکرێ وەک یاسا و رێسای پەرەسەندن ناوبردە بکرێن ‌و واقیعە کۆمەڵایەتی ‌و سیاسی‌و ئابووری‌ و کولتوورییەکانی کۆمەڵگای کوردی پێ بخویندرێنەوە.

۴) دەوڵەت, تاک‌جەمسەری کولتووری کۆمەڵایەتی

رەهەندێکی تر کە نیشانی بدات لە کۆمەڵگایەکدا “ئازادی” لە ئارادایە تاکوو ئەم ئازادییە پێکهێنەری کەشێکی رووەو پەرەسەندن بێت، ئەمەیە کە: دەوڵەت نابێ تاکە سەرچاوە و تاکە جەمسەری دروسبوونی کولتووری کۆمەڵایەتی بێت. لە وڵاتانی دیموکراتدا جیاوازی بیر و بۆچوون، شتێکی پەسەندکراوە و ئەم جیاوازییەش لە خزمەت گەشە و نەشەی کۆمەڵایەتیدایە. ئەگەر جیاوازی لە ئارادا نەبێت ئینسانەکان تووشی پەتای”وێکچوویی”دەبنەوە. وێکچوویی، نە بە رواڵەت بەڵکوو لە باری فیکری ‌و ناوەرۆکدا. ئەگینا هەموان بە یەک شێوە بیر دەکەنەوە. بەوتەی بیرمەندێکی فەرەنسی، “کاتێک هەموان بە یەک شێوە بیر دەکەنەوە، ئەکرێ بڵێین لە راستیدا کەس بیر ناکاتەوە”. کاتێک دەگوترێ, دەوڵەت نابێ تاکە سەرچاوە و پێکهێنەری کولتووری کۆمەڵایەتی بێت، مەبەست ئەوەیە کە هەموو دەزگای راگەیاندن ‌و تریبوون‌ و مینبەرەکان نابێ لە ژێر کۆنتڕۆڵی دەوڵەتدا بێت. چونکا دەوڵەت لە باشترین‌ و خاوێن ترین حاڵەتیشدا هەر بەرەو چەوتی‌ و گەندەڵی مەیلی هەیە. ئەگەر سەرچاوە کولتوورسازەکان بە کۆمەڵگای مەدەنیدا بڵاو ببنەوە، وەک لغاوێک ئەبێت کە لە دەمی ئەسپێکی گەرمەعەنان‌ وسەرکەشدایە. لە کەشێکی ئاوهادایە کە خەڵکانی کۆمەڵگا دەکەونە بەرامبەر جیاوازی بیر و فرەدەنگی و بیرۆکە و وزە و دەرفەتی هەڵبژاردنی ئازادیان ئەبێت.

خەڵکی کوردستان، لە یەک ساتە وەختدا لە گەڵ چەن مەسەلە رووبەڕوون. لە لایەکەوە لەگەڵ حوکمەتێکدا هەڵسوکەوت ئەکەن کە بڕوای بە “پەرەسەندن”و”بنەماسەرەکییەکانی پەرەسەندن” نییە یا لانیکەم کارئاسانی بۆ ناکات‌ و لەم ئاستەدا لە زومرەی وڵاتانی‌ دواکەوتوو لە ئەژمار دێت. لە لایەکی تریشەوە تا ئەتەوێ لە سەر دۆخی سیاسی ‌و نادیموکراتییانەی ئەم وڵاتە بدوێیت‌ و ئاوات بخوازی بۆ دیموکراسی، خێرا وەک کەسێک کە هەڕەشەیە بۆ یەکپارچەیی خاک, تۆمەتبار و تاوانبار دەکرێیت.

ئەگەر بێت ‌و دەوڵەت هەموو سەرچاوەیەکی کولتووری مۆنۆپۆل بکات ئینجا بە کەیفی خۆی بەرهەمەکانی ئەم سەرچاوانە دابەش ئەکا و ئەمەش رێگەیەکە بۆ بەرەو دەستەمۆکردن‌ و داتاشینی ئینسانەکان لە یەک قەبارەدا. کۆمەڵگایەک مادام بیهەوێت بەرەو پەرەسەندن بڕوات، لە کەشێکی رەنگاوڕەنگی کولتووری ‌و فرەیی فەرهەنگیدا ئەتوانێ بەرەو پێش هەنگاو بنێت. ئازادی لە هەوایەکی پڕ لە جیاوازی فیکریدا میوە و سەمەرەی هەوڵ‌ و تێکۆشانی ئینسانییە کە بە درێژایی مێژوو دێتە بەرهەم. ئێمە بۆ ئەوەی بتوانین بەو میوە شیرینە بگەین پێویستمان بە خەبات‌ و رەنجکێشانە لە بەرامبەر ناتەباییەکانی کۆمەڵگادا.

 

۵) ئیدارەی کۆمەڵگا لە لایەن نوخبە سیاسیەکانەوە بە پێی روانگەیەکی کۆمەڵناسانە

رەهەندێکی تر بۆ ئەوەی بزانین کۆمەڵگایەک چەندە لە”ئازادی” بەهرەوەرە، ئەوەیە کە رێبەرایەتی‌ و بەرَێوەبردن و چاودێریی کۆمەڵگا لە لایەن جۆرە نوخبەیەکی سیاسییەوە بکرێت کە خاوەنی روانگەیەکی کۆمەڵناسانە بێت. ئەم روانگەیە بە واتای ئەوەیە کە نوخبەکان لە ئاستی رەوتەکانی کۆمەڵگادا هەستیار بن. بە واتایەکی تر بە خویندنەوە و توێژینەوە لە بارەی کۆمەڵگا و گرفتەکانی هەستیار بێت ‌و داهاتووی بەلاوە گرینگ بێت. کاتێک ئیدارەی کۆمەڵگا لەبری ئەم نوخبە سیاسییە کە خاوەنی روانگەیەکی کۆمەڵناسانەیە، بە دەس کەسانێکەوەبێت کە فڕیان بەم روانگەوە نییە و تەنیا بەپێی پێوەندی عەشیرەگەری‌ و خزم‌خزمینەوە مەقام ‌و کورسییەکان بەدەس ئەهێنن‌، ئیتر”داهاتوو” ئەو چەمکە بێتاوانەیە کە لە لایەن ئەم تاقمەوە زەنای پێدەکرێت!

روانگەی کۆمەڵناسانە بە نیسبەت کۆمەڵگا و کێشەکانی، لە هەموو ئاستێکی کۆمەڵگادا رەنگ ئەداتەوە. پێوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار، خوێندکار و مامۆستا و بە گشتی پێوەندی نێوان خەڵک‌ و نوخبە پاوەجێ دەبێ ‌و هەرکامیان لە مەڕ ئەویدی‌دا هەست بە هێمنایەتی‌ و ئاسایش دەکەن. ئەمانە نیشانە ساکارەکانی هەبوونی ئازادییە. لە سایەی بوونی ئەم هەستەیە کە هەنگاونان بەرەو پەرەسەندن زیاد ئەبێ‌ و راپەڕینێکی کۆمەڵایەتی بەرەو پێشکەوتن خوازی سەرهەڵئەدات.

وەک لە رەهەندی سێهەمدا ئاماژەی پێکرا، ئەگەر نوخبە بە دوو جۆری نوخبەی ئامێری(جێبەجێ کار)و نوخبەی فیکری دابەش بکرێت، ئەوا لە کوردستان نوخبە فیکرییەکانیش بەرەو نوخبەی ئامێری دادەبەزنەوە. نوخبەی ئامێری بە زۆری نەیتوانیوە ئاستێکی ئاکادیمی ‌و خوێنەوارانە بپێکێ‌ و بازنەی نوخبەی فیکریش بازنەیەکی بەرتەسکە و تا ئێستا بە زۆری لە بەستێنی شێعر و ئەدەبدا خۆی گێنگڵ داوە. نوخبەی ئامێری هەوڵی داوە رەفتار و ئاکارەکانی لە لایەن ناوەندەوە لە دۆخ بدرێ‌ و بەم جۆرە بتوانێ متمانەیەکی شەخسی بۆ دەوڵەت دەستەبەر بکات تاکوو لە جێگەیەکی ئیداری لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتی مام‌ناوەندی یا خوارەوە، پێگەیەکی ئیداری بەدەست بێنێت. نوخبەی فیکریش تاکوو زەمینە بۆ “بەرێکخراوەیی کردن” یا بە هاوڕایەتی گەیشتن لە گەڵ چەن نوخبەی تردا پێک هاتبێت، تووشی لێکترازان ‌و هەڵوەشانەوە دەبێ‌ و ئەم یەکیەتییە فیکرییە لە قەدەر راهیکردنی زانستیانەی کێشەکانی کۆمەڵگا، بە ئەنجام ناگات. ئینجا لە دۆخێکی ئاوادا ئەوەیکە تەنیا دەمێنێتەوە، جەماوەر(رَەشەگەل)ە. پەرەسەندن پێویستی بە ئیرادەیەکی بە هێزی گشتییە کە بتوانێ بە یارمەتی ئەو جۆرە نوخبە کە خاوەنی روانگەیەکی کۆمەڵناسانە بێت، بن‌بونیاد و بنەماکانی بۆ داڕێژێ ‌و خەون‌ و ئایدیاکانی نەتەوەیەک ببینێتەوە.

۶)بەرپرسارییەتی

دوایین رەهەندێک کە لە مەڕ هەبوونی ئازادی لە کۆمەڵگایەکی رووەو پەرەسەندن دێتە بەرباس بنەمای “بەرپرسارییەتی”یە. مەبەست لە بەرپرسارییەتی، هەمان هەستی وڵامدانەوەیە. ئەوەیکە هەرکەس لە کۆمەڵگادا چ لە بازنەی دەسەڵاتدا بێت‌ و چ لە پێگەیەکی نزمی کۆمەڵایەتیدا جێگربووبێت، دەبێ لە بەرامبەر ڕای گشتیدا بۆ کردەوەکانی خۆی وەڵامی شیاوی هەبێت.

لە وڵاتانی دیکتاتۆریدا، ئەم ئاکارە مەدەنییە (وەڵامدانەوە)دەورێکی نییە و دیکتاتۆرو دەست ‌وپێوەنەکەی، لە بەرامبەر پرسیار و رەخنەی شارۆمەندی وشیار و رەخنەگردا خۆ بە بەرپرس نازانن. لە وڵاتێکی وەک کووبادا، فیدل کاسترۆ، پاش زیاتر لە پەنجا ساڵ دەسەڵاتداریەتی, هێشتاش گوێی لە حەننای سروەی ئازادی ‌و دیموکراسیدا کەڕ و نەبیسە. لەم وڵاتەدا کەس بۆی نییە جیاواز لە بیرۆکەی دەوڵەتی، بیر بکاتەوە و خاوەنی تێروانینی خۆی بێت. لە وڵاتانی جیهانی سێهەم بە تایبەت رۆژهەڵاتی ناویندا، ئەم پەتایە زیانێکی باشی گەیاندۆتە خەڵکەکان‌ و پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی ئەم کۆمەڵگایانەی بە ناحەق دواخستووە. ئەگەر لەو وڵاتانەی کە گەلی کوردیان لە خۆ گرتووە بکۆڵینەوە، دەکرێ ئاماژە بدەین بە دۆخی کورد لە عێراق‌ و تورکیا و ئێران ‌و سوریا. لە عێراق لە سەردەمی بەعس دا، کوردەکان بە چەن جۆری پاکتاوکردنی رەگەزی وەک، تەعریب‌ و تەرحیل‌ و ئەنفال‌ و کیمیاباران لە ناو چوون. لەو وڵاتەدا ئەگەرچی بەناوی ئۆتۆنۆمییەوە، هەندێک مافی کولتووری کورد ئەپارێزرا بەڵام بەو سیاسەتانە، رژیمی سەدام لە شوێن شاردنەوەی جێنۆسایدی ئینسانی گەلی کوردبوو.لە تورکیا، تورک هەم بە کوشتنی جەستەیی ‌و هەم بە کوشتنی سیاسی‌ و فەرهەنگی بە شوێن سڕینەوەی گەلی کورد بووە. لە سوریاش بە کوردەکان پێناسە نادرێت‌ و بەمجۆرە رژیمی بەعسی سوریا دەیهەوێ ناوی کورد و کوردستانی لە بەڵگەنامە ئیدارییەکانی نەنووسێ.

لە ئێران ئەگەرچی بە رواڵەت هەندێ مافی کولتووری ئەپارێزرێ بەڵام لە باری سیاسیەوە هێشتا نەیتوانیوە وەک کەمایەتیەک مافەکانی ڕەچاو بکات. بۆ وێنە حیزبایەتی کردن لە چوارچێوەی دەستووری بنچینەیی ئەم وڵاتەشدا لە لایەن دەزگا بەرپرسەکان، پەسند ناکرێ ‌و نەبوونی متمانە و ئەرخەیانی سیاسی دەوڵەت بە خەڵکی کوردستان،لێرەداخۆی نیشان ئەدا.

ڕەنگە باسکردن لەبارەی پەرەسەندن لە شوێنێکی وەک کوردستان بە پێی ئەم رەهەندانەی سەرەوە، بەهۆی دوور ــ مەودایی ‌و بگۆڕە مێژوویی‌ و سیاسی‌ و کەلتووری‌ وئابوورییەکان، پتر لە فانتازییایەک دەچێت کە تەعبیرەکەی بزربوونی ماکی “ئازادی”یە.

 

*ئەم وتارە لە ژێر کاریگەریی تیۆری (عقلانیت و ێ‌ینده توسعه یافتگی ایران، نوسینی دکتر محمود سریع القلم) تهران: ۱۳۸۱ صص۱۸۷- ۱۹۷) نووسراوە و لە ژمارەی ۳ی حەوتەنامەی رۆژهەڵات (۱۳/۱۲/۱۳۸۲) لە سنە چاپ بووە کە لێرەدا پیاچوونەوەیەکی کورتم کردووە.

ئەحمەدی شەبانی

رەهەندەکانی ئازادی و فانتازیای پەرەسەندن لە کوردستان PDF

(کرتە بکە و دایگرە)

برچسب ها : ،

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *