Uncategorized

پەیامی نەورۆزیی ساڵی ۲۷۲٥ی کوردی بنکەی ئاشتی بانە

  • پەیامی نەورۆزیی ساڵی ۲۷۲٥ی کوردی بنکەی ئاشتی بانە
    نەورۆز نەریتێکی کۆنە کە لەلایەن زۆر نەتەوە و گەلی جۆراوجۆرەوە (وەک کورد، فارس، ئەفغان و ئوزبەک و…) بە شێوەگەلی فرەچەشن و ڕەنگاوڕەنگ بەڕێوە دەچێت و پیرۆز دەکرێت. ڕێوڕەسمێک کە ڕەگ و ڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی پێش مێژوو.
    نەورۆز لە کوردەواریدا جەژنێکی تایبەت و پیرۆزە و مێژوویەکی گەلێ دێرینی لە پشتە و لە گشت ناوچەکانی کوردستاندا بەڕێوە دەچێت. یەکێ لە خاڵە ھاوبەشەکان لە نێوان زۆربەی ناوچەکانی کوردەواریدا ئاگر کردنەوەی نەورۆزەو بەزمی گۆرانی و هەڵپەڕکێ.
    بە هاتنی بەهار سروشت خۆی نوێ دەکاتەوە، گەڵای درەخت و گوڵەکان و زەوی ڕەنگاڵە دەبنەوە و سەرلەنوێ دەژێینەوە و دەست بە ژیان دەکەنەوە و وانەی ئومێد بە بەردەوامی ژیان دەخەنە زەین و دڵی مرۆڤەکانەوە. ئەم پێڤاژۆیە ناوی نەورۆزە. کورد دۆستی سروشتە و ژیانەوەی سروشت بە ژیانەوەی خۆی دەزانێت و بە بەڕێوەبردنی ئەم جەژنە پیرۆزە، ئەو واتایە لە زەینی گشتیدا، نوێ و زیندوو دەکاتەوە

هەموو ساڵێک ئێوارەی پێش لە ۱ی خاکەلێوە (٢٠ و ٢١ی ئادار)گەلی کورد لە کوردستان و جیهان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات. ئەمساڵ ئەو ئێوارەی چەژنی نەورۆز دەگیرێت، کەوتۆتە ڕۆژی پێنج شەممە ۳۰، ۱۲ی ۱٤۰۳ی هەتاوی. نەورۆز یان نوێڕۆژ، بۆ ئێمەی کورد، هەم دەسپێکی سەری ساڵی کوردییە و هەم دەستپێکی وەرزی بەهار و ژیانەوەی سروشتە.

ئەمساڵ ئێوارەی پێنج شەممە، لە هەموو گوند و شارەکان، لە کۆڵان و دەشتودەر و باخچە و سەیرانگەکانی کوردستان، مرۆڤی کورد بە جلوبەرگی نەتەوەیی لە دەوری ئاگرێکی گەورە کۆدەبنەوە. مەشخەڵی ئاگر هەڵدەکەن و پێکەوە هەڵدەپەڕن و بە خوڵقاندنی کاتێکی خۆشی هاوبەشی و پێکەوەبوون، جەژنی نەورۆز بەڕێوە دەبەن و پێشوازی لە هاتنی ساڵی نوێ دەکەن.

“ئاگر” و “ڕۆژ”، لە فەرهەنگی کورداندا پیرۆزن. لەبەرئەوە زۆر جار کوردستان بە “وەڵاتی ئاگر و ڕۆژ” ناوی دەهێندرێت. لە پیرۆزباییەکانی نەورۆزدا ئەمە بەڕوونی ڕەنگ دەداتەوە.

خەڵکی کوردستان، ڕۆژانی بەرەپیرەوەچوونی جەژنی نەورۆز، لە گشت شار و گوندەکانی کوردستان، کۆبوونەوەی گەورەی جەماوەری ساز دەکەن. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییانەدا کورد بە جلوبەرگی نەتەوەیی بەشدار دەبن، ئاگر هەڵدەگیرسێنن و بە دەوری ئاگرەکەدا پێکەوە گۆرانی دەڵێن و هەڵپەڕکێ دەگرن، لە هەمان کاتدا پەیامی سیاسی پێشکەش دەکەن و باسی بارودۆخی خۆیان دەکەن، ئیرادەی خۆیان پیشان دەدەن و خواستە نەتەوەییەکانیان دەخەنە ڕوو.

نەورۆز لە لایەن چەند گەلێکی دیکەشەوە پیرۆز دەکرێت. بەڵام نەورۆزی کوردان بە گشتی جیاوازە. هەم شێوازی پیرۆزکردنی هەم ماناکەی جیاوازە. ئێمە نەورۆز بە گرنگترین و گەورەترین جەژن دادەنێین، چونکە ئەم جەژنە پێوەندی بە گۆڕانی سروشتی وەڵاتەکەمان، فەرهەنگی ئێمە، دۆخی سیاسی و پرسی گەلەکەمانەوە هەیە. لەبەرئەوە کورد لە هەموو هەلومەرجێکدا بەشێوەیەکی بەرفرەوان جەژنی نەورۆز پیرۆز دەکات.

کوردستان لەمێژە تینووی ئازادییە. وەڵاتێکی فرەڕەنگ و فرەفەرهەنگە. دەتوانین بڵێین کە جەژنی نەورۆز گوزارشت لەم فرەڕەنگییە دەکات. هەموو ساڵێک ئێمە لە جەژنی نەورۆزدا بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە دێینە لای یەکتری و هیوامان بۆ ئازادی و ڕزگاری لە بندەستی، نوێ دەکەینەوە و هزر و ئەندێشەی یەکێتی و خاوەندارەتیکردن لە ناسنامە و فەرهەنگی خۆمان بەهێزتر دەکەین.

ئەمساڵ، پێشوازی لە نەورۆزی ٢٧٢٥ ی کوردی بەداخەوە هاوکات بوو لەگەڵ کارەساتی دڵتەزێنی “کەڵەکەجار” و کۆچی شەش شاخەوانی چالاک و خۆشناوی شارەکەمان، بانە، کە هەر لێرەوە، جارێکیدی هاوخەمی و پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شاخەوانان و خەلکی شاری بانە و کوردستان دەکەین و لەهەمان کاتیشدا پیروزبایی خومان، بە بۆنەی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ، ئاراستەی هەموو گەلانی جیهان و ناوچەکە و بە تایبەت گەلی کورد لە شار و شارۆچکەکان و گوندکان دەکەین کە ئەمساڵیش وەک ساڵانی پێشوو، بگرە زۆر گەرم و گوڕتر لە ساڵان، هاتنی ساڵی نوێی ٢٧٢٥ یان بەرز ڕاگرت. بەداخەوە کە ئیمە هاوشاریانی بانە بە بوونەی  ڕووداو و کارەساتی “کەڵەکەجار ” نەمانتوانی وەک پێویست پێشوازی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێ بکەین، هەرچەند هەموومان باش دەزانین نەورۆز لێمان زیز نابێت و هیچ خەم و کارەساتێک نەیتوانیوە بەر بە هاتنی ساڵی نوێ بگرێت. ڕەنگە ئێمە خەلکی بانە ئەمسال نەتوانین وەک ساڵان و وەک پێویست، ئاهەنگی شادی بگێڕین، بەلام بە جلوبەرگی نەتەوەیی و کردنەوەی ئاگر و پێکەوە بوون، دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ هاونیشتمانیانی خۆشەویست بۆ بەرز و پیرۆز ڕاگرتن و پتر گەشانەەوەی ئاگری نەورۆز.
هەر دەم بە گڕوتین و پڕشنگدار تر بێت، نەورۆزی کوردەواری.
نەورۆزتان پیرۆز
بنکەی گەشەی فەرهەنگی بانە ئەشتی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا