آشتی
درباره ما

درباره ما

ئاشتی - بنیاد توسعه فرهنگی بانه سازمانی غير انتفاعي و غير دولتي و مردمی بوده که در راستای ارتقای سطح فرهنگی و گسترش آن فعالیت مینماید. بر این اساس ما جمعی از شهروندان شهرستان بانه بر آن شدیم که با تأسیس یک نهاد مدنی که به طور خاص رویکردی فرهنگی دارد، تلاش نماییم که مسایل و مشکلاتی را که گریبانگیر شهر و دیارمان شده است از صافی عقل جمعی عبور داده و با همت مسئولانه خویش در صدد حل آنها و ارائه راهکارهی لازم برآییم. لذا بر خود لازم دانستیم که در این برهه زمانی، ضمن احساس مسئولیت مدنی، سایر…[ادامه]

درباره ما
خواندم !

سکاڵای کیژان (چیرۆک)

نوشته شده توسط در تاریخ ۱۳۹۵-۱۰-۰۶ 2,066 بازدید

«کچە خوێندکارێکی سێی ناوەندیە و گرفتار و گیرۆدەی خەمۆکی. زۆربەیجار لاتەریک و گۆشەگیرە و دوورەپەرێزی١ ئەکات؛ جارجارێکیش ئەچێتە دۆخی شەڕاشۆیی و ھەڵشاخان٢ ەوە. واتە بەپێی ھەل و دەرفەتی جیاواز، تووش ھەردوو حاڵەتی گرژی و کزی کە لە نیشانە سەرەکیەکانی خەمۆکیەکی قورس و سەنگینن، ئەبێت. دەرسەکانی خراپ نیین بەڵام لە دەرسی وێژەو ئێنشا نووسیندا تایبەت و بەتوانایە…» مودیر و ڕاوێژکاری مەدرەسە، فاکتەر و خاڵە لاواز و قەوەت٣ەکانی ئەویان بەوشێوە پێناساندبووم و ئاگاداریان کردبوومەوە.

 

کەمقسەبوو؛ بەڵام کە ھەلی بۆ دەڕەخساو دۆخەکەی بەدڵ ئەبوو، ئەکەوتە گۆ و وەھا دەچووە لۆر و باری وتاربێژێکی بەتواناوە کە نە بە پلەی خوێندنەکەی ئەخوارد و نە بەتەمەنە لاوێژەکەی. شەپۆلی وشەو ڕستە مەلول و ڕەنجاویەکانی پلەی تەمەنی تێگەیشتوویی دەبردەسەر. لە دانیشتنی یەکەمدا پێمگوتبو کە کێشەکەی بکاتە دڵنامەیەک بۆ دایکی.

 

ئەودەم زۆر شڵەژاو و پەرێشانبوو. بەڵام ئێستاکە، لەم دووھەم دانیشتنەدا وەک جاری پێشوو نەدەچوو. ھەرچەن ئەمجاریش نیشانێک لە خەندە بە سەر لێوەکانیەوە دیارنەبوو، کەچی چاوەکانی پڕبوون لە پێکەنین. ھەرچەن زۆری ھەوڵ ئەدا کە چاوەکانی لە روانینی ڕاستەوخۆ وەدزێ، بەڵام زۆرجار سەرکەوتوو نەبوو. جوتێک چاو، پڕلە پێکەنینێکی بارگران و خەماوی بەسەر ڕەنگ و ڕوێکی ھەندێک پەڕیوەوە. چاوانێکی کاڵ کە ھەرچەن پەرۆشی و مەراق و ماندوییان پێوەدیاربوو، بەڵام وەک دوو کۆتری مەست و غەمگین دەچوون کە تازە ھێلانەیان بەستبێت. دوو ‌ھێلانە لەسەرڕا دووگردیلەگۆنای ساف و داتاشراوی رەنگ کاڵی سووروسپیەوە و لە نساری دوو برژانگی ڕەشی قەترانی. چاوانێک کە لە ھەر تروکانێکدا وەک زاری سەدفاکانی کربێتەوە، دەیتوانی بە تیرێژی سێحراوی جوتێک مرواری بەرامبەرەکەی بپێکێت و بیباتە دۆخی خەلسەیەکی مەعنەویەوە.

 

ھەر لە یەکەم کۆبوونەوە بە ڕەفتار و ھەڵسوکەوتیدا، بۆم دەرکەوت کە ھەرچەن دڵی ھێلانەی خەمێکی زۆر گەورەیە، بەڵام وەک لەپێشدا پێیانناساندبووم، وانەبوو. ئەویان وەک کەسێکی مەترسیدار پێناساندبووم کە گوایا تووش نەخۆشیەکی سەختی دەرونی بووە بەناوی خەمۆکی. ئەویش لە جۆری خەمۆکیەکی کۆن و درێژخایەن و ترسناک. ئەو نەخۆشیەی کە ئەگەر زوو پێینەزانرێ و دەرمان نەکرێ، دوایی چارەسەریی گەلێ ئەستەمە. مرۆڤەلی گرژەدەمار و خەمۆک و دژداماو، بەجێی ئەوەی بیر لە چارەسەر وەکەن و خۆیان لە ھەچەڵەکان دەربازکەن، دەبنە دیل و بەندی ئارێشە و گیروگرفتەکانی خۆیان.

” کیژان” وانەبوو. پەرۆشی و خەمۆکی پێوە دیاربوو؛ بەڵام نەک خەمۆکی کۆن و درێژخایەن۴و مەترسیدار. ئەو ئیشکال و ئارێشەکانی زۆر بەچاکی باس ئەکرد و دوایی بەجێی ئەوەی زەقبێتە سەریان، ھەڵوەدای چارەسەر بوو! یەکەم جاریش ھەر بۆخۆی ھاتەلام و ھەنگاوی باش و ئەرێنیشی بۆ چارسەری تەنگەژەکان ھەڵێنا. ئەو لەوەتەی عەقڵی کردبوەوە چەنساڵێک ھەڵوەدای چارەسەربووە و ھەنگاوی باشیشی بۆ حەلی ئەو ئاریشەی کە ژیانی لێ شێواندبوو و پەرێشانی کردبوو، ھەڵێناوە، بەڵام سەکەوتوو نەبووە. دواجار کە زانیویەتی بەتەنێ کارێکی وای پێناکرێ، داوای یارمەتی کردووە. کیژان ی ١٧ ساڵان، وەھا دڵنامەیەکی بۆ دایکی نووسیبوو کە بۆخۆم ئێرەییم بە قەڵەم و بیر وھەستی نازک و جوان و ڕەنگینی دەبرد:

 

«ده‌مھەویست پێت بڵێم، زۆرم خۆش ده‌وێی دایه‌گیان؛ به‌ڵام هه‌موو ئازای منیش سارێژ له نیاز به‌خۆشویستنه. زۆر جار خوازیاری ئەوەبووم، له ئاگرێک که لە نێو دڵمدا ھەڵگرساوە و هه‌ر دێتوو پتر بڵێسه ده‌ستێنێ، باست بۆ بکه‌م. به‌ڵام حاشا لە کورتە ئاوڕدانەوەیەک. دایە من دڵ و مێشکم پڕن لە و وشانەی کە تا ئێستا نەمدرکاندوون؛ ئەی لە کوێیان ھەڵڕێژم و بۆ کێیان بدرکێنم؟ خۆ دایەگیان، دونیای من ئێستا لە سنووری دڵ و زارم تێپەڕ نابێت. گوێم بدەرێ دایە. گوێم لێبگرە دایە! ئەمن تەنیا پێویستیم بە دوو گوێی تۆیە. زۆردەمێکە بۆم دەرکەوتوە کە کێشەکان بە گوێ چارەسەر ئەبن نەک بەدەم. ئاخر کاتێک کە گوێیەک نەبێ بۆ بیستن وشەو ڕستەکان بێدەسەڵات ئەبن. بۆیە ئەڵێم تکایە گوێم بۆ ڕادێرە.

 

دایکە گیان؛ لەمشەوانەدا بەھەڵکەوت لەپشت دەرگای دیوەکەمەوە، گوێم لێبوو بۆ باوکم دەدوای و ئاوا دەستتپێکرد:

(تەمەنی”کیژان”یش چووە نێو شازدەساڵ. ئەم تەمەنە بۆ کچان سنەی ھەرزەکاریە، ئەبێ زۆر وریابین…)

زۆرم بەلاوە سەخت بوو باوەڕبکەم کە ئێوە، دایکم و باوکم، دوو بە دوو، خەریکن بە بێ ھەڵشاخان و دەنگ بەرزکردنەوە، دەربارەی بابەتێک ئەدوێن. ئەویش بابەتێک کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە منەوە ھەبوو. بۆم جێی باوەرنەبوو! تەنانەت چەن جارێکیش سەروگوێم بەملاولادا لەقاند بۆ ئەوەی دڵنیابم ئەوەی کە گوێم لێیە خەون نیە. بەوەش لە ھوشیاربوونم ئەرخەیان نەبووم. لەسەرپێ ڕاوەستاو، وەھا سەرم دانەواند کە باریکایی چەناگەم ڕێک لەنێو چاڵی قوڕقوڕاگەمدا ئارامیگرت. بەدووچاوی ڕووبەرەوژێڕ کەوتمە بەراورد و ھەڵسەنگاندنی ئەستوونی جەستەم کە جەمسەرەکەی دەگێشتە پەنجەی قاچەکانم. پەشۆکاویم بە دەستە لەرزۆکە نەسرەوتووەکانمدا دیاربوو. ئەو جووتە دەست و مەچەکە نائارامەی کە لەبەر بێئۆقرەیی، زووزوو شوێنیان دەگواستەوە؛ دەمێک دەبوونە میوانی جەستەم و دوایی دوو لەپ لێک دەساویان و دواجار پەنجەکان دەچوونەنێویەک و تێکدەگیران و دیسانەوە لێکدەترزان. ئەمجار نیگام زۆربەوردی دادەخزایە سەر ئەژنۆکانم و لەوێشەوە بەرەو پەنجەی قاچەکانم. بیستبووم گوێھەڵخستن کارێکی جوان نییە و وەک دزیکردن وایە؛ ھەربۆیەش نائارامی دەروونی دزەیکردبووە ھەموو جەستەم. دۆخێکی بزێوی و سەربزۆکی. ھەموو ئازام باسی لە ئان و ساتێکی ڵێڵ و نادیاری جوستوجۆیەکی یەکلاکەرەوە دەکرد. کەوتبوومە جۆرە دۆخێک، کە نەمدەزانی چێژی چۆنە. خۆش یان ناخۆش، تاڵ یان شیرین، ئاخر ھەمێستاش لێم ڕوون نەبوو ئەوەی کە من دەیبیستم، داخۆ ڕاستە یاکوو خەون و خەیاڵ. ئاخۆ ڕووداوێکی ڕاستەکیە، یان ھوڕێنەیە و بەس. تۆقی سەر تا نووکی پەنجەی لۆقەکانم، تاساویەکی شێواوی پێوە دیاربوو. ئەو پەنجانەی کە مێروولەیان دەکرد و بە بێ ئیزنی من پتەیان بوو و پەستاپەستا بەرزو نزم دەبوونەوە. جارێک ڕێک و ڕاست لەسەر بەری پێ ڕادەوەستام؛ دوایی گشت کێشی جەستەم دەچووە سەر پەنجەکانم و باڵام وەھا بەرەوژوور ھەڵدەکشا، کە تۆقی سەرم ھاکا لەبن میچەکە بسوێ.

 

دایەگیان، ئاخر من قەت نەمدیبوو بابەتێکی ژیانی من، تۆ و باوکم ئاوەھا کۆبکاتەوە. دەمگوت، بڵێی ئەمە خەون نەبێت؟! لە پاڵ دەرگاکەوە ڕاوەستابووم. نەمدەوێرا ئاور بدەمەوە؛ نەبەشکم خەون بێ. پێم خۆش بوو ڕاست بێ. نا نا ئاوڕنادەمەوە، ئەگەر خەونیش بێ با دەمانێکی زۆرتر بخایێنی. دایە! بابە! ئەوە ئێوەن؟! ئێوەن کە خەریکن باسی من، وەک بابەتێکی نێو ژیانی ھاوبەشی خۆتان چاولێدەکەن، من ڕاستەوخۆ گوێم لە شانۆیەک بوو کە کاراکتەرە سەرکیەکانی دایک و باوکم بوون و بابەتی شانۆکەش ژیانی من بوو. بەبێ ئەوەی لێک ھەڵشاخێن؟! خۆزگەم ڕاست بووبایە. نا نا؛ نە خەونەو نە وڕێنە. ئیشاڵڵا ڕاستە.

 

لەپڕ بیرم کردەوە کە تۆزێک پێش ئێستا، جێگەوبانم ڕاخستبوو کە بنووم. ڕاکشام؛ بەڵام کە گوێم لە دەنگی ئێوەبوو ھەستام و بەرەو دەرگای دیوەکەم بووم. بڵیی راستبێ؟! لەوەزیاتر خۆم بۆ نەگیرا. لەناکاو ئاوڕم دایەوە بزانم جێگەوبانەکەم، کەسی تیایە؟ بزانم منی تێدام؟! چاوم لەسەر جێوبانەکەم چەقی و دیم کەسی تیا نیە. منیش لەوێ نەبووم. بەڵێ لەوێ نەبووم. من لێرەبووم. لەتەک دەرگای ژوورەکەی خۆمەوە کە بەئاستەم وەک بادرزێک کرابوەوە. جارێکیکەش سەرم لەقاند و دەستێکم بە ئازای خۆمدا ھێنا و وتم: نا نا شوکر بۆ خوا نە خەونە و نە وڕێنە. ئۆخەیش کە ھەمووشتێک ڕاستەکیە و بە دڵی من. ئەوە ھەمووی بەھۆی ئەو وجوودە نائارامەی منەوە بوو کە بەشوێن بەھانەیەکەوە بوو بۆ ھێوربوونەوە. ئەوەش ئەو دۆخەبوو کە من زۆر دەمێک بوو پێویستیم پێی بوو. ئەگەر دزیش بێ، لەوکاتەدا من بە دزییەکی باشم ئەزانی. ئەی چۆن ئەمتوانی خۆمی لێ ببوێرم؟! دایە تۆش پێتوانییە دزیش، چاک و خراپی ھەیە؟!

 

چەندم پێخۆشبوو کە ڕاست بوو دایەگیان. ھەستم ئەکرد کە من ھەم. بوونم ھەیە. ئاھا! دایک و باوکم منیان بەلاوە گرینگە. گوێم لەو وشانەت بوو کە بۆنی بەرپرسیاریەتیەکی دایکانەیان لێدەھات. ڕەنگی ھەستی پاکی دایکانەیان بەرانبەر بە کچەکەی پێوە دیاربوو. چەندیش دڵخۆشبووم کاتێک باوکم بەو وڵامە جوانەی دڵ و گوێی لاواندمەوە. ڕستەیەکی ڕاستەوخۆ، پڕاوپڕ لە وشەی بزوێنەر و دنەدەر بۆ ئومێد بە بەردەوامی ژیان. ڕستەیکی ھەرە وزەبەخش، کە بۆیەکەمجار ھەستی پەرموون و متمانەبەخۆیی پێبەخشیم. باوکم لەوەڵامدا پێی وتی:

(…مەترسە خانم، کیژان ئافرەتێکی ھەرەباشی لێ دەردێ….)

 

ھێزی ھەناوم، دایکە گیان، خۆزگەم ھەستت بکربایە و بتزانیبایە کە چەن چاوەڕوانیم کێشاوە بۆ ئەوەی جارێکیش بێت، تەنیا یەکجار؛ وشەی وزەبەخشی ”ئافەرین”م لە زاری تۆ ببیستایە. خۆ دایە گیان، لەوەتەی لەبیرم دێ تۆ دایکی منی. نازانم! من ھەر چەنساڵێکە بیستوومە کە لەکاتی ھاتنەدونیام، دایکم بەسەر زگەوە چووە.

 

دایەگیان. بڕوات بێ ھەرچەن من دایکی خوێنی خۆمم نەدیوە، بەڵام قەت ھەستم بە بێ دایکی نەکردووە. پێمخۆشبوو دایکم بمایەو بمدیبایە، بەڵام تۆ بۆمن ھەمان بۆنی خۆشی دایکمت لێدێ. تۆ ھەمان دایکی منی، گوێت لییە؟! ھیچکەس ناتوانێ کەلێنە ڕۆحی و دەروونیەکانی من پڕکاتەوە، بەغەیری تۆ. کەس ناتوانێ بڵێ دایکی تۆم؛ مەگەر تۆ. حەڤدە ساڵە تەر و وشکم دەکەی. ھەموو ئەو زەحمەتانەی کە دایکێک بۆ ڕۆڵەکەی ئەکێشێت، تۆ بەزیاشەوە بۆ منت کێشاوە. من دڵنیام کە ڕۆحی دایکیشم لێت ڕازییە؛ ھەروەھا  باوکیشم. ئەی ئەوانە بەس نین بۆ ئەوەی من دڵنیابم کە دایکم ھەیە. دایەگیان دەست و چاوەکانت ماچ ئەکەم بۆ ئەو ھەموو شەونخوونی و زەحمەت و کوێرەوەریانەی کە ئەم ھەموو ساڵانە بۆ بەخێوکردن و پێگەیاندنی منت کێشاوە. سپاس بۆ تۆ دایەگیان کە بەدرێژایی ئەم ساڵانە نەتھێشتووە منیش و باوکیشم ھەست بە بەتاڵی و تەنیایی بکەین.

 

من نازانم دایەگیان، کاتی خۆی دایەگەورەم لەگەڵ تۆ چۆن بووە. خۆ تۆ قەت باسی ژیان و بەسەرھاتی کاتی منداڵی و لاوەتی خۆت بۆ نەکردووم. بەڵام لەوەتەی عەقلم کردۆتەوە بە چاو و بە دڵ دیتوومە کە تۆش وەک زۆرێک لە دایکان، بە دەیان جار لە دۆخە دژوارەکاندا و بە ھۆی ژیانی سەخت و گیرۆدەیی و نەبوونی و تەنگ و چەڵەمەی ژیان، فرمێسکت ڕشتووە و بە دڵ و ھەناوێکی پڕ لە ترکزە و خەفەتەوە سەرت ناوەتە سەر سەرین. بەڵام دایە ئەی من چی؟! بۆ شڕەیەک لە منیش دانادڕی؟! خۆ من ھێشتا نەشبوومەتە دایک؛ دڵم ئاوێتەی ژان و دەردەو تامەزرۆی چەشتنی کەمووکەیەک لە چێژی شیرینی خۆشەویستی دایکانە. ئه‌ڵێن دایک ڕاز هه‌ڵگری کچه‌که‌یه‌تی. نازانی چەن هۆگر و شه‌یدای تۆم دایەگیان؛ ھەربۆیەش ڕووی سکاڵام کردۆتە تۆ. ئاخر دایە، گوایا تۆ، مه‌رهه‌می ده‌رده بێ ده‌رمانه‌کانی منی.

 

خۆ لەبیرتە دایە؛ تازه‌ له‌ فێرگە گه‌ڕابوومه‌وه‌. نازانم ئەوڕۆژە بۆ واتکرد؟ ئه‌وڕۆژه‌ له‌ ده‌رسێکدا نمره‌ و پله‌یه‌کی باشم هێنابوو. بەھیوای ”ئافەرین”ێک، به‌ باڵه‌کوته‌ ھاتم بۆلات. شەوقی ناجیحبوون دڵ و زارمی خەندەئاژن کردبوو. به‌ چ هه‌ستێکی پڕ له‌ ڕه‌زامه‌ندی و سه‌رکه‌وتووییه‌وه‌ بەخەنینەوە ھاتم بۆ لات. ئاھا! کە بە شەوقەوە ‌وەرەقەی تاقیکردنه‌وه‌که‌م پینشاندای؛ ئەو بەڵگە تاقیکاریەی کە بەشی خوارووی بە نمرەیەکی باڵا و لە تەنیشت ویەوە بە واژوە جوانەکەی مامۆستا ڕازابوەوە! که‌ چاوت به‌ نمره‌ باشه‌که‌م که‌وت، به‌ جێی ئه‌وه‌ی بڵێی (ئافه‌رین کچم)؛ کڕ و مات و مڕ و مۆچ، نیگایه‌کی سڕ و ساردت و بێ مانات به‌سه‌ر به‌ڵگه‌که‌دا خشاند و ئه‌مجاریش وەک جاران و بە پێی عادەت، تیری تانه‌ و ته‌شه‌ره‌کانت ئاڕاستە کردم وگوتت: (جووجیله‌ له‌ پاییزدا ده‌ژمێرن.) مامۆستایەکی قوتابخانەکەمان ئەیگوت: (سەرزەنیشت و سەرکۆنەکردن کارێکی ناشرینە. زەینی مرۆڤ بە زۆر بیستنی تانە و تەشەر و سەرکۆنەکردن، کوێر ئەبێت.) نازانم ئەمە چ خوو و عادەتێکە. بۆخۆشت باش ئەزانی کە عادەتێکی خراپە. دەی خۆ دایە ئێمە نابێ ھەتا سەر ببینە دیل و بەندی خووە ناشرینەکانی خۆمان. ھەموومان جارجارە پێویستیمان بە میکیاج و ئاڕایشتێکی دەروونیش ھەیە. ئەرێ دایە گیان ئەبێ وەخت بە وەخت دەستێکیش بەسەر قیافەو ھەیکەلی دەروونی خۆماندا بێنین.

 

بۆخۆت ئاگات لێبوو به‌و قسه‌ت چت به‌سه‌ر هێنام! بەجارێک دەمکوتت کردم. وەک سەھۆڵاوێکی سارد بکەی بە سەر پشکۆی گەشاوەی سەرکەوتنەکەمدا، لەناکاو ئەو دڵە گەرمداھاتووەی کە چاوەڕوانی ئافەرینێکی دایکانە بوو؛ وەھا گرمایی لێزەوتکرا و بەسەر ئەو ھەموو دڵگەرمی سەرکەوتنەدا وەھا سارداییەکی تەزواویت بەسەرداڕشتم، کەنازانم چۆن بەرگەم گرت و دڵم کپ نەبوو. خەنینت لێکردم به‌ گریان و ده‌س به‌جێ له‌رز و تاو دایگرتم. خۆ دیتم کە بۆ خۆشت زوو تێگه‌یشتی که هه‌ڵه‌ت کردوه‌ و ئاگام له‌ گریانه‌که‌شت بوو که‌ بە خەیاڵی خۆت نه‌تدەھێشت من بیبینم! زۆرم پێ سه‌یر بوو‌؛ سه‌ره‌ڕای زه‌بری شالاوی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ناڕه‌وایه‌ت که‌ به‌جارێک هه‌ستی ساوا و بێگه‌ردی منت پەرێشان و شپرزه‌ کرد؛ که‌ دیم بۆم ده‌گری، وەک ھەموو جارێک، ئەمجاریش تێگه‌یشتم که‌ هه‌ستت به‌ ئازاری من کردوه و ئه‌وه‌ش زۆر له‌ ئێش و ئازارمی که‌م کرده‌وه‌ و ئارامشت و ئۆقره‌ییه‌کی سه‌یری پێبەخشیم‌.‌ من ھەمووجارێک دوای تووڕەییەکانت بە پەژێوانیەکانت ئارامم ئەگرت، دەی نەدەبوو و نەدەکرا جارجارێکیش (ئافەرین کچم)ێکم لەتۆ ببیستایە؟!

 

ئەو شەوەی، باوکم ئاوەھا لە قسەکانی بەردەوام بوو:

(…کیژان گەورە بووە و پێگەیشتووە، وریایبە، بەڵام لێی مەترسە. کچی ئێمە خراپ نابێت ئەگەر….)

دوای ”ئەگەر”ەکەی بۆ ماوەیەک بێدەنگبوو. کورتە کپێک کە بوو بە ھەلێک بۆ من. بەڵێ بۆ ”من”!!  دەرفەتێک بۆ بەخۆدا پەرمانم. بۆ ھەستانەوە و ڕاستبوونەوەم. دایە ڕەنگە باوەڕنەکەی؛ بێ گەمی و بێمبالاتی ئێوە بە نیازە دەروونیەکانم ببوە دمەڵێکی کڕێشاوی و پۆخڵ و چڵکن بەسەر دڵمەوە. دایە، من لەوەپێش کەوتبووم. نازانم ئەگەر لەو کەوتنەم بەردەوام بوومایە بەرەو کوێ دەچووم و چیم بەسەر دەھات. بەڵام ئەمجار ھەستامەوە. وەک مردوێک ئەچووم، کە ئەمێستاکە جامی خەوەکەی زرینگابێتەوە و زندوو بووبێتەوە. خۆزگەم بەو شەوە؛ کە بۆ من و ژیانی من پڕبوو لە تایبەتمەندیی شیرین و جوداواز. لەو کاتەوە ھەستم بەرانبەر بە خۆم ئەرێنی و جوان و شیرینتر بووە. ئێستا ھەستدەکەم، خۆم باشتر لە جاران وەردەگرم. ئەرێ! ئەوە باوکم بوو کە بە تۆی ئەگوت کە ” لە کیژان مەترسە” ئەزانی ئەوە مانای چییە دایەگیان؟ ئەو سێ وشەزێرینەم کردە گوارەی گوێچکەکانم. کردمە گوڵێکی جوان و بۆنخۆش و دام لەسەر سینەم. سێ وشەیەک کە وەھا ڕستەیکی زێڕینیان لە دڵمدا ھۆنیەوە و بۆ ھەتاھەتایە وەھا وزە و عیزەتێکی بە ”من” بەخشی، کە بتوانم بۆخۆم وەک تاکێک، ئەرکەکانی ژیانم پێناسەکەم و بۆ ئاستەنگ و پێشھاتە ناحەزەکانی ئەم سەردەمی لاویم و دیکەی قۆناغەکانی ژیانم بۆ باشترین ڕێگەچارە بگەڕێم و خەت و نیشان بکێشم و لەو قەیران و بۆران و گێژاوانەی کە ناوبەناو دێنەسەر ڕێی ھەر مرۆڤیک، بە باشترین شێواز تێپەڕ ببم و پلەپلە گەشە بستێنم.

 

دایەگیان، ئەوە باوکم نەبوو، کە ئەوشەوە دوای ماوەیەک بێدەنگییەکەی شکاند. بەلکوو تۆ بووی؛ کە وەک ھەموو دایکە باشەکان، تامەزرۆ بە شوێن ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکانی من، دیسانەوە باوکمت ھەژاند:

(…ئەوە بۆ قسەکەت تەواو نەکرد و کۆتاییەکەت کردە ئەگەر؟)

( بۆ وتم چی؟)

( وتت کچی ئێمە خراپ نابێت ئەگەر؛ ئەگەر چی؟!)

( ئاھاااا، جا ئەوە چ پێویستی بە وتنە؟! ئەوە ڕوون و ئاشکرایە و بۆ خۆشت باشتر لە من ئەزانی کە کیژان خراپ نابێت، ئەگەر من و تۆ کۆک بین.)

من کارم بەو دوایین بەشەی قسەکانتان نییە دایکە. ئەوە پێوەندی بە تۆ و باوکمەوە ھەیە. بە ئێوەیەک کە بۆ خۆشتان نازانن ناکۆکیەکانتان لەسەرچین. تەنھا درکم بەوە کردوە کە لەو کاتە بەدەگمەنانەدا کە ئێوە پێکەوە سازن، ھەست بە بەختەوەری و عەشق و خۆشەویستیەکی سەیر و نەناسراو ئەکەم. ھەستم شیرینە و تەنانەت زاریشم ھەروا، وەک ڕیاڵی ھەنگوینتان پێبەخشیبم.

 

با بگەڕێمەوە سەر باسی خۆم. لێمگەڕێ دایکە با ئاوڕبەمەوە سەر ئەو بەشە وزەبەخشە. لەوکاتەوە کە ھەستمپێکردووە کە وەک ھەموو دایکێک، خۆت بەرانبەر بە من بە خاوەن ئەرک و بەرپرس ئەزانیت و، ڕای باوکیشم بەرانبەر بە خۆم بیستووە، بوومەتە مرۆڤێکیکە. باشتر خۆم ناسیوە. کەوتوومەتە بیرکردنەوە و لێکدانەوە. ئەو ھەست و بۆچوونەم لا دروستبووە کە بەڵێ:

”کەسانێک ھەن کە منیان وەک تاکێک بەلاوە گرنگە”، ” کەوابێ ھەم”، کەواتە ھەڵەنیم کە ھەتا ئێستاش وام بیرکردۆتەوە کە قەت من بێ دایک نەبووم و نیشم.”

 

لەوکاتەوە ھەستدەکەم، زۆرم خۆش ئەوێن. تۆش و باوکیشم. ھەدووکتان. بەقەد یەک. نە کەم نە زیا. تازە ئێستا پێموایە تۆزێک تۆم لە باوکم خۆشتر بوێ. ئەزانی بۆچی؟ چونکا ئەو باسە خۆش و دڵبزوێنە تۆ ورووژاندت. بەڵام بەپێچەوانەی جارانی پێشوو، ھاندان و ورووژاندنەکەت زۆر باش بوو. ڕێک، بە دڵی من. پرسیارە بەجێکەی تۆ و وڵامە جوانەکەی بابە، چاوانمی کردەوە. زایەڵەی ئەو وتووێژە کە دەتگوت بەتایبەتی خوا وای ڕێکخستبوو کە من بە گوێیبیستی بم، بوو بە ھەوێنی ئەو ھەستە جوان و شیرین و وزەبەخشانەی کە ڕوانگەی منی بەرانبەر بە خۆم گۆڕی. گۆڕانێکی بەرز و پیرۆز؛ بەرەو خۆبژارکردن و خۆناسینێکی باشتر. بوو بە ھەتوانێک بۆ ساڕێژی برینە ڕۆحیەکانم؛ ئەو زامانەی کە لەمێژبوو پێیانەوە دەتلامەوە. کارتێکەری ئەو گفت و گەپە شیرینەی ئێوە، ھێندەی چاونەترسی و غیرەت و ئازایەتی پێبەخشیم کە بڕیارمدا ئەم سکاڵانامەتان ئاڕاستەکەم. دایە! له‌وانه‌یه له‌ڕوانگه‌ی تۆوه، من قیڕسیچمه‌ و له‌خۆ ڕازی بم. یاکوو شایەت بەکچێکی گێل وگێژ و ته‌وه‌زه‌ل و پڕوپاتاڵم بزانی. به‌ داخه‌وه‌ نازانم بۆچی نه‌متوانیوه‌ خۆمت وەک چۆن ھەم، ئاوا پێبناسێنم. پێموایە بۆخۆت ئەو بوارەت پێنەداوم. زۆرم هه‌وڵ داوه که تۆ له بابه‌ت منه‌وه‌، به‌و شێوه‌ بیر نه‌که‌یته‌وە. ویستوومە وێنای ڕاستەقینەی خۆمت بۆ دیاریبکەم. بەڵام نه‌تهێشتووم و بوارت نەداوە. بۆخۆت باشی دایەگیان؛ گلەیی من تەنھا لە گوێ نەگرتن و شێوەی پەیڤین و کەلامی تۆیە. لەو وشانەت ترساوم کە لەوەتەی فامم کردوتەوە، وەک تیرێکی ژەھراوی مێشک و دڵ و دەروونیان پێکاوم. پێتوانەبێ من وابیر ئەکەمەوە کە چون لەخوێنی تۆ نیم بۆیە وام لەگەڵ ئەکەی. نا نا دڵنیا بە ئەوەندەم ھەستی دایکانە لەتۆ دیوە کە قەت بیرم لەوە نەکردۆتەوە و دڵنیام ئەگەر لەخوێنی خۆشت بوومایە ھەر وا ئەبووی. ئاھا لەگەڵ ”ژیان” یش چۆنی؟ ئەو ژیانە بچکۆلانەی ئێستا لەسەرەتای گەشە و بەخۆدا ھاتندایە. خۆ لەگەڵ ”کارزان”ی براشم ھەروای. ئەو کارزانەی کە تازە خەریکە پێ ئەنێتە پۆلی یەکەمی ناوەندیەوە و ئێستا ساڕێژە لە نییاز بە خەمخۆرێک کە بتوانێ ھەست و دەدەکانی لەلا ھەڵڕێژێت. دایەگیان تۆ ھەست و خواستت شیرین و دایکانەیە؛ تەنھا گیرۆدەی خوو و عادەتە ھەڵە و نەویستەکانی خۆتی و بەس. من تەنیا لە زمان و کاردانەوەی کەلامیت ترساوم.

 

لەبیرتە دایکە؟! ئه‌و ڕۆژه‌ی بۆ نیمەرۆ، له‌ مه‌دره‌سه گەڕابوومەوە‌؟ ئاھا؛ له‌و کاته‌دا سەرقاڵی شۆردنی کەلوپەلی ئاشپەزخانە بووی. هاتمه په‌نات؛ شانەوشانت وەستام؛ بەدەم گاڵتەو گەپەوە ھەنگڵێکم تێکوتای. وتم با یارمه‌تیت به‌م؛ دایه توخوا با من بیانشۆم. خۆ دایکەکان ھەموو خواخوایانە کچەکەیان کە لەمەدرەسە گەڕایەوە دەسگرۆیی بکەن و یارمەتی بەن؛ که‌چی تۆ قه‌ڵس بووی و نەک ئیزنت پێنەدام، بەڵکوو به هه‌شتاوه وه پاڵت پێوه‌نام و بە تەوس و تەشەرەوە گوتت:

(پێویست ناکا! ده‌سگرۆیی تۆم ناوێ! ئێستا که‌ی وه‌ختی کاره؟!)…»

***************

 

لەپڕ لەخوێندنەوە وەستاو سەری داخست و بێدەنگ بوو. چەن پرسیارێک کە لە مێشکمدا گینگڵیان دەدا بەڵام دڵنامەکەی ھێندە جوان نووسیبوو کە دڵم نەدەھات خوێندنەوەکەی پێ بپچڕێنم. ئێستا کە بێدینگ ببوو لێم پرسی:

  • ئەتوانم پرسیارێک بکەم؟
  • فەرموو مامۆستا
  • بۆ مەگەر ئەوەی کە نامەکەت بۆ نووسیوە دایکی خۆت نییە؟
  • چۆن دایکی خۆم نییە قسەی وا مەکە مامۆستا، توخوا وا تێمەگە. ئەو تەنیا دایکی خوێنی من نییەو بەس
  • منیش مەبەستم ئەوەیە. ئەوەم پێ سەیرە و سەرم لەوە سووڕماوە کە چۆن ئەو نامە جوانەت بۆ نووسراوە. ئەو وشەو ڕستەجوانانە تەنیا بەکەسێک ئەنووسرێن کە لەدڵی ھەڵقوڵابن، ئەوەی کە تۆ نووسیوتە تەنیا دایک شایەنی ئەوەی ھەیە کە ئاڕاستەی بکرێ و بەس
  • بۆ مامۆستا یانی من ئەوەندە جوانم نووسیوە؟!
  • ئەرێ کچم، زۆر جوانت نووسیوە، زۆۆۆۆۆر زۆۆۆر، ھێندە جوان کە منیش بمنوسیایە ئاوەھام بۆ دەرنەدەھات.
  • دەی مامۆستا منیش لەدڵم ھەڵقوڵاوە. بەخوا قەت ھەستم بە بێدایکی نەکردوە. ھەمیشە منی خۆشویستوە و منیش بەدڵ خۆشم ویستووە. من تەنھا لە گوێنەگرتن و کەلامەکەی بێزارم.
  • دەی باشە کچم پرسیاێکی کە: ھەتا ئێستا لە مەدرەسە زانیویانە کە دایکی خۆت نییە؟)

(نا مامۆستا نەیانزانیوە. بە پێویستیشم نەزانیوە پێیان بڵێم. بەو ڕفیقانەشم کە زانیویانە، پێم ڕاسپاردوون کە ھیچکەس حەقی نییە ئەو باسە بدرکێنێت. تکایە مامۆستا تۆش باسی مەکە. چون من دایکم ھەیە. من دایکی خۆم ھەیە مامۆستا؛ تێئەگەی ئەڵێم چی مامۆستا

  • ئەرێ کچم تێئەگەم. ئێستا ئەزانم کە بەڕاستی تۆ دایکت ھەیە. دڵنیا بە من باسی ناکەم، چون تێگەیشتم کە دایکی خۆتە.
  • سپاس مامۆستا

ئێستا ئیتر کیژان چاوانی نەئەدزیەوە. ھەموومان گەلێجار پێویستیمان بە مامەخەمەیەکە کە بێت و دانیشێت و گوێ لە قسەو ڕازە نەدرکاوەکانمان بگرێت و سوکناییەکمان پێ ببەخشێت.  ئەویش ئەو ھەلەی بۆ ڕەخسابوو. ھەموو دەردە شاراوەکانی ھەڵڕشتبوو. سوککناییەکی سێحراوی پێوە دیار بوو. ئەو ھەستە نەک بەچاوەکانیا دەرئەکەوت، بەڵکوو بەو وردەبزە شیرینەی کە وەک کۆترێک خەریک بوو بەسەر لێویەوە ئەنیشت، دیاربوو. زۆر ئاسایی ھەنیشکی لەسەر مێزەکە کردبووە کۆڵەکەی چەناگەی. کورتەدەمێک سەری داخست، وەک چاوەڕوانی پرسیاری دوایی من بێت:

 

  • چیبوو کچم؟ نامەکەت تەواو بوو؟!

 

کە سەری ھەڵێنا چاوە گەش و جوانەکانی خووسابوون:

  • نا نا تەواو نەبوە مامۆستا؛ بەڵام ئەڵێم با لەوە زیاتر سەرت نەئێشێنم.
  • گاکەت گورووە و ھەر کلکەکەی ماوە ڕۆڵە. ئەویش تەواو کەو بە نیوە نیوچڵ بەجێی مەھێڵە.

 

سەری ھەڵێنا و بە وردەبزەیەکی ون بەڵام زۆر شیرینەوە وتی:

  • ئاخر…

منیش کە بە دیداری ئەو کۆتری خەندەی کە ئێستا ئیتر خۆی بە ساحەبی مڵکی لێوەکانی ئەزانی و ھێلانەی لەسەر بەستببو، شادببووم و ببوە ھەوێنی سەبر و تاقەتێکی سەیر و نەناسراو، بە بزەیەکی ئاشکراترەوە ھانمدا:

  • ئاخر و ئۆخری پێناوێ. گوێم لەلای تۆیە کچم. پێم خۆشە دوا وشەی ئەم نامە جوانەت، لە زاری خۆت ببیستم و ھەتاکوو ھەمووی نەبیستم لەجێی خۆم ناجمێم. ئەمجار لەپی دەستی بە چاوە جوانەکانیا ھێنا و بە بزەیەکی ئاشکراترەوە وتی:
  • سپاس، مامۆستا گیان:

 

«…ڕاستی دایەگیان بۆ واتکرد؟! بۆ مەگەر من چیم وت؟! ئەی کەی وەختیەتی؟! ھەرچەن زەختم خستە سەر خۆم و کۆڵان بە کۆڵانی ئەو مێشکە پڕ لە پێچ و پەنایەم گەڕام و دامبەیەکا، ئێستا و ئێستاش، لە ھۆکاری ئەو تووشی و ھەڵشاخانەی تۆ تێنەگەیشتم. گەر نافامم و سەرەدەرم نییە، فامم بەرێ و بۆم ڕوونوەکە. مه‌گه‌ر من له‌مه‌و پێش له‌ ماڵه‌وه بووم و یارمه‌تیم نه‌ داوی؟! خۆ تۆ ئەتزانی ھەر ئەوکاتە، له فێرگه گەڕابوومه‌وه ماڵێ؟! دایەگیان، خۆ ھێشتا جل و به‌رگی مه‌دره‌سه‌شم دانەنابوو!

ئه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی ده‌مه‌وبه‌یانیت له‌بیرنیه؟! تازە لە خەو ھەستابووم. کە تماشام کردی، عارەقەی ماندوویی لە سەر و ڕووت دەتکا. منیش زۆرم دڵپێوه بوو یارمه‌تیت به‌م؛ که‌‌چی دیسانه‌وه‌ به لاتاو و ته‌شه‌ره‌وه‌ وڵامت دامه‌وه و ئیزنت پێ نه‌دام!

دایه‌گیان، خوا بۆخۆی ئاگاداره‌ وبۆخۆشت باش ئه‌زانی که دایم، چاکیه‌کانی کچه‌ پووره‌که‌م به چاومدا ده‌کوتیه‌وه‌، یان له‌ چالاکیه‌کانی کچه‌ دراوسێکه‌مان ده‌دوێی! له‌ به‌رگ پۆشینم ئیراد ده‌گری و فرکه‌فرکی دەسڕێژی تیری تانووت و ته‌شه‌ره‌ هه‌میشه‌ییه‌کانت سوکناییان لێتاراندووم و ئۆقرەیان لێ بڕیوم! باوەڕکە دایە، لەوکاتانەدا خواخوامە عەرز بقڵاشێ و بتوێمەوە و بچمە ناو گەرووی زەویەوە. ئەرێ دایەگیان، بەڕاستمە؛ له‌و ده‌مانه‌دا که‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌و هه‌ڵمده‌سه‌نگێنیت، له‌ ناخی دڵه‌وه‌ خوازیارم زه‌وی دەم بکاته‌وه‌ و هه‌ڵلوشرێمە نێو تۆنێلی قوڕگیەوە‌!

 

خۆ من ئه‌زانم هۆی ئه‌و هه‌موو تیز و ته‌شه‌رانه‌ چین. ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌ ده‌تهه‌وێ من له‌ هه‌موان چاکتر بم. له‌ کچه‌پوور و کچه هاوسێ وگشت هاوڕێ هاوته‌مه‌نه‌کانی خۆشم. به‌ڵام دایه‌ خۆزگه‌م به‌جێی ئه‌و گشته‌ سه‌رمه‌شق و وێنه‌گه‌لانه‌، تۆزێکیش خۆمت بدیبایه‌. چکێک سەر خۆم بپەرژایە. لە حاند چاکیه‌کانم چاوت نەنووقاندایە و هه‌ڵه‌کانیشمت پشگوێ نەخستایە‌. من نازانم هه‌ڵه‌ چیه‌! پێم وایه‌ من هه‌ر به‌ هه‌ڵه‌ له‌ دایک بووم! پێم وایه‌ کرده‌وه‌ی من هه‌موو هه‌ڵه‌ن و کرده‌وه‌ی جوان و ڕێک و پێک هه‌ر تایبه‌تی دیترانه‌. حه‌یف ئاگاداری ئه‌وه‌ نی، که‌ چه‌نده‌ پێویستم به‌وه‌یه‌ که‌ هه‌م چاوم لێبکه‌ی و هه‌م بمبینی. که‌ تماشام ئه‌که‌ی و نامبینی، منیش خۆم لێ ون ئه‌بێ و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژیش زۆرتر لەخۆم بزر ئەبم. خۆ ون کردنێک، کە پەلکێشم ئەکات بەرەو جیھانی ھەستە نەناسراوەکان. ئەو دونیایەی کە لە دەر ژوور و ماڵەکەی خۆمان چاوەڕوانی گشت ھاوتەمەنەکانی منە.

ڕۆحە شیرینەکەم دایەگیان، من نا مهه‌وێ تۆ باشترین بی. ئه‌مهه‌وێ تۆ باش بیت و به‌س. دایکێکی زۆر عادەتی و ئاسایی. وه‌ره‌ بۆ کاتێکیش بێ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ‌کە هاوته‌مه‌نی ئێستاکه‌ی من بووی، بیهێنه‌ره‌ به‌ر کامێرای چاوەکانت! بۆچی ئه‌بێ هێنده‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م و ئه‌و لێکم بده‌یت و له‌ نێو دیتران تایبه‌تمه‌ندی و عه‌یبه‌کانم بژمێری؟! پێم سه‌یره‌ تۆ چۆن برینداریشم ئه‌که‌یت و هه‌ست به‌ ئازاریشم ئەکه‌یت، کەچی ھەر خامۆشی؟! ئاخر منیش وه‌ک تۆ مرۆڤێکم! تاکێکم! که‌سایه‌تیه‌کم! نازانی چۆن به‌م کارانه‌ت وردم ده‌که‌یت و هه‌موو هه‌ستی لەخۆڕادیوی و به‌رزه‌ده‌ماخیم پێشێلدەکەیت؟!

 

ئەرێ دایە، تۆ ڕاست دەکەی، من گەورەبووم. کەس نەزانێ تۆ دەزانی، کە ئەم تەمەنەی من، تەمەنی گڕکان و کڕێوەی ھەرزەکارییە. تەوژمی ئەو تۆفان و بۆرانەی کە لە ناو دڵما داگرساوە تەنھا بە تۆ ڕادەگیرێ و مەھار دەکرێ. بەڵێ! ھەرچەن ڕەنگبێ گەیشتبمە ئەو ئاستەی کە بتوانم زۆر جار لە عەقڵ و زانستی خۆم کەڵک وەربگرم، بەڵام ئێستاش وەک کۆرپەلەیەک پێویستم بە باوەشی گەرم و لاوانەوەی سارێژ لە خۆشەویستی تۆیە. ھەربۆیەش زۆرجار خەون بە خەنینەوە و بزەی شیرینی تۆوە دەبینم. چەندم پێخۆشبوو ئەو شەوە کە بۆ یەکەمجار گوێم لێبوو زۆر ئاسایی دەربارەی من دەدوێن، قەت دوایی نەھاتایە. لە سەفەری ئەو شەوەدا، کە یەکێک لە شەوە درێژەکانی زستان بوو، منیش ھاوڕێی ئێوە بوومایە و ئەو دونیا کەم مەودایەی خۆم بە پانتایی ئەو شەوگارە درێژە، نەبڕاوە و ھەرمان و بێکۆتایی بکردایە.»

*****************

نامەکەی کە تەواو بوو، لەناکاو سەری بەرزۆکرد و بە ھەشتاو وتی:

  • مامۆستا پێت باشبوو؟! تۆ بڵێی ئەم دڵنامەم بتوانێ، دەردی من چارەسەرکات؟! تۆ پێتوایە مامۆستا؟! تۆ پێتوایە؟!!

لەپی دەستەکانی کردە لەمپەری دەموچاوی و ھەوایەک سەری دانەواند و ھەنسکەی گریان گرتی. منیش دەستم کردە کۆڵەکەی چەناگەم و لێی گەڕام تا بەدڵ بگری………..

 

غەفوور ساڵحی، ڕێبەندانی ١٣٩۵ ی ھەتاوی

١ – دوورەپەرێزی – انزوا طلبی – seclusiveness

٢ – شەڕاشۆیی، ھەڵشاخان – پرخاشگری – aggressivity

٣ – خاڵی لاوازی و قەوەت – نقاط ضعف و قوت – weak and strength points

۴ – خەمۆکی درێژخایەن- افسردگی مزمن- Chronic Depression

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *