ئاوڕێک لە ژیانی یەکەم ژنە کوردی مێژوونووس لە جیهاندا
ئاوڕێک لە ژیانی یەکەم ژنە کوردی مێژوونووس لە جیهاندا
ئەگەر ئاوڕدانەوەیەکی کورتمان هەبێ بە سەر ئەم چەند سەدەی دوایی،دەتوانین ئاماژە بە زۆر لە ژنان بکەین، کە لە بەشی کۆمەڵایەتی، ڕامیاری و فەرهەنگی و ئابووریدا، ڕۆڵی یەک جار زۆر بەرچاویان هەبووە و زۆر بوێرانە ڕچەشکێن بوون.
ماەشەرەف خانم بە ناز ناوی مەستوورەی ئەردەڵان، یەکێک لەو ژنە ڕچەشکێنانەیە. ساڵی ۱۸۰۴م ۱۱۸۴خ لە شاری سنە لە دایکبووە ،لەو سەر دەمەدا ژنان مافی خوێندنیان نەبووە ،بەڵام باوکی (ئەبولحەسەن بەگی قادری) ڕێگری لە خوێندنی نەکرد .
مەستوورە لە شیعردانان چ بە زمانی کوردی و چ بە زمانی فارسی زۆر خاوەن دەسەڵات بووە.کاتێک قاجارەکان هێرش دەکەنە سەر ئەمارەتی ئەردەڵان ،ناچار بوون سنە یان جێهێشت و ڕوویان لە سلێمانی کرد.بە پیی هەندێک سەرچاوە ،۲۰هەزار بەیت و هەندێک سەر چاوەی دیکە ۱۰و هەندێکی تر ۲هەزار بەیتی هەیە. یەکێک لە شیعرە بە ناوبانگەکانی.
بە نازی چاوەکانی مەستی فەتتانت ، بریندارم بە ئێشی سینە دۆزی تیری موژگانت
مەستوورە خان ، نووسەری کتێبی مێژوویی ئەردەڵانە، لە ساڵی ۱۹۴۷ لە لایەن ناسر ئازادپوور چاپکراوە. ئەگینا واسیلی ئاوا ، کوردناس و وەرگێر بە توانای رووس سەبارەت بە مەستوورە دەڵێ. ژنێکی تر وەک مەستوورە لە ڕۆژهەڵاتی ناویین و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەری هەڵنەداوە کە هەم شاعیرێکی بە توانا بووبی، هەم مێژوونووسێکی شیاو و هەڵکەوتە، بەڕاستی سەدەی نۆزدەم هیچکات ژنی وای بە خۆیەوە نەدیوە .
نامیلکەیەکی بچوکیشی لە ژێر ناوی (عقایدی مەستوورە) نووسیوە کە باس لە بیروباوەڕی خۆی دەکات دەربارەی مەزهەبی سوننەی شافیعی ، و ئەمەش بوێری مەستوورەی ئەردەڵان دەردەخات و هیچ ژنێکیش پێش مەستوورە ئەم کارەی ئەنجام نەداوە .ساڵی ۱۸۴۸ لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. و لە سنە پەیکەرێکیان بۆ ساز کردووە.
هیوادارم ژنە کوردە هەڵکەوتوە کانی سەدەکانی ڕابڕدوومان لە بیر نەکەین و بە زیندوویی لە مێژووی خۆماندا بیانهێڵینەوە .
ئامادەکاری دەق . مەنسور ئەمین نژاد
سەرچاوەکان . پایگاە تحلیلی هاژە بوکان. کورد پیدیا. ویکی پیدیا. جەمال ئەحمەدی ئایین.
دیدگاهتان را بنویسید